Erbil 29°C یەکشەممە 22 ئەیلوول 19:43

وەزیری دەرەوەی عێراق و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامدا

کوردستان TV
100%

وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن و وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، سۆفی ویلمێس پتەوترکردنی پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵاتیان تاوتوێ کرد.

وەزارەتی دەرەوەی عێراق لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە فوئاد حوسێن و سۆفی ویلمێس پەیوەندییەکی تەلەفۆنییان ئەنجامداوە و لە میانیدا پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان عێراق و بەلجیکا-یان تاوتوێکردووە.

بەپێی راگەیەنراوەکە فوئاد حوسێن سوپاسی پاڵپشتییەکانی حکوومەتی بەلجیکای بۆ عێراق لە شەڕی دژبە داعش کردووە و داوایکردووە کە گرنگە پاڵپشتییەکان بەردەوامبن تا ئەو کاتەی بە یەکجاری بیری توندئاژۆیی ریشەکێش دەکرێت.

باس لەوەشکراوە کە وەزیری دەرەوەی عێراق، فوئاد حوسێن جەختیکردووەتە لەسەر گرنگی یەکخستنی ھەوڵە نێودەوڵەتییەکان بە ئامانجی دۆزینەوەی چارەسەرێکی سیاسی بۆ قەیرانی سووریا و رایگەیاندووە کە ئاسایشی و سەقامگیری سووریا، راستەوخۆ کاریگەریی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری عێراق ھەیە، ھەروەھا داواشی کردووە کە رەوشی مرۆیی خێزانەکانی نیشتەجێی کەمپی ھۆل لە سووریا چارەسەر بکرێت و رێگەیش بە رێکخراوی تیرۆریستیی داعش نەدرێت، بیری توندئاژۆیی لەناو کەمپی ئاوارەکان بڵاوبکاتەوە.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەیش خراوەتەڕوو کە فوئاد حوسێن ئاشکرایکردووە کە عێراق داوای لە ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی کردووە پاڵپشتی لە ھەڵبژاردنی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بکات و ژمارەیەک چاودێر بۆ چاودێریکردنی پرۆسەکە رەوانەی عێراق بکات.

ئاماژە بەوەیشدراوە کە وەزیری دەرەوەی بەلجیکا، سۆفی ویلمێس لە میانی پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا رایگەیاندووە، وڵاتەکەی پاڵپشتیی لە عێراق دەکات لە شەڕی دژبە تیرۆر و گوتی:"حکوومەتی بەلجیکا بڕیاری ناردنی نێردەیەکی نوێی بۆ عێراق داوە، ئەوەیش بە ئامانجی دیاریکردنی چارەنووسی خێزان و مندالانی داعش".

بەپێی راگەیەنراوەکە سۆفی ویلمێس بانگھێشتنامەیەکی ئاراستەی فوئاد حوسێن کردووە بۆ ئەوەی لە داھاتوویەکی نزیکدا، سەردانی بەلجیکا بکات.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.