ئەمڕۆ یەکشەممە ٢٠٢١/٥/٢ شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە نوێنەرایەتیی نێچیرڤان بارزانی، فەرماندەی گشتیی هێزی پێشمەرگەی کوردستان، سەردانی سەنگەرەکانی میحوەری ڕۆژئاوای کەرکووک و گوندی قایەباشی لە سنووری شارۆچکەی پردێی کرد دوای ئەوەی دوێنێ لەوێ تیرۆرستانی داعش هێرشیان کردە سەر بنکەیەکی پێشمەرگە و پاش بەرگرییەکی ئازایانە و تێکشکاندنی هێرشە تیرۆریستییەکە، سێ پێشمەرگە شەهید و ژمارەیەکی دیکەش بریندار بوون.
جێگری سەرۆک دووپاتی کردەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان چەندین جار بە حکوومەتی عێراقی فیدراڵ و هاوپەیمانانی ڕاگەیاندووە کە داعش مەترسییە و هەمیشە لە هەوڵی خۆڕێکخستنەوە و تێکدانی ئارامیی ناوچەکەدان، بەتایبەت لە ناوچەکانی مادەی (١٤٠) کە بۆشایییەکی ئەمنیی زۆری تێدا هەیە و هەماهەنگییەکی تەواو سەربازیش لەنێوان سوپای عێراق و هێزەکانی پێشمەرگەدا بۆ پاراستن و دابینکردنی سەقامگیریی زیاتر لە ناوچەکە نییە.
جێگری سهرۆک جەختی کردەوە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان کاری خێراتر دەکات بۆ درووستبوونی هێزێکی هاوبەش لەنێوان سوپای عێراق و پێشمەرگە بۆ ڕووبەڕووبوونەوە و پاراستنی ئەو ناوچانە لە داعش، چونکە بەردەوامبوونیان مەترسییە بۆ سەر ئاسایشی عێراق، هەرێمی کوردستان و جیهان بەگشتی.
دوای گەڕانەوەی لە میحوەرەکانی هێزی پێشمەرگە، جێگری سەرۆک سەردانی ماڵی شەهیدان و بریندارانی ئەو هێرشە تیرۆریستیەی کرد و سەرەخۆشی و هاوخەمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی گەیاندە خانەوادەی سەربەرزیان و هیوای زوو چاکبوونەوەی بۆ برینداران خواست.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.