Erbil 7°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 22:38

سه‌رۆکایه‌تی په‌رله‌مانى کوردستان بەتوندی ئیدانەی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزى پێشمەرگە دەکات

کوردستان TV
100%


 له‌راگه‌یاندراوێكدا، سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان به‌توندی ئیدانه‌ی په‌لاماردانی سه‌نگه‌ره‌كانی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كات و رایده‌گه‌ێنێت:
شەوی رابردوو جارێکی دیکە تاریکپەرستانی داعش لەمیحوەری پردێ هێرشیان کردە سەر هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەداخێکی زۆرەوە ژمارەیەک پێشمەرگە شەهیدو برینداربوون و ‌هێزی پێشمەرگەی کوردستانیش وەک هەمیشە ئازایەتی و قوربانیدانی خۆی دووپاتکردەوە بۆ پاراستنی خەڵک و خاکی کوردستان لەهەر جۆرە دەستدرێژی و هێرشێک.
سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات:  دووبارەبوونەوەی ئەوجۆرە هێرشانە، سه‌لمێنه‌رى ئەو راستییەیە کەهەرچی زووترە هەولێرو بەغدا لەسەر ئیدارەدانی ناوچە کوردستانییەکان رێکبکەون و چارەنووسی ئه‌و ناوچانه‌ بەپێێ ماددەی 140ی دەستوور یەکلایی بکرێتەوە، هەروەک پێویستیی مانەوەی هێزی هاوپەیمانان له‌هەرێمی کوردستان و عێراق و هاوکاریکردن و راهێنانی هێزی پێشمەرگە دووپات بووەوە بۆ کۆتاییهێنانی یەکجارەکی بەهەڕەشەی تیرۆریستان و رێگەگرتن لەسەرهەڵدانەوەی رێکخراوی تیرۆریستیی داعش و هاوبیرەکانیان کەهەمیشە هەڕەشەن بۆ هەرێمی کوردستان و عێراق و هەموو جیهان.
هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌یه‌نن: به‌ناوى په‌رله‌مانى كوردستانه‌وه‌ به‌توندی ئیدانه‌ی پەلاماردانی سەنگەرەکانی هێزی پێشمەرگەى کوردستان لەلایەن دەستە چەپەڵەکانی داعشەوە له‌پردێ دەکەین و پرسەو سەرەخۆشیی خۆمان ئاراستەى کەسوکارى ئەو شەهیدانەمان دەکەین کەخۆیان کردە قوربانیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان و هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازین.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.