Erbil 13°C یەکشەممە 19 کانوونی دووەم 11:56

لقی یازده‌ی پارتی : بەڵێن بە جەماوەری پشدەر دەدەین ئاوڕی زیاتر لەم دەڤەرە بدرێتەوە

کوردستان TV
100%

لقی 11ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یادی كارەسات و راپەڕینی 24/4/1974 و 24/4/1982 پەیامێكی بڵاو كردەوە و رایده‌گه‌یه‌نن: به‌ڵێن به‌جه‌ماوه‌ری پشده‌ر ده‌ده‌ین ئاوڕی زیاتر له‌م ده‌ڤه‌ره‌ بدرێته‌وه‌.


ده‌قی پەیامی لقی یازده‌ی پارتی دیموكراتی كوردستان لە یادی كارەسات و راپەڕینی ( 24/4/1974 و 24/4/1982) دا  

- جەماوەری كوردپەروەر و شۆڕشگێڕِی كوردستان.

- پشدەری مەكۆی كوردایەتی.

- بنەماڵە و كەسوكاری سەربەرزی شەهیدان.

(47) ساڵ لەمەوبەر و لە رێکەوتی( 24/4/1974 ) رژێمی بەعسی فاشی بە چەكی ناپاڵمی قەدەغەكراوی نێودەوڵەتی شاری قەڵادزێ و زانكۆ تاقانەكەی كوردستانی خەڵتانی خوێن كرد، لە ئەنجامی بۆمبارانی فڕۆكە مەرگهێنەكانی رژێم (163) هاووڵاتی شەهید بوون كە لەناویاندا (20)یان قوتابی زانكۆ بوون، هەروەها بووە هۆی برینداربوونی زیاتر لە (200) هاووڵاتی و بە دەیان خانوو و دووكانیش لەگەڵ زەوی تەخت بوون.

كارەساتەكە هێندە گەورە بوو، بووە جێگای بایەخی ڕاگەیاندن و ڕۆژنامە بەناوبانگەكانی جیهان، وە لەلایەن سەرۆك و باوكی رووحیی نەتەوەییمان (بارزانـیـی نەمــر) ئەم ڕۆژە بە ڕۆژی  ( ماتەمینی گەلی كوردستان ) ناوزەدكرا.

لە ساڵی (1982)  یادی كارەساتی قەڵادزێ، بووە خۆپیشاندانێكی جەماوەریی بەرفراوان كە تیایدا چەندان شەهید و برینداری لێكەوتەوە و، دەیان گەنج و هاووڵاتی و كەسایەتیی شارەكە لەلایەن دامودەزگاكانی بەعسەوە گیران و زیندانی كران، دواتر ئەم خۆپیشاندانە، پەڕییەوە بۆ شار و شارۆچكەكانی تری كوردستان.

بە شانازییەوە رێكخستنەكان و جەماوەری پارتیمان رۆڵی كارا و بەرچاویان هەبوو لە سازدانی جەماوەری شارەكان بۆ خۆپیشاندان و، پێشەنگی خۆپیشاندەران بوون.

لەدوای راپەڕینیش ساڵانە ئەم یادە بەرز و پیرۆز راگیراوە، لە پەرلەمانی كوردستان پرۆژەیەك لەلایەن فراكسیۆنی پارتیمانەوە گەڵاڵەكرا و، دواتر درایە سەرۆكایەتیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی حكوومەت دا ڕۆژی یەكشەممە ڕێكەوتی (10/2/2013) بڕیاردرا (24/4) بكرێتە ڕۆژی (شەهیدانی زانكۆ).

لە چل و حەوتەمین ساڵیادی كارەساتی خوێناویی (24/4/1974) و (39) ساڵەی خۆپیشاندانە جەماوەرییەكانی (24/4/1982) بەڵێن بە جەماوەری کوردپەروەر و ستەمدیدەی پشدەر دەدەین، کە هەموو هەوڵێک لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان دەدەین، بۆ ئەوەی لە ڕووی خزمەتگوزاری و ئاوەدانکردنەوەوە، ئاوڕی زیاتر لەم دەڤەرەی لانەی شۆڕش و کوردایەتییە بدرێتەوە. 

بە تایبەتی کار دەکەین بۆ :-

• تەواوكردنی دوو سایدی نێوان ڕانیە و قەڵادزێ.

• درووستکردنی هەندێ پڕۆژەی بچووک و دۆزینەوەی هەلی کار بۆ گەنجان و دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان.

• خزمەتكردنی زیاتری شارەكە و دەڤەرەكە لە بوارە جیاجیاكانی ( زانستی، رۆشنبیری، هونەری، كولتووری، بازرگانی، فەرهەنگی و ... هتد ).

• لە چوارچێوەی ماددەیەك بەناوی جینۆساید و ئەنفالی كوردستان، (24/4/1974) بكرێتە ماددەیەكی خوێندن و لە قوتابخانەكاندا بخوێندرێت.

- هەزاران سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی (24/4/1974) و (24/4/1982) و تەواوی شەهیدانی رێگای رزگاری و، سەرقافڵە و سەروەری شەهیدان (بارزانیی نەمر و كاكە ئیدریسی هەمیشە لەیاد).

 

                                                                                                                                      پارتی دیموکراتی کوردستان

                                                                                                                                    لقی 11

                                                                                                                                   24/4/2021


 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.