دوێنێ 22ی4ی2021 د. عبدالله مەلا وەیسی سەرۆکی یەکێتی زانایان وەک وەفایەک بۆ رۆحی باوکی رەحمەتی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا سەعید گرتکی و خزمەتێک بۆ زانایانی سۆران و نووسەرو خوێنەرو توێژەران کتێبخانەیەکی لەهۆڵی بارەگای لقی سۆرانی یەکێتی زانایان لەسەر ئەرکی بنەماڵەکەیان کردەوە.
له مەراسیمەکەدا بە ئامادەبوونی هەر یەک لە بەرپرسی لقی سۆران و مەلا وەیسی سەعید ئەندامی پەرلەمانی كوردستان و دکتۆر پشتیوان سرێشمەی بەرێوەبەری ئەوقافی سۆران و ژمارەیەك لەمامۆستایانی ئایینی و رۆشنبیرانی سۆران، کتێبخانەیەک لهم شاره كرایهوه.
لە وتەیەکدا سەرۆکی یەکێتی زانایان وێرای پیرۆزباییان بەبۆنەی ڕۆژی ڕۆژنامەگەریی کوردی و تێپەڕبوونی 123 ساڵ بە سەر دەرچوونی یەكەمین ژمارەی رۆژنامەی كوردستان، رایگەیاند: خۆشحاڵین ئەمرۆ لە سۆران کتێبخانەیەک بەناوی خوالێخۆشبوو مامۆستا مەلا سەعید گرتکی دەکەینەوە، کە ماوەی پتر لە چوار ساڵ بەپرسی لقی سۆران بووەو خزمەتی زۆری بواری زانست و رەوشی ئایینی و بزاڤی رۆشنبیری شارەکەی کردووە.
هەروەها گوتیشی: کردنەوەی کتێبخانەی لەو شێوە خزمەتێکە بۆ خوێنەران و بایەخدان بە رێرەوی دروستی زانستی و رۆشنبیری، کە لەو رێگەیەوە دەتوانین خزمەتی بواری ئایینی و نەتەوەیی بکەین و زاڵ بین بەسەر بیری توندڕەوی لە کوردستان.
لەبەشێکی تری قسەکانی گوتیشی: لەو کتێبخانەیە بەشێکی کتێبەکانی کتێبخانەی بنەماڵەکەمان کە میراتی زانستی باب و باپیرانە پێشکەش بەو کتێبخانەیە کراوەو بەشێکی تریشی بەهاوکاری هەندێ دەزگاو کەسایەتی دابین کراون و لەرووی ئایینی و مێژووی و هزری و زانستی و رۆشنبیری گشتی و فەلسەفەو زمان و ئەدەب و شیعرو بیری نەتەوەیی پتر لە دوو هەزار ناونیشان لەخۆ دەگرێت.
سەرۆکی زانایان هیوای خواست ئەم هەنگاوە ببێتە سەرەتاییەکی گرنگ بۆ دەڤەری سۆران، کە خوێنەرو توێژەرو نووسەران بتوانن سوودی لێ ببینن و ببێتە سەرچاوەیەکی دیارو گرنگی زانیاری لەهەموو بوارێکەوە.
ئا- كامران
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.