Erbil 15°C شەممە 18 کانوونی دووەم 15:32

یادی 123 ساڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ری کوردی

کوردستان TV
100%

ئه‌مرۆ پێنجشه‌مه‌ 22 نیسان 123 ساڵ به‌ سه‌ر چاپی یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی كوردی به‌ ناوی رۆژنامه‌ی كوردستان تێپه‌ڕ ده‌بێت و هه‌ر به‌و بۆنه‌وه‌ هه‌موو ساڵێك ئه‌و یاده‌ به‌رز ڕاده‌گیرێت و به‌ رۆژی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی ناسراوه‌.

رۆژنامه‌ی نۆبه‌ره‌ (كوردستان) له‌ ئاواره‌ییدا له‌لایه‌ن جووته‌ برا میقداد به‌درخان‌ و عه‌بدولڕه‌حمان به‌درخان له‌ چاپخانه‌ی دار ئه‌لهلال له‌ قاهیره‌ به‌ یارمه‌تی نووسه‌ری ناوداری عه‌ره‌ب جۆرجی زێدان چاپكراو بووه‌ سه‌رقافڵه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌كوردستاندا ،له‌ ماوه‌ی پێنج ساڵ دا و له‌ پێنج شوێنی جیاواز 31 ژماره‌ی چاپ و بڵاو كرایه‌وه‌ و دواتر به‌ هۆی خراپی باری ئابووری چاپی ئه‌و رۆژنامه‌ ڕاگیرا و نه‌یانتوانی درێژه‌ به‌ چاپ و بڵاوبوونه‌وه‌ی بده‌ن و ته‌نیا ئه‌و 31 ژماره‌ی لێ بڵاو كرایه‌وه‌.

رۆژنامه‌ی كوردستان وه‌كوو یه‌كه‌م رۆژنامه‌ی تاكه‌كه‌سی و له‌ ده‌ره‌وه‌ی كوردستان به‌ ناوه‌خنێكی ئه‌ده‌بی و رۆشنبیری جوان كۆمه‌ڵێك تایبه‌تمه‌ندی جیاوازی بووه‌ و هه‌ر ئه‌وه‌ بووه‌ به‌ هۆی ئه‌وه‌ی كه‌ ناوی رۆژنامه‌گه‌ری كوردی و ناوی برایانی به‌درخان پایه‌دار بمێنێته‌وه‌ و ناویان له‌ مێژووی كورد بۆ هه‌میشه‌ به‌رز و به‌ڕێز بمێنێته‌وه‌.

وه‌كوو به‌شی ئه‌ده‌بی رۆژنامه‌ی كوردستان شیعره‌كانی حاجی قادری كۆیی زۆر كاریگه‌ریان به‌ سه‌ر میده‌حه‌ت به‌درخان بووه‌ و بوونه‌ته‌ هه‌وێن و ناوئاخنی به‌شه‌ ئه‌ده‌بیه‌كانی رۆژنامه‌ی كوردستان، له‌ گه‌ڵ ئه‌وه‌ش زیاتری ئه‌و شیعرانه‌ ده‌قی نه‌ته‌وه‌یی بوون و هه‌ر بۆیه‌ش كاریگه‌ریان بووه‌ له‌ سه‌ر بیر و زه‌ینی میدحه‌ت به‌درخان.

میدحه‌ت به‌درخان له‌ به‌ر باری ئه‌منی و نه‌بوونی ده‌سه‌ڵات له‌و كاته‌ دا به‌ناچاری رووی كرده‌ شاری قاهیره‌ پایته‌ختی وڵاتی میسر بۆ چاپ و بڵاوكردنه‌وه‌ی رۆژنامه‌ی كوردستان، به‌ڵام له‌ویش كۆمه‌ڵێك ئاسته‌نگ وه‌كوو گوشاری ده‌وڵه‌تی عوسمانی هاته‌ سه‌ر ڕیگای بۆیه‌ نه‌یتوانی هه‌موو ژماره‌كان له‌و وڵاته‌ چاپ و بلاو بكاته‌وه‌ و به‌ ناچاری رووی كرده‌ ئه‌وروپا و ژماره‌كانی دیكه‌ی له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا وه‌كوو به‌ریتانیا چاپ و بڵاوكرده‌وه‌.

ئا- كامران

 

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.