Erbil 15°C شەممە 18 کانوونی دووەم 15:32

سەندیکای رۆژنامەنووسان داوا ده‌کات پرۆژه‌ی دروستکردنی گوندی میدیاکاران بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە

کوردستان TV
100%

لە یادی 123ساڵەی رۆژنامەگەری کوردیدا، سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: حكومه‌ت رێو شوێنی پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ ئاماده‌كردنی پێداویستییه‌كانی ئه‌كتیڤ كردنی یاسای به‌ده‌ستهێنانی زانیاری، هاوکات پرۆژه‌ی دروستكردنی گوندی هاوچه‌رخی میدیاكاران له‌ هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.


 راشیده‌گه‌یه‌نن: داواكارین لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان، كه‌ به‌شێكی فه‌رمی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانه، هه‌رشه‌ش مانگ جارێك و ساڵانه‌ش راپۆرتی كۆتایی ساڵ به‌زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بڵاوده‌كاته‌وه‌، سه‌ندیكا داوا ده‌كات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌یه‌كی به‌ دواداچوون پێكبهێنێت، ئه‌نجامی راپۆرته‌كان له‌ پرێس كۆنفراسێكدا بخرێته‌ روو.

 له‌به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یاندراوه‌كه‌ی سه‌ندیكادا هاتووه‌: له‌رووی پیشه‌ییه‌وه‌ میدیاكاران ئیلتیزام به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌ره‌فی كاری رۆژنامه‌نووسیه‌وه‌ بكه‌ن له‌رووی ئیتیك و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێمی كوردستان، داواش له‌ ناوه‌نده‌كانی میدیا ده‌كات، برگه‌ی(حه‌وته‌م)ی مادده‌ی (حه‌وته‌م)ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی به‌ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان جێ به‌جێ بكه‌ن، هه‌روا داواده‌كات ماڵپه‌ره‌كانی هه‌واڵ و زانیاری پێگه‌كانیان له‌ سه‌ندیكا تۆمار بكه‌ن.


دەقی راگه‌یاندراو:22ی نیسان 2021
123 ساڵیادی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی
23 ساڵیادی دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان پیرۆزبێت
(22)ی نیسان كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ ده‌رچوونی یه‌كه‌مین ژماره‌ی رۆژنامه‌ی(كوردستان) رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی و ئه‌مساڵیش 123 ساڵ به‌سه‌ر ئه‌و رۆژه‌ پڕ شكۆیه‌ و (23) ساڵ به‌سه‌ر دامه‌زراندنی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان تێده‌په‌رێت" كه‌ هه‌ردوو بۆنه‌كه‌ له‌ خزمه‌ت پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئازادی كاری میدیا و به‌دیهێنان و گه‌ره‌نتی كردنی ژیان و گوزه‌رانی باشتر بۆ هاوپیشه‌كانمان، واتاو گرنگی خۆی هه‌یه، ئه‌م یادكردنه‌وه‌ به‌خۆشحاڵیه‌وه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ پرۆژه‌ یاسای به‌ فه‌رمی ناساندنی رۆژی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی له‌ په‌رله‌مانی كوردستان.
ئه‌م دوو یاده‌، یه‌كه‌مین به‌ردی بناغه‌ی پیشه‌ی رۆژنامه‌گه‌ریی و دامه‌زراندنی یه‌كه‌مین ئۆرگانی سه‌ندیكای پیشه‌یی له‌ مێژووی گه‌لی كوردستاندا ئیلهام به‌خشه‌ بۆ زیاتر به‌رقه‌راربوونی دیموكراسی و باشتركردنی ژیان و گوزه‌رانی رۆژنامه‌نووسان، خوازیارین چیتر رۆژنامه‌نووسان نه‌گیرێن و پێشێلكاری به‌رامبه‌ریان بوه‌ستێت و یاسای ژماره‌ 35ی ساڵی 2007 وه‌كو خۆی جێبه‌جێ بكرێت.
ئه‌مساڵیش كه‌ ئه‌م یاده‌ به‌رز راده‌گرین، بۆ دووه‌مین ساڵه‌ جیهان و كوردستان هێشتا به‌ده‌ست ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ ده‌ناڵێنن و جێی خۆیه‌تی لێره‌دا پڕبه‌دڵ سوپاسی هه‌موو ئه‌و كه‌ناڵ و میدیاكارانه‌ بكه‌ین، وه‌كو خه‌مخۆری هاوڵاتیان له‌ خزمه‌ت به‌رژه‌وه‌ندی گشتی و هاوكاری كه‌رتی ته‌ندروستی و هێزه‌كانی ناوخۆ بوون، خوازیاری تێپه‌راندنی ئه‌و بارودۆخه‌و سه‌لامه‌تی گشت لایه‌ك به‌تایبه‌ت رۆژنامه‌نووسانین، رێز له‌ خه‌باتی پیشه‌یی و نیشتمانیان ده‌گرین، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان، هیواخوازه‌و جه‌خت ده‌كاته‌وه‌ كه‌ ئه‌مساڵیش گه‌ر ره‌وشی كۆرۆنا به‌ سه‌لامه‌تی تێپه‌رێت، كۆنگره‌ی ئاسایی خۆی ببه‌ستێ و تا هه‌موو رۆژنامه‌نووسان به‌ تایبه‌ت ئه‌وانه‌ی له‌ كۆنگره‌ی رابردوو به‌ هۆی بۆچوونی سیاسیانه‌‌وه‌ به‌شداری كۆنگره‌یان نه‌كرد، به‌شداربن تاوه‌كو سه‌ندیكا به‌هێزتر بكه‌ن.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا ده‌ستخۆشی له‌ خۆڕاگری ستافی لق و نووسینگه‌ و لیژنه‌كانی داكۆكی و وه‌رزشی و خانمان و ئۆفیسی سه‌لامه‌تی پیشه‌یی ده‌كات" وێرای ئاسته‌نگ و گرفتی زۆر به‌ڵام له‌ ئه‌رك و كاره‌كانیان به‌رده‌وام بوون.
له‌رووی پیشه‌ییه‌وه‌، سه‌ندیكا داوا له‌ میدیاكاران ده‌كات، ئیلتیزام به‌ به‌ڵێننامه‌ی شه‌ره‌فی كاری رۆژنامه‌نووسیه‌وه‌ بكه‌ن له‌رووی ئیتیك و پاراستنی به‌رژه‌وه‌ندی باڵای هه‌رێمی كوردستان، داواش له‌ ناوه‌نده‌كانی میدیا ده‌كات، برگه‌ی(حه‌وته‌م)ی مادده‌ی (حه‌وته‌م)ی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی به‌ ئه‌نجامدانی گرێبه‌ست له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نووسان جێ به‌جێ بكه‌ن، هه‌روا داواده‌كات ماڵپه‌ره‌كانی هه‌واڵ و زانیاری پێگه‌كانیان له‌ سه‌ندیكا تۆمار بكه‌ن، تۆمار نه‌كردنیان به‌ڵگه‌ی نا شه‌فافی و نا سه‌ربه‌خۆیی ئه‌و پێگه‌ ئه‌لیكترۆنیانه‌ ده‌سه‌لمێنێ، كه‌ تائێستا خۆیان تۆمار نه‌كردووه‌.
هه‌روا ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا سه‌رنجی داوه‌، زۆر جار له‌ ئاگابوون یان بێ ئاگایی بێ پاساوێكی پیشه‌یی، سیفه‌تی رۆژنامه‌نووسی  به‌ خه‌ڵكانێكه‌وه‌ ده‌لكێنرێ، كه‌ رۆژنامه‌نووس نین، كه‌ ئه‌مه‌یان به‌ هیچ كڵۆجێك خزمه‌تی ئاینده‌ی دیموكراسی و پرۆسه‌ی ئازادی میدیا و به‌رژه‌وه‌ندی هه‌رێمی كوردستان ناكات و جه‌خت ده‌كه‌ینه‌وه‌ رۆژنامه‌نووسی پیشه‌یی، له‌ هه‌موو دونیادا به‌پێی پێوه‌ره‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كان و ده‌قه‌ یاساییه‌كان دیار و ئاشكران كه‌ كێ رۆژنامه‌نووسه‌.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان، به‌ ئاماژه‌ كردن به‌ دیداری نێوان به‌رێز سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا له‌ رێكه‌وتی  1/3/2021 جه‌خت له‌سه‌ر ده‌قی یاداشتنامه‌ی خۆی ده‌كاته‌وه‌ و داواكارین:.
* لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسان، كه‌ به‌شێكی فه‌رمی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانه، هه‌رشه‌ش مانگ جارێك و ساڵانه‌ش راپۆرتی كۆتایی ساڵ به‌زمانه‌كانی كوردی و عه‌ره‌بی و ئینگلیزی بڵاوده‌كاته‌وه‌، سه‌ندیكا داوا ده‌كات، حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لیژنه‌یه‌كی به‌ دواداچوون پێكبهێنێت، ئه‌نجامی راپۆرته‌كان له‌ پرێس كۆنفراسێكدا بخرێته‌ روو.
* حكومه‌ت رێو شوێنی پێویست بگرێته‌ به‌ر بۆ ئاماده‌كردنی پێداویستییه‌كانی ئه‌كتیڤ كردنی یاسای ژماره‌ 11ی ساڵی 2013 به‌ده‌ستهێنانی زانیاری.
* حكومه‌تی هه‌رێم لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت له‌ ستافی حكومه‌ت، له‌گه‌ڵ پسپۆرانی میدیا و سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان پێكبهێنێ، تابتوانرێ ئه‌و بۆچوون و رێوشوێنانه‌ی سه‌ندیكا پێشنیاری كردون، بكرێنه‌ پرۆژه‌ی گه‌ڵاڵه‌ كراو به‌ تایبه‌ت له‌ ریفورمكردنی یاسای ژماره‌ 13 ساڵی 2001 خانه‌نشینی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، هاریكاربێت له‌ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی خانه‌نشینی رۆژنامه‌نووسان وه‌كو باقی توێژو پیشه‌كانی تر.
* پێداچوونه‌وه‌ بكرێت به‌ بریارو رێنوێنیه‌كانی وه‌زاره‌تی دارایی سه‌باره‌ت به‌ سه‌رمووچه‌و به‌رزكردنه‌وه‌و خانه‌نشینی خزمه‌تی رۆژنامه‌نووسی ، كه‌ له‌ برگه‌ی 2ی مادده‌ی 19ی یاسای سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستاندا جێگیر كراوه‌.
* ته‌واوكردنی باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا و پرۆژه‌ی زاری كرمانجی له‌ رواندز، كه‌ چوارساڵه‌ به‌ردی بناغه‌یان بۆ دانراوه‌.
* پرۆژه‌ی دروستكردنی گوندی هاوچه‌رخی میدیاكاران، كه‌ پێشتر ئاراسته‌ی كابینه‌ی رابردوو كراوه‌، به‌ هاریكاری كه‌رتی تایبه‌ت له‌ هه‌موو پارێزگاكانی هه‌رێم.
* ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، وه‌كو تاقه‌ لایه‌نی فه‌رمی میدیا به‌ حوكمی قانون، داوا له‌ په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات، هاریكاری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان بكات :-
* كار به‌ پرۆژه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا بكات، كه‌ له‌ دیداری نێوده‌وڵه‌تی هه‌ولێردا ئاماده‌كراوه‌، بۆ رێكخستنی رۆژنامه‌گه‌ریی ئه‌لیكترۆنی و سوسیال میدیا، 
*پێكهێنانی ئه‌نجوومه‌نی نیشتمانی میدیا
* ریفۆرمكردنی یاسای رۆژنامه‌گه‌ریی و یاسای خانه‌نشینی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا، به‌ پشت به‌ستن به‌ به‌ڵگه‌نامه‌ی لێكتێگێشتنی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و سه‌ندیكا به‌ ئاماژه‌ كردن بۆ كۆنگره‌ی هاوبه‌شی ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری عێراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ به‌ده‌سپێشخه‌ری سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی له‌ ساڵی 2012 گرێدرا، داواده‌كات بریار بدرێت به‌ دروستكردنی دادگایه‌كی(تایبه‌ت) به‌ رۆژنامه‌نووسان یان(تایبه‌تمه‌ند)كردنی دادگایه‌ك له‌ سنوری دادگاكانی پێداچوونه‌وه‌.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، وه‌كو ئه‌ندامی فیدراسیۆنی نێوده‌وڵه‌تی رۆژنامه‌نووسان(IFJ) سه‌رنجی داوه‌، ناوه‌ ناوه‌ راپۆرتی جیاواز له‌ نێوه‌ندی جیاوازی نێوده‌وڵه‌تیه‌وه، له‌سه‌ر ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ری هه‌رێمی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه‌ سه‌ندیكا پێی وایه‌، هه‌ر راپۆرتێك له‌سه‌ر ره‌وشی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ هه‌رێمی كوردستان بێ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسان و لیژنه‌ی داكۆكی له‌ رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، وردو واقیعی نابێت ره‌هه‌نده‌كانی ئازادی بیرو را و ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی له‌ جوغری راسته‌قینه‌ی خۆی ده‌رناخات، 
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكا له‌سه‌ر ئاستی كوردستان مكوره‌ له‌سه‌ر ته‌واوكردنی پرۆژه‌ی دروستكردنی فیدراسیۆنی رۆژنامه‌نووسانی كوردستان تا هاوكار و پشتیوانی ئیراده‌ی دیموكراتیزه‌ بوونی ژیانی سیاسی و ئاشته‌وایی كۆمه‌ڵایه‌تی بێت، وه‌ك به‌شداری سه‌ندیكا له‌ ئه‌ركی نیشتمانی خۆی له‌سه‌رتاسه‌ری كوردستاندا.
ئه‌نجوومه‌نی سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان، وێرای پیرۆزبایی گه‌رمی خۆی له‌سه‌رجه‌م رۆژنامه‌نووس و میدیاكارانی كوردستان، جه‌خت له‌به‌رده‌وامی هه‌وڵ و كۆششه‌كانی خۆی له‌ پێناو به‌هێزتركردنی پایه‌كانی دیموكراسی و به‌رفراونكردنی پانتایی ئازادی رۆژنامه‌گه‌ریی و ئازادی بیرورا ده‌كاته‌وه‌.
سڵاو رێزی خۆشی ده‌نێرێ بۆ رۆژنامه‌نووسانی پێشره‌وی رۆژنامه‌گه‌ریی كوردی.
ئه‌نجوومه‌نی
سه‌ندیكای رۆژنامه‌نووسانی كوردستان
22ی نیسانی 2021

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.