Erbil 15°C شەممە 18 کانوونی دووەم 15:15

به‌ریتانیا سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا، به‌رزده‌نرخێنێت

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان و باڵیۆزی به‌ریتانیا كۆبوونه‌وه‌
کوردستان TV
#7
100%

له‌ دیدارێكی سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان و باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی عێراق تاوتوێ كران.

ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21/4/2021 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازى له‌ به‌ڕێز ستیڤن هیكى، باڵیۆزى به‌ریتانیا له‌ عێراق و شاندێكى دیپلۆماسى و سه‌ربازیى یاوه‌رى كرد.

له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌‌كدا سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ی داعش و مه‌ترسییه‌كانی بۆ سه‌ر سه‌قامگیریی عێراق تاوتوێ كران. نێچیرڤان بارزانی ستایشی ڕۆڵی هاوپه‌یمانیى نێوده‌و‌ڵه‌تى له‌ پشتیوانیكردنی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌ شه‌ڕی دژى تیرۆردا كرد، هه‌روه‌ها جه‌ختى له‌ گرنگیی دڵنیابوون له‌ بنه‌بڕكردنى یه‌كجاره‌كیى داعش و پێویستیى هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانان كرده‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌‌ دوای ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ كاتی هاتووه‌ تێڕوانینێكی هاوبه‌شى لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان‌ بۆ باشتركردنی دۆخی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیانی عێراق به‌گشتی گه‌ڵاڵه‌ ببێت و بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان ئاماده‌كاری بكه‌ن.

له‌ به‌شێكى دیكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا شاندی میوان نیگه‌رانیی خۆیان له‌و هێرشانه‌ ده‌ربڕی كه‌ كراونه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان به‌تایبه‌تی هه‌ولێر و به‌ توندی سه‌ركۆنه‌یان كرد، جه‌ختیان له‌وه‌ش كرده‌وه‌ كه‌ ئه‌م كردارانه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر سه‌قامگیریی عێراق به‌ شێوه‌یه‌كی گشتی ده‌بێت‌.

له‌ كۆبوونه‌كه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی عێراق و هه‌رێمی كوردستان له‌گه‌ڵ به‌ریتانیا، دوا سه‌ردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ به‌غدا، په‌یوه‌ندییه‌كانی هه‌ولێر ـ به‌غدا و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى خرانه‌ به‌ر باس و په‌سه‌ندكردنی یاسای بودجه‌ی گشتیی عێراق و ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر پرسی دادگای فیدراڵی، به‌رز نرخێنران.

هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان بۆ یه‌كڕیزیى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان، هه‌ڵبژاردنه‌كانی داهاتووی عێراق، ڕۆڵی كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی له‌ ‌چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی عێراقدا، به‌هێزكردنی دامه‌زراوه‌كانی ده‌وڵه‌ت و سوودوه‌رگرتن له‌ پشتگیریی نێوده‌وڵه‌تی، دۆخی ئابووریی عێراق، كاریگه‌رییه‌كانی كۆرۆنا و ڕه‌وشی ئاواره ‌و په‌نابه‌ران، چه‌ند ته‌وه‌رێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌كه‌ بوون.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.