Erbil 3°C شەممە 18 کانوونی دووەم 05:04

به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی وێستگه‌ی کاره‌بای 132 که‌یڤی شاوێس دانرا

له‌ مانگی شه‌ش گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ گه‌رمیان داده‌مه‌زرێنرێت
کوردستان TV
100%

له‌ كۆمه‌ڵگای شاوێس له‌ ھه‌ولێر له‌ مه‌راسیمێكدا به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌ی وێستگه‌ی كاره‌بای 132 كه‌یڤی شاوێس دانرا و ده‌ست به‌كاركردن كرا تیایدا و بڕیاره‌ له‌ ماوه‌ی ساڵێكدا ته‌واوبێت.

كه‌مال محه‌مه‌د ، وه‌زیری كاره‌بای ھه‌رێمی كوردستان، له‌ مه‌راسیمی دانانی به‌ردی بناغه‌ی پرۆژه‌كه‌دا رایگه‌یاند "ئه‌م پرۆژه‌یه‌ وێستگه‌یه‌كی 132 كه‌یڤییه‌، پێكهاتووه‌ له‌ سێ گۆڕه‌ڕی 132 كه‌یڤی كه‌ له‌ توانایدایه‌ 189 مێگاوات كاره‌با بۆ ئه‌م ده‌ڤه‌ره دابین بكات .

كه‌مال محه‌مه‌د گوتیشی: ئێستا سێ وێستگه‌ی دیكه‌ی كاره‌با له‌ جێبه‌جێكردندان و له‌ قۆناغه‌كانی كۆتایدایه‌ و به‌ ئومێدین بۆ مانگی شه‌ش هه‌رسێ پرۆژه‌كه‌ بخه‌ینه‌ خزمه‌تی خه‌ڵكی هه‌ولێری پایته‌خت، ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆژانه‌ش به‌ڕێژه‌ی له‌سه‌دا 80 بارگرانی له‌ناو سه‌نته‌ری هه‌ولێری پایته‌خت چاره‌سه‌ر ده‌كات، ئه‌نجامدانی ئه‌م پرۆژه‌یه‌ی ئه‌مڕۆش كه‌ ماوه‌ی جێبه‌جێكردنه‌كه‌ی ساڵێكه‌ و گوژمه‌كه‌ی 15،9 ملیۆن دۆلاره‌ وده‌بوو له‌ 24 كانوونی دووه‌م ده‌ستیان به‌كاربكردایه‌، به‌ڵام له‌ شوێنی پرۆژه‌كه‌ شوێنه‌وار دۆزرایه‌وه‌ بۆیه‌ به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی شوێنه‌واریی هه‌ولێر ئه‌و شوێنه‌وارانه‌ی تیایدا دۆزرایه‌وه‌ گواسترانه‌وه‌ بۆ مۆزه‌خانه‌ی هه‌ولێر و ئێستا ده‌ستبه‌كار ده‌بن تێیدا".

وه‌زیری كاره‌بای هه‌رێمی كوردستان راشیگه‌یاند "ئه‌نجامدانی ئه‌و پرۆژانه‌ی كه‌ له‌ كابینه‌ی نۆیه‌می حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ كراون وایانكرد كه‌ بتوانین كاره‌بایه‌كی باشتر پێشكه‌شی خه‌ڵكی كوردستان بكه‌ین و ئه‌نجامێكی باشی هه‌بوو كه‌ خه‌ڵك خۆی هه‌ستی پێده‌كات، ئه‌گه‌ر به‌راوردێك بكه‌ین له‌نێوان مانگی كانوونی دووه‌م و شوبات كه‌ سه‌ختترین كاته‌ له‌ دۆخی كاره‌بادا له‌ ساڵی 2019دا، ته‌نیا 10 كاتژمێر و 20 خوله‌ك كاره‌با هه‌بوو، به‌ڵام ئه‌مساڵ 15 كاتژمێر و 30 خوله‌ك كاره‌بای نیشتمانی دراوه‌ به‌ هاووڵاتییان كه‌ به‌واتای ئه‌وه‌دێت له‌و ماوه‌یه‌دا پێنج كاتژمێر كاره‌بامان زیاتر كردووه‌ و ساڵ به‌ ساڵیش زیاتری ده‌كه‌ین".

كه‌مال محه‌مه‌د هه‌روه‌ها گوتی: "ئه‌م پرۆژانه‌ ته‌نیا له‌ ناوچه‌یه‌كی دیاریكراو نابێت و له‌ سه‌رانسه‌ری هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامده‌درێت. له‌ مانگی شه‌ش گه‌وره‌ترین پرۆژه‌ی به‌رهه‌مهێنان له‌ گه‌رمیان داده‌مه‌زرێنرێت، هه‌روه‌ها دانانی وێستگه‌یه‌كی گه‌وره‌ی خاوكردنه‌وه‌ی ھێڵه‌گرانه‌كانیش ھه‌ر له‌وناوچه‌یه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت، جگه‌ له‌وانه‌ش له‌ سه‌یدسادق و تانجه‌رۆ و راپه‌ڕین هه‌تاوه‌كو ده‌گاته‌ زاخۆ".

وه‌زیری كاره‌بای حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گوتیشی: "سه‌رباری جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژانه‌ داواكارین هاووڵاتییانیش هاوكارمان بن، چونكه‌ جێبه‌جێكردنی ئه‌م پرۆژانه‌ به‌ته‌نیا به‌س نییه‌ ئه‌گه‌ر هاووڵاتییان هاوكارمان نه‌بن".

كه‌مال محه‌مه‌د ده‌رباره‌ی دانانی پێوه‌ری زیره‌ك بۆ هاوبه‌شه‌كانی كاره‌با، گوتی: "دانانی پێوه‌ری زیره‌ك له‌ قۆناغێكی ئێجگار باشدایه‌، تا ئیستا 600 هه‌زار پێوه‌ر دانراوه‌ به‌ئومێدم ئه‌و پرۆژه‌یه‌ش تا كۆتایی ساڵ كۆتایی بێت".

گوتیشی: "پرۆژه‌ی به‌ كه‌رتی تایبه‌تكردنی كاره‌با له‌ بواری دابه‌شكردن له‌ هه‌رێمی كوردستاندا له‌ ماوه‌یه‌كی نزیكدا ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن و به‌ئومێدین به‌ ئه‌نجامدانی هه‌موو ئه‌م پرۆژانه‌ بتوانین زیاتر خزمه‌تی خه‌ڵكی خۆمان بكه‌ین".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.