Erbil 18°C شەممە 21 ئەیلوول 05:34

لێژنه‌ی داکۆکیکردن له‌مافی ئافره‌ت له‌په‌رله‌مان: سەرکۆنەی کوشتنی ئافرەتان دەکەین لەژێر هەر پاساوو بیانوویەک بێت

کوردستان TV
100%

لێژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانی كوردستان راگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و رایده‌گه‌ێنێت: بەداخێکی زۆرەوە ئەو ماوەیە هەواڵی کوژرانی کچ و ژنانی کوردستان لەهەڵکشاندایەو ئامارەکانی ئەو پرسە جێی نیگەرانی و تێڕامانی قووڵن، ئێمە سەرکۆنەی کوشتنی ئافرەتان دەکەین لەژێر هەر پاساوو بیانوویەک بێت.
راشیده‌گه‌یه‌نن: هەر لەم چەند ڕۆژەی ڕابردوو، بەداخەوە ژنێکی گەنجی بێتاوان لەلایەن مێردەکەیەوە کوژراو هەموومانی نیگەران کرد، بەڵام ئەمە تەنها ڕووداو نییە کە بەهۆی بوونی هەندێ لەعەقڵییەتی ژنکوژو بەکەم سەیرکردنی مافی ژنانەوە بەردەوام ڕوو دەدات.
‎ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كه‌ن: ئێمە لە لیژنەی پەیوەندیدار لەپەرلەمانی کوردستان بەوردی بەدواداچوون و چاودێری بۆ کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت و جێبەجێکردنی رێکارە یاساییەکان بۆ بەسزاگەیاندنی تاوانباران دەکەین. وێڕای پاڵپشتیی لیژنەکەمان لەهەنگاوەکانی دەسەلاتی جێبەجێکردن و دادوەری بۆ سەپاندنی سزای یاسایی توند بەسەر تاوانباران و ئەنجامدەرانی ئەم تاوانانە.
‎لێژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانی كوردستان راشیده‌گه‌ینَێت: لەم سۆنگەیەوە ئێمە هەموو هەنگاوەکان چڕ دەکەینەوە بۆئەوەی یاسایەکی نوێ سەبارەت بە (بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژیی خێزان و ئافرەت) لەم خولەی پەرلەمان دەربکرێت، تێیدا رێکارەکانی سزادانی تاوانبارانی کەیسەکانی کوشتنی ئافرەت زۆر توندتر بکرێن و ببنە بەربەست بۆ بنبڕکردن و کەمکردنەوەی ئەو دیاردە نامرۆڤانەو تاوانە ناشارستانییەی کە لەلایەن هەندێ لەخاوەن هزری دواکەوتوو و بێویژدانەوە ئەنجام دەدرێت.
‎هەر بۆ ئەو مەبەستە زۆر گرنگە کە هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان و جێبەجێکردن و دادوەری تەواو هەماهەنگ بین بۆ هەنگاوی کردەیی زیاتر هەریەکەو بەپێی ئەرک و دەسەڵاتی خۆی، لەپێناو رێگری لەدووبارەبوونەوەی ئەو جۆرە تاوانانەو سەروەرکردنی یاسا بۆ سزادانی بکەران.
‎لێژنه‌ی داكۆكیكردن له‌مافی ئافره‌ت له‌په‌رله‌مانی كوردستان  له‌كۆتاییدا رایده‌گه‌ێنێت: لەهەموو ئەمجۆرە کەیسانە پێویستە حکومەت خاوەندارێتییان لێبکات، ڕێگه‌ بەسوڵح و ڕێکكەوتنی عەشایەری نەدات، سزای توندی ئەوانە بدرێت کەتاوانی کوشتن ئەنجام دەدەن.
‎لەپاڵ یاسادا پێویستە لایەنە پەیوەندیدارەکان بەئەرکی خۆیان هەڵبستن لەپەروەردەو رۆشبیری و ھۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگه‌، تاوەکو عەقڵییەتە ژنکوژەکان بپووکێنەوەو بوونیان لەکۆمەڵگەدا ببێتە مایەی شەرم و شەرمەزاری.
 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.