Erbil 14°C پێنجشەممە 16 کانوونی دووەم 13:50

نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی جیهان پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەخەنە ڕوو

کوردستان TV
100%

هێرشە تیرۆریستییەکەی شەوی رابردووی سەر فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کاردانەوەی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بە دوای خۆیدا هێنا، وێڕای شەرمەزارکردنی ئەو کردەوە تیرۆریستییە لە ناوخۆی عێراق و هەرێمی کوردستان، ژمارەیەک لە نوێنەرایەتی وڵاتان و نەتەوە یەکگرتووەکان پاڵپشتی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەخەنە روو.

لەو بارەوەیە وەزارەتی دەرەوەی فەڕەنسا لە لە راگەیەندراوێکدا دەڵێت: "فەرەنسا بە توندترین شێوە ئەو هێرشانە سەرکۆنە دەکات کە شەوی رابردوو هەولێر و پارێزگای نەینەوایان کردە ئامانج، چونکە پێشتریش لە 15ی شوباتدا هەولێر کرابووە ئامانج، فەرەنسا پابەندبوونی خۆی بۆ سەروەری و یەکپارچەیی عێراق و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان دووپات دەکاتەوە.

گرنگە حکومەتی عێراق و بەرپرسانی هەرێمی کوردستان هاوئاهەنگیی نێوانیان زیاد بکەن بۆ دۆزینەوەی ئەنجامدەرانی ئەو هێرشانە و دڵنیابوونەوە لە پاراستنی سەلامەتیی هەموو عێراقییەکان".

جینین پلاسخارت، نوێنەری نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق لەبارەی هێرشەکەوە پەیامێکی بڵاو کردەوە دەنووسێت: " ئەو رووداوانەی دوێنی شەو لە ھەرێمی كوردستان روویاندا، نموونەی ھەوڵێكی دیكەی مەترسیدارە بۆ دروستكردنی گرژی و ھەڕەشەكردن لە سەقامگیری عێراق، ئەم جۆرە ھەوڵانە بە ھەموو شێوەیەك شەرمەزار دەكەین و داواش لە حكوومەتی ھەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراق دەكەین ھەوڵەكانیان یەكبخەن، بەشێوەیەكی خێرا، بۆ رێگریكردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم جۆرە ھێرشانە".

هاوکات ستیفن هایکی، باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق لە تویتێکیدا دەنووسێت:" ‏بە توندی سەرکۆنەی ھێرشەکانی دوێنێ دەکەم. ئەم ھێرشانە تەنھا زیان و دڵەڕاوکێ بڵاودەکەنەوە بۆ عێراق.

تا ھێزە چەکدارەکان لەدەرەوەی کۆنترۆڵی دەوڵەت کاربکەن عێراق ئارامی و گەشەسەندن بەخۆیەوە نابینێت.

بریتانیا پاڵپشتی ھێزە ئەمنییەکان دەکات بۆ نەھێشتنی ئەم ھێرشانە و دڵنیابوون لە سزادانی بکەران."

لای خۆشیەوە کونسوڵخانەی ئەمریکا لە هەولێر لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند: "هێرشەکانی شەوی رابردووی سەر بنکەی ئاسمانیی هەولێر و بنکەی سەربازیی تورکی لە هەرێمی کوردستان ئیدانە دەکەین.

لەگەڵ هاوبەشانمان لێرە لە هەرێمی کورستان و حکوومەتی عێراق کاردەکەین بۆ راپێچانی تاوانبارانی ئەو هێرشانە بۆ بەردەم دادگا. هاووڵاتییانی هەرێمی کوردستان و تەواوی عێراق شایستەی ئەوەن لە ئاشتیدا بژین."

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.