Erbil 7°C چوارشەممە 15 کانوونی دووەم 20:41

د. مەیادە نه‌جاڕ: لیژنەیەک بۆ چاودێری جێبەجێکردنی یاسای بودجە پێکدێت

کوردستان TV
100%


 بڕیارە بۆ چاودێریكردنی چۆنیەتیی جێبەجێكردنی یاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراق، لیژنەیەكی پەرلەمانی پێك بێت، پەرلەمانتارێكی كوردیش لە لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق  رایده‌گه‌ێنێت: هەفتەی داهاتوو دانیشتنەكانی پەرلەمان دەست پێدەكەنەوە و ئەوكات وادەی پێكهێنانی لیژنەكە و ئەندامانی ئەو لیژنەیە دیار دەبێت‌.

ئێوارەی رۆژی چوارشەممە‌ 31ی 3ی 2021، ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق پڕۆژەیاسای بودجەی گشتیی 2021ی عێراقی پەسەند كرد و، پشكی هەرێمی كوردستانیش تێیدا جێگیر كرا و بڕیارە بكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە.

، د. مەیادە نەجاڕ، ئەندامی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنان لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: پاش ئەوەی یاسای بودجە پەسەند كرا، ئێستا دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە و بۆ چۆنیەتی جێبەجێكردنی یاساكەش، لیژنەیەكی پەرلەمانی پێك دێت، كە هەفتەی داهاتوو، 20ی مانگ، دانیشتنەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەست پێدەكەنەوە و، ئەوكات وادەی پێكهێنانی لیژنەكە و ئەندامانی دیار دەبێت كە لە چەند ئەندامیش پێك دێت.‌ 

وەك ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی ئابووری و وەبەرهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق گوتی، یاسای بودجە پەسەند كراوە و لە كاتێكی نزیكدا دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە و هیچ كێشەیەكی تێدا نییە.

لەبارەی سەردانیكردنی شاندەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ بەغدا و هەروەها سەردانەكەی سێ رۆژی ڕابردووی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مه‌یاده‌ نه‌جاڕ رایده‌گه‌ێنێت: سەرۆكی هەرێمی كوردستان (نێچیرڤان بارزانی)، سەردانی سەركردە و لایەنە سیاسییەكانی عێراقی كرد لە بەغدا، لە ماوەی داهاتووشدا سەردانەكان بەردەوام دەبن، بۆ ئەوەی بتوانین كێشەكانی تریش چارە بكەین، چونكە هەرێمی كوردستان تەنها كێشەی دۆسیەی بودجە و مووچەی نییە لەگەڵ بەغدا، بەڵكو كێشەی ماددەی 140ی دەستوور و كێشەی شنگال و كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم و پێشمەرگە و دۆسیەی نەوت و گاز و چەندین دۆسیەی تریش ماون چارەسەر بكرێن، بۆ چارەسەركردنی هەموو ئەو دۆسیانەش، پێویستمان بە سەردانیكردنی بەغدا هەیە.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.