ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان پارتی دیموكراتی كوردستان له 18مین ساڵیادی ئازادكردنی كهركوك پهیامێكی بڵاوكردهوه.
دهقی پهیامهكه:
لە ساڵی ٢٠٠٣-دا لە هەژدەهەمین ساڵیادی ڕزگارکردنی کەرکووکی دڵی کوردستان لە ٢٠٠٣/٤/١٠ هاوکات لەگەڵ ڕووخاندنی رژێمی دیکتاتۆری بەعس، جارێکی دیکە سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکی سەرکردەی نەتەوەکەمان بارزانی مستەفا دادەنەوێنین و سڵاو لە ڕوحی پاکی ئەو سەرکردە نەمرە دەکەین کە کەرکووکی بە دڵی کوردستان ناو نا.
سڵاو بۆ گێانی پاکی شەهیدە سەربەرزەکان و شەھیدانی ئەنفال و کورد و کوردستان. جوانترین پیرۆزبایی ئاراستەی ڕێزدار جەنابی سەرۆك بارزانی دەکەین. بەو بۆنەیەوە، جارێکی دیکە جوانترین پیرۆزبایی پێشکەش بە بنەماڵەی شەھیدە سەربەرزەکان و شەھیدانی ئەنفال و پێشمەرگە قارەمانەکان و جەماوەری ستەمدیدە و خۆڕاگری کەرکووك و دووز و خانەقین و مەندەلی و گەرمیان و مەخمور و گشت کوردستان بە هەموو پێکهاتەکانەوە دەکەین. لە (١٠-٤-٢٠٠٣) بۆ دووەمین جار لە مێژووی پڕ خەبات و سەروەریی گەلەکەمان کەرکووك وەکو سومبولێکی خەباتی نەتەوەیی و نیشتمانی، ئازاد کرا، کە پێش ئەو کاتە ھاوپەیمانان بە پشتیوانی و ھاوکاریی پێشمەرگە لە ھەوڵی ڕزگارکردنی پارێزگای کەرکووك بوون و پلان داندرابوو لە (١٥-٤-٢٠٠٣) کەرکووك ڕزگار بکەن .
بە ھیمەتی ڕێکخستنە نھێنییەکان و پێشمەرگە قارەمانەکانی لایەنە کوردستانییەکان بەتایبەت ڕێکخستنەکان و پێشمەرگەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و گشت دەزگا ئەمنییەکان و ھێزی لەبننەھاتووی گەلی دڵسۆزوو خوێنگەرمی شاری کەرکووك و قەزا و ناحیەکانی سەر بە کەرکووكی دڵی کوردستان لە (١٠-٤-٢٠٠٣) کەرکووك لە دەستی حوکمڕانیی دیکتاتۆریەتی عێراق ڕزگار کرا.
ھەر بۆیە دەڵێین کەرکووك بەدەستی کەرکووکییە ڕەسەنەکان و ھێزی پێشمەرگەی کوردستان بە بێ ھاوکاریی ڕاستەوخۆی ھیچ ھێزێکی دەرەکی ڕزگار کرا. شۆڕش و ڕاپەرینەکان و قوربانیدانی خەڵکی سەربەرزی کوردستان هەر لە دەسپێکەوە بۆ ڕزگارکردنی تەواوی خاکی کوردستان لە دەستی داگیرکەران لە دروشم و ئامانجەکانی وەکو پرنسیب و هزری نەتەوەیی بە ڕابەرایەتیی باوکی روحیی نەتەوەی کورد بارزانیی نەمر ھەمیشە کەرکووك وەکو خاڵێکی یەکلاکەرەوە بووە لە شۆڕش و گفتوگۆکان بۆ وەدیهێنانی تەواوی مافە ڕەواکانی گەلەکەمان لەگەڵ رژێمە یەك لەدوای یەکەکانی عێراق دادەنا و، هیچ کاتێکیش سازشی لە سەر نەدەکرد و ئێمەش لە سەر ھەمان ڕێبازی پیرۆز بەردەوام دەبین و ھیچ کات سازشی لە سەر ناکەین و ئاڵای پیرۆزی کوردستانیش بەرز ڕادەگرین.
بە داخەوە بە پیلان و ھاوکاریی ھێزی دەرەکی و خیانەتکارانی (١٦)ی ئوکتۆبەر و میلیشیای حشد و بیر شۆڤینییەکانی ناو عێراق، ساڵی (٢٠١٧) ئەم شارە جارێکی تر داگیر کرایەوە و ئێستا هێزی نامۆ حوکمڕانیی ئەم شارە دەکەن کە درێژەپێدەری هەمان عەقلیەتی بەعسن لە تەعریبکردن و گۆڕینی دیموگرافیا و سیمای ئەم شارە دێرینەی کوردستانن بە هەموو پێکهاتەکانیەوە.
ھەروەھا لەم یادە پیرۆزەدا جەماوەری سەربەرزی کەرکووك دڵنیا دەکەینەوە کە هەموو ڕێگایەك دەگرینەبەر لەپێناو نەهێشتنی ئەو داگیرکاری و تاوانانەی دەرهەق بە گەل و خاك و سامانی ئەم شارە دەکرێت و، هەموو هەوڵێك دەدەین لەپێناو گەڕانەوەی شکۆ و سەقامگیری و پێکەوەژیانی ئاشتییانە بۆ تەواوی پێکهاتە ڕەسەنەکانی کەرکووك. سڵاو لە گیانی پاکی سەرجەم شەهیدانی سەربڵندی کورد و کوردستان.
سڵاو لە پێشمەرگە قارەمانەکان کە هەمیشە قەڵغان و بەرگریکار و داکۆکیکاری ڕاستەقینەی کوردستانن.
دکتۆر کەمال کەرکووکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان ٢٠٢١/٤/٩
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.