Erbil 10°C دووشەممە 13 کانوونی دووەم 08:55

مەسرور بارزانی: پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان ئەفسانەی داعشیان تێکشکاند

مەسرور بارزانی
کوردستان TV
100%

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بووە بەردی بناغەی دۆستایەتییەكی بەهێزی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەریتانیا، فەڕەنسا و ئەمریكا.

ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-4-2021 ئیڤێنتێک لەڕێگای ڤیدیۆ کۆنفرانس بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەڕێوە چوو.

ئیڤێنتەکە تایبەتە بە یادی 30 ساڵەی دەرکردنی بڕیاری 688ـی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی و راگەیاندنی ناوچەی دژەفڕین لە هەرێمی کوردستان.

مەسرور بارزانی لە وتارێکدا لە ئیڤێنتەکە رایگەیاند: ئێمە ڕێزمان لە هاوبەشەكانمان گرتووە وەك كەمینەكان و پێكهاتە ئاینیییەكان و ئەوانەی بۆ پەنایەكی ئارام پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری 688ـی بە بڕیارێکی ”گرنگ“، چونکە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی پشتیوانیی گەلی کوردستانی کرد.

مەسرور بارزانی سوپاسی سێر جۆن مێجەر، سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی بەریتانیای کرد، کە ئەوکات ”پاڵپشتیی“ بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کرد.

مەسرور بارزانی رایگەیاند: بە دڵنیاییەوە دروستكردنی نەوای ئارام باشترین بڕیاری مرۆیی بوو لە سەردەمی مۆدێرندا، هاوكارییەكان گەیشتنە ملیۆنان كەس، كە لە چیاكاندا گیریان كردبوو. دەستێوەردانەكانی نێودەوڵەتی بە دڵنیاییەوە چارەنووسمانی دیاریكرد. بەردی بناغەی دانا بۆ دۆستایەتییەكی بەهێز لەگەڵ بەریتانیا و فەڕەنسا و ئەمریكا و وڵاتانی دیكە. ئۆپۆزسیۆنی عێراقیش دوای ئەو بڕیارە هاتنە كوردستان تا لێرەوە خۆیان كۆبكەنەوە بۆ نەهێشتنی ڕژێمی بەعس.

ئێمە ڕێزمان لە هاوبەشەكانمان گرتووە وەك كەمینەكان و پێكهاتە ئاینیییەكان و ئەوانەی بۆ پەنایەكی ئارام پەنایان بۆ هەرێمی كوردستان هێناوە.

لە بەشێکی دیکەی وتارەکەیدا، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان تیشکی خستە سەر سەردانەکەی پاپا فرانسیس، پاپای ڤاتیکان بۆ هەرێمی کوردستان و رایگەیاند: بەهۆی سەردانەكەی مانگی رابردووی قەداسەتی پاسا بۆ هەرێمی كوردستان، دەزانین كە ڕیگەیەكی زۆرمان لە پێشە و هەموو هەوڵی خۆمان داوە كە بتوانین كۆمەڵگەیەكی زۆر باش بۆ هەموو كوردستانییان و ئەوانەی پەنایان بۆمان هێناوە بونیاد بنێین. ئێمە هێشتا پیویستیمان بە پاڵپشتیی كۆمەڵگەی نێودەولەتی هەیە.

مەسرور بارزانی ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئەو هاوکارییەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ساڵی 1991 پێشکەشی گەلی کوردستانی کرد، هەرێمی کوردستان لە ساڵی 2014دا هەمان هاوکاریی پێشکەشی ئاوارە عێراقی و سوورییەکان کرد و رایگەیاند: ”كوردستان سەدان هەزار ئاوارەی ناوخۆ و سوریاشی لەخۆوە گرتووە كە هێشتا نزیكەی دوو ملیۆن ئاوارەمان لەخۆمان گرتووە. حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو ئەركەكانی دابینكردنی خزمەتگوزارییەكانی لە ئەستۆ گرتووە كە سەدان ملیۆن دۆلار بووە“.

مەسرور بارزانی رەتی کردەوە هەرێمی کوردستان گوشار بخاتە سەر ئاوارەکان بۆ گەڕانەوەیان بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان و رایگەیاند: ”هانیان دەدەین بە خواستی خۆیان بگەڕێنەوە، بەڵام ناتوانین فشاریان لێ بكەین، چونكە شوێنەكانی خۆیان بۆ گەڕانەوەیان ئامادە نەكراوە“. هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، کە لە نزیكەوە لەگەڵ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق كار دەكەین بۆ ئەوەی دۆخەكە ئامادە بكەین بۆ گەڕانەوەیان.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی شەڕی دژی تیرۆر و بەشداریی هەرێمی کوردستان لە بەرەی دژ بە تیرۆر، رایگەیاند: پێشمەرگە و خەڵكی كوردستان رووبەڕووی داعش بوونەوە و ئەفسانەی داعشیان تێكشكاند. ئەوە خوێنی پێشمەرگە بوو كە بە هاوكاریی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی توانییان داعش تێكبشكێنن بە خەلافەتەكەشیانەوە.

مەسرور بارزانی جەختیشی لەوە کردەوە، کە شەڕی دژی تیرۆر بەردەوامە و بەپێویستیشی زانی هاوکارییە نێودەوڵەتییەکان بۆ پێشمەرگە و گەلی کوردستان لە شەڕی دژی تیرۆر، بەردەوام بن.

سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان داوای هاوکاریی زیاتری لە حکوومەتی بەریتانیا کرد و رایگەیاند: ئێمە پشتمان بە ئێوە بەستوە و ئێوە دۆستی راستەقینەی كوردستانن، دەمانەوێ بتوانین دۆزی خۆمان لە پەرلەمانی بەریتانیا و حكوومەت و خەڵكی بەریتانیا ببەینە پێشەوە و لەم ڕووەوە دەمانەوێ ئێوە هاوكاریمان بكەن.

مەسرور بارزانی

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.