مستەفا کازمی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رایگەیاند: ئەو سەردانانەی کە بۆ سعوودیە و ئیمارات ئەنجامیداون، بەھەموو پێوەرێک سەرکەوتووبوون.
نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە مستەفا کازمی لە میانی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجوومەنی وەزیراندا سەبارەت بە سەردانەکانی بۆ سعوودیە و ئیمارات و ژمارهیهك پرسی گرنگ دواوه.
بەپێی راگەیەندراوەکە لە کۆبوونەوەکەدا مستەفا کازمی رایگەیاندووە، ئەو سەردانانەی کە بۆ سعوودیە و ئیمارات ئەنجامیداون، بەھەموو پێوەرێک سەرکەوتووبوون و رایگهیاندووه:
"سەردانەکانمان بۆ سعوودیە و ئیمارات زۆر گرنگ بوون و لە میانیدا، ئەو دوو وڵاته خواستی خۆیان بۆ پاڵپشتیکردن لە عێراق نیشاندا".
سەبارەت بە کێشەی وانەبێژانی خۆبەخش، کازمی رایگهیاند: "لەم رۆژانەی دواییدا لە راگەیاندنەکانەوە، گوێم لە موزایهدەکردن لەبارەی پرسی وانەبێژانەوە بوو، بەڵام میکانیزێکمان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسەیە دۆزیوەتەوە".
لەبارەی جێبەجێکردنی داواکارییەکانی خەڵکی ناسرییەش، سهرۆكوهزیرانی عێراق رایگهیاندووه: "ماوەی چەند مانگێکە کارمان لەسەر چارەسەرکردنی قەیران و جێبەجێکردنی داواکاریی کەسوکارمان لە ناسرییە کردووە، بۆ ئەو مەبەستەیش سندوقێکی تایبەتمان بۆ دووبارە بنیاتنانەوەی زیقار داناوە".
ھەر لەوبارەیەوە مستەفا کازمی باسی لەوەکردووە کە بڕیاریانداوه دوای راوێژکردن و دیدار و کۆبوونەوە لەگەڵ سەرۆکھۆزەکان و بەرپرسه کارگێڕییهكانی پارێزگای زیقار، پارێزگارێکی نوێ دست نیشان بکەین، لەبەر ئەوە داوا لە کەسوکارمان لە زیقار دەکەم کە دەست بخەنە نێو دەستی حکوومەتی خۆجێی و ھاوکار بن لە باشترکردنی رەوشی پارێزگاکەیان".
باس لەوەشکراوە کە لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا کازمی رایگهیاندووه: "دوای ئەوەی یاسای بوودجەی گشتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران پەسەندکرا، پێویستە ھەمووان بەشێوەیەکی خێرا، بەندەکانی نێو یاساکە جێبەجێ بکەین تا لە رێگهیەوە بتوانین خزمەتی گەلەکەمان بکەین".
سەبارەت بە بهرزبوونهوهی نرخی خۆراک لە بازاڕەکاندا، کازمی رایگهیاندووه: "لەم رۆژانەی دواییدا، گلەیی زۆر لە بەرزکردنەوەی نرخەکانی خۆراک لە بازاڕەکاندا، کراوە و خۆم بەدواداچوون بۆ رەوشی بازار دەکەم، چونکە پێویستە ھاووڵاتییان لە بازرگانانی چاوبرسی بپارێزین.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.