پارێزگاری هەولێر، پیشوازی لەشاندێکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی پەروەردی عێراق و پارێزگای ئەنبار کرد
ئەمرۆ دووشەمە 2021.4.5، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، پێشوازی لە شاندێکی باڵای هاوبەشی وەزارەتی پەروەردی عێراق و پارێزگای ئەنبار و نێردراوی پەروردەی فیدراڵ کرد.
لەسەرەتای دیدارەکەدا، شاندی میوان، دەستخۆشی و سوپاسی وەزیری پەروەردەی عێراق و پارێزگاری ئەنباریان بە پارێزگاری هەولێر ڕاگەیاند لەبەرامبەر ئەو هاوکاریانەی پێشکەشی ئاوارە و لێقەوماوان و قوتابخانەکانی تایبەت بە خوێندنی ئاوارەکانی عێراق بەگشتیی و ئەنبار بەتایبەتی کراوە، وەک ڕێز و وەفایەکیش لەبەرامبەر ئەو هاوکاری و یارمەتیدانە درعێکی تایبەتیان پێشکەش بە پارێزگاری هەولێر کرد.
لەتەوەرێکی تری دیدارەکەدا، باس لە پێداویستییەکانی قوتابخانە و خوێندن و قوتابیانی کەمپەکانی ئاوارەکان کرا و تیشک خرایە سەر دابینکردنی پێداویستییەکانی قوتابیانی ئاوارە و لێقەوماوان کە سەرباری ئەو بارودۆخەی خۆیان تێیدان، ئێستاکەش بەهۆی ئەو دۆخە و ڤایرۆسی کۆرۆنا ژیانی و گوزەرانییان قورس بووە. لەوبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای تەئکیدکردنەوە لەهەماهەنگی و هاوکاریی و پتەوکردنی زیاتری پەیوەندییەکانی نێوان پارێزگای هەولێر و وەزارەتی پەروەردەی عێراق و پارێزگای ئەنبار، ڕایگەیاند: "وەکو پارێزگای هەولێر ئەوەی لەتواناماندابێت بۆ هاوکاری و یارمەتیدانی ئاوارە و لێقەومان ئامادەین".
لەلایەن خۆیانەوە، شاندی میوان، سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد کە بەردەوام و بەدڵسۆزییەوە لە خەمی پیداویستی و کەم و کوڕی و چارەسەری گرفتەکانی خوێندن و قوتابخانەکان و قوتابیانی و ئاوارەکانی کەمپەکان بووە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.