Erbil 8°C یەکشەممە 12 کانوونی دووەم 04:39

نێچیرڤان بارزانى: بڕیارى (688) بووە هۆی پاراستنی بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان

نێچیرڤان بارزانى
کوردستان TV
100%

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یادى 30 ساڵه‌ى بڕیارى نێوده‌وڵه‌تیى (688)دا پەیامێکی بڵاوکردەوە و رایدەگەیەنێت: بەر لە 30 ساڵ ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بڕیارى (688)ى ده‌ركرد و  ئەم بریارە بووە هۆی پاراستنی بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان.

دەقی پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانى:

ئه‌مڕۆ یادى 30 ساڵه‌ى ڕۆژێكى پرشنگدار له‌ مێژووى هاوچه‌خى گه‌لى كوردستاندا ده‌كه‌ینه‌وه‌، به‌ر له‌ 30 ساڵ وه‌ك ئه‌مڕۆ 5/4/1991، ئه‌نجومه‌نى ئاسایشى نێوده‌وڵه‌تى بڕیارى (688)ى ده‌ركرد. 

به‌و پێیه‌ پرۆسه‌ى دابینكردنى ئارامى ده‌ستى پێكرد و نه‌واى ئارام و ناوچه‌ى نه‌فڕین دروست بوو كه‌ دواتر بووه‌ هۆى پاراستنى به‌شێكى زۆرى هه‌رێمى كوردستان، ئیدى هێزه‌كانى ڕژێمى ئه‌وساى عێراق نه‌یانتوانى نه‌ له‌سه‌ر زه‌وى و نه‌ له‌ ئاسمانه‌وه‌ هێرش بكه‌نه‌ سه‌ر گه‌ل و خاكى كوردستان.

ئه‌و بڕیاره‌ مرۆیییه‌ بۆ گه‌لى كوردستان وه‌رچه‌رخانێكى مێژوویى بوو تا ڕێگه‌ له‌ كۆڕه‌وى ملیۆنیى خه‌ڵكى كوردستان به‌ره‌و سنووره‌كانى ئێران و توركیا بگرێت كه‌ به‌و كۆڕه‌وه‌ ڕه‌تیكرده‌وه‌ جارێكى دیكه‌ بگه‌ڕێته‌وه‌ ژێر ڕكێفى سته‌م و دیكتاتۆرى. پاشان بڕیاره‌كه‌ ڕه‌هه‌ندێكى ئه‌منى بۆ پاراستنى ئاسایش و ئارامى وه‌رگرت، تا دوایین جار ڕه‌هه‌ندێكى تازه‌ى سیاسى و هه‌ڵبژاردنه‌كانى 1992 و دامه‌زراندنى په‌رله‌مان و حكوومه‌ت و ئه‌زموونى دیفاكتۆى هه‌رێمى كوردستانى لێكه‌وته‌وه‌.

چه‌مكى ده‌ستێوه‌ردانى مرۆیى كه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و بڕیاره‌دا هاته‌ ئاراوه‌، وێڕاى پێشكه‌شكردنى یارمه‌تیى گه‌وره‌ى مرۆیى، ده‌رگاى ژیان و ئه‌زموونێكى تازه‌ى دیموكراسى به‌سه‌ر هه‌رێمى كوردستاندا كرده‌وه، ده‌رفه‌تى ڕه‌خساند تا ئاوه‌دانى و چیرۆكى سه‌ركه‌وتنى هاوبه‌ش و ئه‌زموونێكى نوێ له‌ ناوچه‌كه‌دا‌ پێشكه‌ش بكات و وه‌ك ‌هاوبه‌شێكى دیار له‌گه‌ڵ جیهانى پێشكه‌وتوو په‌ره‌ به‌ به‌ها شارستانییه‌كانى سه‌رده‌م بدات و ببێته‌ پارێزه‌رێكى دیموكراسى و مافه‌كانى مرۆڤ، كولتوورى یه‌كترقبووڵكردن و پێكه‌وه‌ژیان و لێبورده‌یى قووڵتر بكاته‌وه‌‌.

بێگومان هه‌رێمى كوردستان له‌ ئه‌زموونى 30 ساڵى ڕابردوویدا ده‌یتوانى نموونه‌یه‌كى باشتر پێشكه‌ش بكات، وێڕاى هه‌موو ده‌سكه‌وته‌كان، هه‌ڵه‌ و كه‌موكوڕى هه‌بووه‌ و هه‌یه، به‌ڵام كه‌میش نین ئه‌و كێشه و ته‌نگوچه‌ڵه‌مانه‌ى بۆى دروست كران و ڕێگه‌ى به‌ره‌وپێشچوونى زیاتریان لێگرت، ئێستاش ته‌نیا بژارده‌مان ئه‌وه‌یه‌ به‌ ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى، به‌ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونى ڕابردوو، به‌ گفتوگۆ و لێكگه‌یشتن و ڕێككه‌وتن له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فیدرأڵى عێراق و به‌ پشتیوانى و هاوبه‌شى و هاریكاریى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى، هه‌نگاو به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشتر بنێین.

له‌م یاده‌دا سڵاو و ڕێز و پێزانینمان بۆ كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ سى ساڵ به‌رله‌ ئه‌مڕۆ بڕیارێكى ڕاست و دروستیان دا، گه‌لى كوردستانیش سه‌لماندى ئه‌گه‌ر ئازادى و ده‌رفه‌تى هه‌بێت، ده‌توانێت نموونه‌یه‌كى باش و جیاواز پێشكه‌ش بكات، داواكارین پشتیوان و هاوكارمان بن تا هه‌نگاوى گه‌وره‌تر به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشترى هاوبه‌ش و ئارامى و سه‌قامگیرى و پێشكه‌وتن له‌گه‌ڵ عێراق و ناوچه‌كه‌ و جیهاندا بنێین، تا پێكه‌وه‌ به‌ هاوبه‌شى و هاریكارى، به‌ها باڵاكانى مرۆڤایه‌تى و جیهانى پێشكه‌وتوو بپارێزین و پێكه‌وه‌ به‌ره‌نگارى توندوتیژى و توندڕه‌وى و تیرۆر ببینه‌وه‌.

زۆر سوپاسى ئێران و توركیا ده‌كه‌ین كه‌ پێشوازییان له‌ سه‌تان هه‌زار په‌نابه‌رى كوردستان كرد، زۆر سوپاس بۆ هه‌موو ئه‌و وڵاتانه‌ى به‌ هه‌ر شێوه‌یه‌ك بێت به‌شدارییان له‌ ده‌ركردنى بڕیارى (688)ى نێوده‌وڵه‌تى و پرۆسه‌ى دابینكردنى ئارامى و دامه‌زراندنى ناوچه‌ى نه‌فڕین و نه‌واى ئارام و دابینكردنى یارمه‌تیى مرۆییدا كرد و ئیراده‌ى سیاسییان بۆ پاراستنى گه‌لى كوردستان نیشان دا. 

سوپاس بۆ نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و ڕێكخراوه‌ ناحكوومییه‌كان. سوپاس بۆ ڕاى گشتیى جیهان كه‌ حكوومه‌ته‌كانیان هان دا تا گه‌لى كوردستان بپارێزن. هه‌رگیز ئه‌و پشتگیرى و یارمه‌تییه‌ى ئێوه‌ له‌بیر ناكه‌ین و چاومان له‌ به‌رده‌وامیى هاوبه‌شى و پشتگیرى و هاوكاریتانه‌.

سوپاس بۆ ڕۆژنامه‌نووسان و وێنه‌گرانى جوامێر و ئازا و بۆ كه‌ناڵه‌كانى ڕاگه‌یاندن كه‌ ڕۆڵیكى گه‌وره‌یان له‌ گه‌یاندنى ده‌نگى خه‌ڵكى كوردستاندا گێڕا و وێنه‌ و دیمه‌نى مه‌ینه‌تى و ئازاره‌كانى پیر و منداڵان و نه‌خۆش و په‌ككه‌وته‌ و ژنان و پیاوانى بێده‌ره‌تانى ئاواره‌ى له‌ ناوچه‌ سنوورییه‌ سه‌خت و شاخاوییه‌كانه‌وه‌، بۆ هه‌موو جیهان گواسته‌وه‌ و پشتگیرییه‌كى گه‌وره‌ى مرۆیییان بۆ خه‌ڵكى كوردستان ده‌سته‌به‌ر كرد، سوپاس بۆ پشتیوانیى ڕه‌وه‌ندى كوردستانى و هونه‌رمه‌ندان و ده‌زگا و ڕێكخراوه‌ كوردستانییه‌كان له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، سڵاو و ڕێز و پێزانین بۆ هه‌مووان.

نێچیرڤان بارزانى - سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2021/4/5

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.