Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 00:32

پۆلیسى واشنتۆن: رووداوەکەى کۆنگرێس بەو شێوەیە دەرنەکەوتووە کە پەیوەندی بە تیرۆرەوە ھەبێت

کوردستان TV
100%

پۆلیسی واشنتۆنی پایتەختی ئەمریکا ئاشکرایکرد رووداوی خۆکێشانی ئەو ئۆتۆمبێلەی دوێنێ بە بەربەستەکانی بەردەم باڵەخانەی کۆنگرێس، بەو شێوەیە دەرنەکەوتووە کە پەیوەندی بە تیرۆرەوە ھەبێت.

دوێنێ لە واشنتۆن، خۆکێشانی ئۆتۆمبێلێک بە بەربەستەکانی بەردەم باڵەخانەی کۆنگرێس و شێلانی دوو پۆلیس، بووە ھۆی گرتنەبەری رێوشوێنی ئەمنی توند.

ھاوکات سەبارەت بە رووداوەکە، جێگری بەڕێوەبەری بەشی پۆلیسی کۆنگرێسی ئەمریکا یۆگاناندا پیتمان و جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتۆن دی سی رۆبێرت کۆنتێ، کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ھاوبەشیان ئەنجامدا.

پیتمان، ئاماژەی بەوە کرد کە لە کاتژمێر 13:٠٠ بەکاتی ناوخۆیی واشنتۆن، گومانلێکراوێک بە ئۆتۆمبێلەکەی دوو کارمەندی پۆلیسی شێلاوە و پاشان خۆی بە بەربەستەکانی بەردەم باڵەخانەی کۆنگرێس کێشاوە، و گوتی، "گومانلێکراوەکە، چەقۆیەکی بەدەستییەوە گرت و لە ئۆتۆمبیلەکە دابەزی. پۆلیسەکانمان رێگەیان لێگرت. لەدوای ئەوەی گومانلێکراوەکە گوێی بە ئاگادارکردنەوەکان نەدا، پۆلیسەکان تەقەیان لێکرد. لە ئێستادا ئەوەی دەیزانین گومانلێکراوەکە گیانی لەدەستداوە".

پیتمان، ئەوەشی راگەیاند کە دوو پۆلیسی کۆنگرێسیش لە رووداوەکە برینداربوون و گوتی، "زۆر بە خەمناکییەوە دەیڵێم کە یەکێک لە پۆلیسەکانمان گیانی لەدەستداوە".

پیتمان، ئەوەشی وت کە لە ئێستادا ھیچ زانیارییەک لەسەر ناسنامەی پۆلیسەکان و ھێرشبەرەکە ئاشکراناکەن.

لەلایەکی دیکەوە، جێگری بەڕێوەبەری پۆلیسی واشنتۆن دی سی، رۆبێرت کۆنتێ، ئەوەی راگەیاند کە لێکۆڵینەوەکان لە رووداوەکە بەردەوامە و ئاماژەی بەوە کرد کە پۆلیسی پارک و پۆلیسی کۆنگرێس لە نزیکەوە کاردەکەن.

کۆنتێ، سەرەخۆشی لە خانەوادەی ئەو پۆلیسە کرد لە رووداوەکە گیانی لەدەستداوە و گوتی، "رووداوەکە بەو شێوەیە دەرنەکەوتووە کە پەیوەندی بە تیرۆرەوە ھەبێت، بەڵام لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوامه‌.

جیهان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.