سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان رایگهیاند: لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجە و داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتووین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت.
پەیامێک لە سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە
ئەمڕۆ بە زۆرینەی دەنگی فراکسیۆنەکانی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ، ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق یاسای بودجەی فیدراڵی بۆ ساڵی 2021 پەسەند کرد . هیوادارم ئەم یاسایە ببێتە دەستپێکی تێپەڕاندنی دۆخی سەختی دارایی بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان .
سوپاسی تیمی دانوستانکاری حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم بۆ ئەرک و کۆششی بەردەوامیان کە بە درێژایی چەندین مانگ، لە هەوڵ و کارکردنیان بەردەوام بوون. هەروەها سوپاسی فراکسیۆنە کوردستانییەکانی ناو ئەنجومەنی نوێنەران دەکەم بۆ هەوڵ و کۆششەکانیان.
ئەم یاسایە لەیەکگەیشتنێکی باش و پێویست بوو لە نێوان حکومەتی فیدراڵی و هەرێمی کوردستان . هەرچەندە هەرێم ئەوەی کە دەیویست و داوای دەکرد، بە دەستی نەهێنا ، بەڵام بە شێوەیەکی گشتی، ئەم یاسای بودجەیە، لەگەڵ بنەما بنەڕەتییەکانی دەستووردا یەکدەگرێتەوە کە ئێمە لە سەری پێداگیربووین . ئێمە خۆشحاڵین بەو پێشکەوتنەی بەدەست هاتووە کە ماف و ئەرکی هەر لایەک دیاریکراوە .
هیوادارم هەموو ماددەکانی یاسای بودجە جێبەجێ بکرێن و حکومەتی فیدراڵ، شایستە داراییەکانی هەرێمی کوردستان بنێرێت. جێبەجێکردنی تەواوی یاسای بودجە ، دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی کێشە و ناکۆکیەکان لە بارەی شایستە داراییەکانەوە لە 2004 ەوە تا ئێستا، هەروەها دەبێتە هۆی پەرەپێدانی میکانیزمی نوێی وردبینی لە نێوان دیوانی چاودێری دارایی حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمدا . ئەم هەنگاوانەش، متمانە و هەماهەنگیی زیاتر، لە نێوان هەردوولا دروست دەکات .
لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز مستەفا کازمی قسەم کرد و سوپاسم کرد بۆ پشتیوانییەکەی لە یاسای بودجە و داواشم لێکرد کە پابەند بێت بەوەی لە سەری ڕێککەوتووین و شایستە داراییەکانی هەرێم بنێرێت ، جەختم لەوە کردەوە کە بەرژەوەندی عێراق و خەڵکی عێراق لەوەدایە کە پەیوەندییەکی باشی لە گەڵ هەرێمی کوردستان هەبێت.
لەگەڵ جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێم کاک قوبادیش قسەم کرد بۆ ئەوەی سوپاسی ئەو و تیمی حکومەتی هەرێم بکەم بۆ ئەنجامدانی ئەرکە گرنگەکەیان .
تێپەڕاندنی یاسای بودجە، ئومێدێکی بۆ باشتربوونی پەیوەندیی نێوان هەرێم و حکومەتی فیدراڵی گەڕاندەوە، هەرچەندە هێشتا لیستێکی درێژی کێشە و ناکۆکییە هەڵپەسێردراو و چارەسەرنەکراوەکان ماوە.
هیوادارم پەسەندکردنی یاسای بودجە، یارمەتیدەر بێت بۆ ئەوەی دڵنیایی زیاتر بە ژیانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان ببەخشێت .
مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
2021/3/31
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.