ئەمڕۆ چوارشهممه ٢٠٢١/٣/٣١، شێخ جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆکی هەرێمى كوردستان پێشوازی لە هاکان کاراچای، کونسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر و شاندێكی یاوەری کرد.
لە دیدارێکدا برهودان به پەیوەندییەکانی تورکیا و هەرێمی کوردستان بهتایبهتى لە بواری ئاسایش و ئابووریدا، ڕێککەوتنەکانی ئەم دواییەی نێوان بەغدا و هەولێر، بەتایبەتى ڕێككهوتنى ئاساییكردنهوهى دۆخى شەنگال، بابهتى یاسایى بووجهى گشتیى عێراق و پشكى ههرێمى كوردستان، تاوتوێ كران.
لهبارهى مهترسییهكانى تیرۆرهوه، جێگری سەرۆکی ههرێم دووپاتى كردهوه هێشتا ناوچەکە لە ژێر مەترسییەکانی داعشدایە كه بەردەوام هەوڵی تێکدانی ئاسایش و ئارامی دەدەن و فرسەت وەردەگرن لەو ناوچانەی بۆشایی ئەمنیان تێدایه، بەتایبەتیش ناوچەكانی ماددەی (140)، بۆیه پێویستی بە هەماهەنگیی زیاتری هێزە عێراقییەکان و پێشمەرگە هەیە بۆ پاراستن و سەقامگیر بوونی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە.
لاى خۆیهوه کونسولی گشتیی تورکیا لە هەولێر جهختى لهوه کردەوە ئەوان هەمیشە یارمەتیدەر دەبن لەپێناو سەقامگیریى دۆخی سیاسیی عێراق و هەرێمی کوردستان و دوورخستنەوەی مەترسییهكانى داعش کە دەبنە هۆی شێواندنی ئاسایش و ئارامیی ناوچەکە، جێگری سەرۆکیش سوپاسی یارمەتییهكانى توركیاى بۆ هەرێمی کوردستان كرد.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.