Erbil 29°C پێنجشەممە 19 ئەیلوول 19:39

پارێزگاری هەولێر: سەرجەم هەوڵەکانی خۆمان خستۆتە گەڕ بۆ سەلامەتی هاووڵاتیان

کوردستان TV
#7
100%

پارێزگاری هەولێر سەبارەت بە به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: مەترسیەکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سەر گیانی هاوڵاتییان لەزیانبووندایە و گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار تكایه‌ خۆتان بپارێزن.

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

سەبارەت بە پەیامی جەنابی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێزدار مەسرور بارزانی و نیگەرانی بەڕێزیان سەبارەت بە به‌رزبوونه‌وه‌ی رێژه‌ی تووشبوون به‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا و داواکاری له‌هه‌ر چوار پارێزگاكه‌ی هه‌رێمی کوردستان کە به‌رپرسیاریه‌تی سه‌رشانیان به‌رامبه‌ر به‌ هاووڵاتیان جێبه‌جێ بكه‌ن، وەکو پارێزگای هەولێر، دڵنیایی بە بەڕێزیان و هاوڵاتییان و هاوشاریانی خۆشەویستی شارەکەمان دەدەین.

لەژووری ئۆپەراسیۆن سەرجەم هەوڵەکانی خۆمان خستۆتە گەڕ بۆ پاراستی ئاسایشی تەندروستی و سەلامەتی گشتیی شارەکەمان، لێرەشەوە دووبارە بەپێویستی دەزانین ھاوڵاتییان و ھاوشاریانی سنووری پارێزگاکەمان ئاگادار بکەینەوە کە بەداخەوە ئەگەرچی ڤایرۆسی کۆرۆنای گۆڕاو بەشێوەیەکی خێرا بڵاودەبێتەوە و مەترسیەکانی ڕۆژ دوای ڕۆژ بۆ سەرگیانی هاوڵاتییان لەزیانبووندایە و گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار، ھەموو لایەک وەك ئەركێكی نیشتیمانی و نەتەوەیی و بەوپەری هەستکردن بە بەرپرسیاریەتی بۆ پاراستنی سەلامەتی گیانی خۆتان و ئازیزانتان پابەندی ڕێنماییە تەندروستیی و ڕێکارەکانی خۆپارێزبن و دەمامک ببەستن.

ئێمەش وەکو ئیدارەی خۆجێی و پارێزگای هەولێر، دووپاتی دەکەینەوە وەک هەمیشە لەخزمەتی ئێوەدا دەبین و شەو ڕۆژ دەخەینە سەریەک بۆ پاراستنی تەندروستیی و سەلامەتی گشتیی هەولێری پایتەخت.

بەپێویستی دەزانین وێڕای سوپاس بۆ سەرجەم هێزەکانی ناوخۆ کە ئەمڕۆ دوای ڕاگەیندراوی شەوی ڕابردووی ژووری ئۆپەراسیۆن لەئەرک دابوون بۆ هۆشیارکردنەوە هاوڵاتییان و پابەندبوونییان بە ڕێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک)،  بەخۆشحاڵییەوە دەرەنجام و ڕەنگدانەوەی باش هەبوو لە پابەندبوون و هاوکاری هاولاتییان، دڵنیاین بە هاوکاری و خۆڕاگری و پشتیوانی ئێوەی بەڕێز و پابەندبوونتان بەبڕیار و ڕاسپارەدەکانی ژووری ئۆپەراسیۆن و ڕێکارەکانی خۆپارێزی و ڕێنماییە تەندروستییەکان، وەک چۆن لەڕابردوودا دۆخی سەخترمان تێپەڕاندووە، ئەم دۆخە سەختەش تێدەپەڕێنین و بە سەلامەتی و سەرکەوتویی لێی دەردەچین.

ئومێد خۆشناو
پارێزگاری هەولێر
2021.3.29

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.