شاندی دانوستانكاری ھەرێم له‌گه‌ڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆده‌بێته‌وه.
شەوی رابردوو، شاندی باڵای دانوستانكاری حكومەتی ھەرێمی كوردستان، بە سەرۆكایەتی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران گەیشتە بەغدا، ئه‌مڕۆش به جیا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سه‌رۆكی فراكسیۆنەكانی پەرلەمان دوو كۆبوونه‌وه‌یان ئه‌نجامدا و وا بڕیاره له رۆژانی داهاتووش كۆبوونه‌وه‌كان درێژه‌ی هه‌بێت.
به گوێره‌ی میدیا عێراقییه‌كان ئەمڕۆ شاندی حكومەتی ھەرێم لەگەڵ لیژنەی دارایی و فراكسیۆنەكانی پەرلەمان كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجامدا و له كۆبوونه‌وه‌كان گفتوگۆ كرا لەبارەی پشكی ھەرێمی كوردستان لە پڕۆژەیاسای بودجە و رازیكردنیان بە دەنگدان لەسەر پشكی كورستان وەك ئەوەی حكومەت ناردوویەتیە پەرلەمان.
ئه‌مه له كاتێكدا په‌رله‌مانی عێراق سه‌رقاڵی تێپه‌ڕاندنی پڕۆژه یاسای دادگای فیدڕاڵییه‌وه و تا ئێستا كۆده‌نگی له باره‌ی چه‌ند مادده‌یه‌كی پڕۆژه یاساكه نییه ئه‌مه‌ش هۆكاره بۆ دواكه‌وتنی ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه یاسای بودجه‌ی دووهه‌زار و بیست و یه‌ك و ئه‌گه‌ری دواكه‌وتنی پڕۆژه‌كه بۆ دوای جه‌ژنی نه‌ورۆز.
له‌م باره‌یه‌وه بەدر زیادی، پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سائیروون به میدیا عێراقییه‌كانی راگه‌یاندووه بابەتی پرۆژەیاسای بودجە کاتی زۆری بردووە، له‌ئێستاشدا دوایین دانووستاندنەکان لەنێوان حکومەتی فیدڕاڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەڕێگەی شاندێکی فەرمییەوە بەڕێوەدەچێت. روونیشی كردۆته‌وه هه‌ردوولایه‌ن بۆچوونه‌كانیان له‌یه‌كه‌وه نزیكه‌وه و پێشبینی ده‌كرێت بگه‌نه رێككه‌وتنی كۆتایی. ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ی سائیرون دووپاتیشی كرده‌وه زۆربه‌ی لایه‌نه شیعییه‌كان و سوننه‌كان نایانه‌وێت بەبێ كورد دەنگ لەسەر بودجە بدەن و هیوای خواست ئەو بابەتە چارەسەر ببێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.