ماوەیەكە لە میدیاكان باس لەوە دەكرێت پەرلەمانی عێراق بە بڕیارەكەی بانكی ناوەندی بۆ كەمكردنەوەی بەهای دینار، رازی نییە و سوورە لەسەر ئەوەی نرخەكە بۆ ئاستی جاران بگەڕێنێتەوە، یان بە نرخێكی تر جێگیری بكات و كەمێك بەها بە دینار بداتەوە، ئەندامێكی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراقیش ڕهتیدهكاتهوه و ڕایدهگهیهنێت كه بڕیارێكی لهو شێوهیه نییه.
شێروان میرزا ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق ڕایگهیاند: ئەوەی لەسەر بەرزكردنەوەی بەهای دینار دەگوترێت، راست نییە و نرخی دینار لەو ئاستەدا جێگیركراوە كە بانكی ناوەندی عێراق بڕیاری لەسەر داوە، بڕیارەكەش بە هاوئاهەنگی بانكی جیهانیی بووە و حكوومەتیش پەسندی كردووە.
ڕوونیشیكردهووه تەنیا ئەوە لەو پێوەندییە لە ئارادایە، بریتییە لە دانانی لیژنەیەك بۆ كاریگەرییەكانی دابەزاندنی نرخی دینار بەرامبەر دۆلاری ئەمەریكی لەسەر بازاڕ و دەرهاویشتەكانی، لیژنەكە دوای هەڵسەنگاندن و بەدواداچوون، راپۆرتی خۆی پێشكەش دەكات، مەرج نییە دوای راپۆرتەكەش نرخی دینار دەستكاری بكرێت.
جێگهی ئاماژهیه عەلی عەلاوی وەزیری دارایی عێراق، لە میانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەونیدا لە 19ی كانوونی یەكەمی 2020 ڕایگەیاند: لەمەودوا وەزارەتی دارایی دۆلارێك بە نرخی 1450 دینار بە بانكی ناوەندی دەفرۆشێت، بڕیاریشە بانكی ناوەندی بە 1490 دینار، دۆلار بخاتە بازاڕەوە.
دوای ئەم بڕیارە، بازاڕەكان بە تەواوی شێوان و هەر 100 دۆلار كە بە 124 هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەكرا، لە پڕدا هەڵكشا و قۆناغ بە قۆناغ زیاتر لە بەهای دینار كەم بووەوە، ئێستا هەر 100 دۆلار بە نزیكەی 146 هەزار دینار ئاڵوگۆڕ دەكرێت.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.