حه‌یده‌ر عه‌بدولڕه‌حمان
به‌شی دووه‌م
ره‌گه‌زێكی گرنگی سیناریۆ دیالۆگه، به‌ڵام له‌رووی پیشه‌ییه‌وه جیاوازییان له‌وه دایه كه سیناریۆ به‌گشتی پێویستی به‌ئه‌زموون و شاره‌زاییه‌كی سینه‌مایی هه‌یه، به‌ڵام دیالۆگ پێویستی به‌هه‌ردوو ره‌گه‌زی سینه‌مایی و ئه‌ده‌بی هه‌یه، به‌ڵام مه‌رج نیه سیناریستێك ئه‌دیبێكی باش بێت، بۆیه زۆر له‌و به‌رهه‌مه درامیانه‌ی سیناریۆ یان دیالۆگه‌كانیان له‌لایه‌ن ده‌رهێنه‌ره‌وه ده‌نووسرێن لاوازییان له‌لایه‌نه ئه‌ده‌بیه‌كه‌وه پێوه دیاره .
بۆیه وا په‌سه‌ند تره ده‌رهێنه‌ر هه‌موو شتێ نه‌بێ له‌كاری درامادا، به‌ڵكو ئه‌ركه‌كان به‌پێی پسپۆری و ئه‌زموون دابه‌شی سه‌ر ستافه هونه‌رییه‌كه‌دا بكا.
له‌چه‌رخ و فه‌له‌كدا ده‌رهێنه‌ر تووشی ئه‌و گرفته بووه، ته‌وه‌ری باشی بۆ ناوه‌رۆكی دراماكه‌ی هه‌لبژاردووه، به‌ڵام بۆ داڕشتنه‌وه‌ی ئه‌و بیرۆكانه‌ی هه‌یبووه، ئه‌ركی سیناریۆو دیالۆگی خستۆته سه‌ر ئه‌ستۆی خۆی، كه ره‌نگه ئه‌گه‌ر پسپۆر‌و زمان زانێك دیالۆگه‌كانی بنووسیبوایه، دیالۆگی به‌تام و چێژ‌و سه‌رنج راكێشی ئه‌وتۆی ده‌نووسی ، كه بینه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی وێنه ده‌یوروژێنێ ، ئه‌وه‌نده‌ش وشه..
زۆر جاران وشه به‌سه‌ر وێنه‌شدا زاڵه، بۆیه سینه‌ماكارانی جیهانیی ئه‌وه‌نده په‌نا ده‌به‌نه به‌ر رۆمانه‌كانی ماركیس و شكسپیر بۆ سیناریۆو دیالۆگ .
كاركردن له‌درامادا دروست كردنی هاوسه‌نگیه له‌نێو پێكهاته‌كانی درامادا، هه‌ر پێكهاته‌یه‌ك بۆشایی دروست كات، وه‌ك مردنی ئه‌ندامێكه له‌جه‌سته‌ی مرۆڤدا و ده‌چێته خانه‌ی كه‌م ئه‌ندامی و سه‌قه‌تی،
له‌و درامایه‌دا لاوازی دیالۆگ كاراكتهرهكانیشی لاواز كردووه، زۆر له‌وان كه كێشه‌ی ده‌روونی و كۆمه‌ڵایه‌تی گه‌وره‌یان هه‌یه، نه‌یانتوانیووه گوزارشت له‌ئازاره‌كانی خۆیان بكه‌ن، وه‌ك ئه‌وه‌ی كه‌سانی كه‌ڕولاڵ و بێ زمان بن له‌ئاست ده‌ربڕینی ئه‌و ئازارانه.
راسته كامیرا له‌هه‌ندێ دیمه‌ندا ده‌توانێ شوێنی هه‌ندێ دیالۆگ بگرێته‌وه، به‌ڵام بینه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ی ئاره‌زووی وێنه ده‌كات، ئه‌وه‌نده‌ش وشه، به‌تایبه‌ت له‌پرسه كۆمه‌ڵایه‌تی و سایكۆلۆژیهكاندا.
پێویستی دراما بۆ وێنه یا وشه به‌پێی فۆرمی دراماكه ده‌گۆڕێ، له‌هه‌ندێ فۆرمدا ده‌رهێنه‌ر پێویستی بهكامێراو بژارده‌ی گرته‌كان و زمانی كامێرا هه‌یه، له‌هه‌ندێ فۆرمی تردا به‌وشه‌ی ئه‌ده‌بی كاریگه‌ر، به‌ڵام چونكه چه‌رخ و فه‌له‌ك كارێكی كۆمێدی و كۆمه‌ڵایه‌تی و په‌روه‌رده‌یی هاوبه‌شه، پێویستی به‌هه‌ردوكیان هه‌یه.
ره‌گه‌زێكی دیكه‌ی دراما هونه‌ری دروست كردنی گرێ ی درامیه، كه سه‌رچاوه‌ی وروژاندنی بینه‌ره، هه‌ر كات هه‌ستت كرد درامایه‌ك ناتوروژێنێ، ئه‌وه بزانه توخمی دروست كردنی گرێ له‌و به‌رهه‌مه‌دا لاوازه، خۆ ئه‌گه‌ر ئه‌و گرێیانه نه‌بن ، زنجیره‌یه‌كی درامی ناگاته هه‌شت سه‌د و نۆ سه‌د ئه‌لقه ، بێ ئه‌وه‌ی دووچاری سارد بوونه‌وه‌ت بكات .
به‌ڵام سه‌رچاوه‌كانی وروژاندن هه‌ر ته‌نها گرێ نیه ، ره‌نگه هه‌ندێ جار ئه‌كته‌ریش رۆڵی كاریگه‌ری هه‌یه له‌وروژاندنی بینه‌ر و به‌دوادا چوونی بۆ دراما، بۆ نموونه‌ش له چه‌رخ و فه‌له‌ك گرێ زۆر لاوازه ، ته‌نیا گرێ ی نه‌خشین نه‌بێت كه بینه‌ر چاوه‌ڕوانی ئه‌وه‌ی ده‌كرد بزانێت ده‌رهێنه‌ر چ چاره‌سه‌رێك بۆ دۆزینه‌وه‌ی نه‌خشین داده‌نێ ، یان گرێ ی به‌یه‌ك گه‌یشتن یا نه‌گه‌یشتنی شه‌ماڵ و خاتوون و رازی بوون یان رازی نه‌بوونی فریاد، به‌ڵام سه‌رچاوه‌ی كۆ كردنه‌وه‌ی ئه‌و بینه‌ره زۆره به‌ده‌وری دراماكه گرێ نه‌بوو ، به‌ڵكو ته‌نیا ئه‌كته‌ر بوو، به‌تایبه‌ت ئه‌كته‌رێكی كۆمێدی وه‌ك (رێشان حه‌مۆ)
ئه‌كته‌ر
وه‌ك ئاماژه‌م پێدا كۆمه‌ڵه ئه‌كته‌رێكی خاوه‌ن ئه‌زموون له چه‌رخ و فه‌له‌ك ده‌رده‌كه‌ون، هه‌ر یه‌ك له‌وان قورسایی تایبه‌تی خۆیان و شوێنی تایبه‌تی خۆیان هه‌یه له‌دراماكه‌دا.
به‌ڵام رۆڵی گرنگی ( رێشان حه‌مۆ ) وه‌ك ئه‌كته‌رێكی كۆمێدی لهزنجیرهكهدا دیاره ، نواندنێكی سروشتی، دوور له ته‌سه‌نوع و گرژی، دوور له زێده رۆیی و هه‌ڵچوون، ، ده‌م و چاوێكی گوزارشت به‌خش، بهژنو باڵا‌و لهشو لارێكی نه‌رم ، شاره‌زا له‌هه‌ڵسوكه‌وت كردن و ناسینی كاراكته‌ر، بوێر به‌رامبه‌ر به‌كامێرا.
ئه‌گه‌رچی ئه‌و له‌ره‌سه‌ندا زۆرینه‌ی نواندن و ناسینی بۆ بینه‌ر له‌رێگه‌ی رێكلامی بازرگانی بووه، به‌ڵام له‌نواندنی دراماشدا هه‌مان توانا‌و ده‌سه‌ڵاتی هونه‌ریی هه‌یه.
بۆیه ده‌رهێنه‌ر كه به‌شێكی زۆری به‌رهه‌مه‌كه‌ی بۆ رێكلام و بازرگانی ته‌رخان كردووه، سه‌ركه‌وتوو بووه بۆ هه‌ڵبژاردنی ئه‌كته‌رێكی رێكلامی بۆ كارێَكی درامایی .
زۆر له‌و دیمه‌نانه‌ی له‌دراماكه هه‌بوون شایه‌سته‌ی ئه‌و ئه‌كته‌ره نه‌بوون، چونكه ده‌كرا ده‌سه‌ڵات و توانای رێشان وه‌ك پێویست بۆ به‌رهه‌مه‌كه به‌رجه‌سته بكرێت نه‌ك بكرێت به ئه‌كته‌رێكی بازاڕی، هه‌ویر بێت بۆ هه‌موو شتێ .
بۆیه له‌زۆر دیمه‌ندا ناهه‌قیم بهدهرهێنهر ده‌دا كه له‌زۆر دیمه‌ندا غه‌دری له رێشان كردووه، به تایبه‌ت له‌و دیمه‌نه لاوازانه‌ی ناوی چاكسازی لێنابوون.
زاهیر عه‌لی _ ئه‌كته‌رێكی دێرین‌و خاوه‌ن ئه‌زموونه ، به‌و ته‌مه‌نه‌ی ئێستای مێژووی جوانی خۆی وه‌بیر هه‌وادارانی هێنایه‌وه، نواندنێكی سووك و بێ گرێ ی دهكردو سه‌ركه‌وتنێكی باشی به‌ده‌ست هێنا، كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی وه‌ك پێویست به‌رجه‌سته كرد، بۆیه شوێنی زاهیر عه‌لی شوێنێكی دیار‌و به‌رچاو بوو له‌دراماكه‌دا.
جه‌بار مه‌عروف ـ راسته كه له‌گه‌ڵ كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی نزیك بوو، دوو دیارده‌ی زه‌قی پێوه دیار بوو، یه‌كێیان ئه‌وه‌بوو كه وه‌ك كۆیله‌یه‌كی ده‌ستی خونچه‌ی ژنی بوو، جێ به‌جێ كردنی هه‌موو كاره‌كانی به فرمانی ژنه‌كه‌ی بوو، خۆی خاوه‌نی هیچ بڕیارێك نه‌بوو، وه‌ك نموونه‌یه‌كی پیاوانی ئه‌و سه‌رده‌مه، دووهه‌میان : وه‌ك لایه‌نێكی په‌روه‌ردیی رێزێكی زۆری ده‌نواند به‌رامبه‌ر به‌باوكی، ئه‌گه‌رچی ئه‌و باوكه ببووه بارگرانیهك له ماڵه‌كه‌دا .
له‌رووی نواندنه‌وه یه‌ك فۆرمی نواندنی هه‌بوو له‌هه‌موو حاڵه‌ته‌كاندا، بێ ئه‌وه‌ی له هیچ دیمه‌نێكدا و له‌گه‌ڵ گۆڕینی هه‌ر ریتمێكا هه‌ست به گۆڕان له نواندنی دا بكه‌م ، به‌ڵام هه‌ستم به‌بێزار بوون نه‌كرد له‌گه‌ڵیدا.
رزگار زاهیر ـ ئه‌كته‌رێكی ئه‌كادیمی به‌توانایه، ئه‌گه‌ر ئه‌و رۆڵه‌ی پێی ده‌به‌خشرێت له‌ئاست ئه‌و توانایه بێت و ده‌رفه‌تی پێ ببه‌خشرێت وه‌ك پێویست،.
ئه‌و له‌و درامایه‌دا لایه‌نێكی سه‌ره‌كی ململانێی نێو درامایه‌كه بوو، نوێنه‌ری دوژمنكاره كۆنه‌كان بوو، له‌هه‌مان كاتیش‌دا باوكێكی كه‌مته‌رخه‌م بوو له ئاست هاوسه‌رو منداڵه‌كه‌ی.
ئه‌وه‌ی له نواندنی رزگاردا بێزارم ده‌كات، له‌هه‌موو دیمه نهكاندا به‌یه‌ك شێوه، به‌خۆی و هه‌ڵمژینی جگه‌ره‌كه‌ی ده‌ستی ده‌یبینم ، له‌م در امایهو درامای دوا شه‌و یشدا به هه‌مان شێوه به‌و دیمه‌نه خۆی نیشان ده‌دا.
ته‌لار هیرانی ـ دایكی ئاسۆ ، ئه‌كته‌رێكه هه‌م بۆ شانۆ هه‌م بۆ ته‌له‌فزیۆن ده‌شێت، به‌پێی پێویستی كاراكته‌ر ره‌فتار له گه‌ڵ نواندندا ده‌كات، ئه‌و له چه‌رخ و فه‌له‌ك وێنه‌یه‌كی جوانی دراماكه بوو، توانی وه‌ك پێویست گوزارشت له‌و خۆشه‌ویستیه بكات كه وه‌ك دایك بۆ ئاسۆ هه‌یبوو، به‌تایبه‌ت لهدیمهنهكانی به‌هۆش هاتنه‌وه‌ی ئاسۆ و ئازاد كردنی ئاسۆ، به‌ڵام ده‌رهێنه‌ر لهپهلو پۆی خستبوو، لوكێشنهكانی دووباره بوون، زۆربه‌ی دیمه‌نه‌كان له‌یه‌ك شوێنی دانیشتن بوو، بێ ئه‌وه‌ی فۆرمی ده‌ركه‌وتنی بگۆڕێ .
كوێستان خوسره‌وی ـ مامۆستا‌و هاوڕئ ی مناڵی ئاسۆ ، خاوه‌نی روخسارێكی درامی و نواندنێكی به‌پێز بوو، به‌ڵام له‌دراماكه‌دا به‌ئاسانی له‌ده‌ست چوو، بێ ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر به‌و رووكهشیه هه‌ڵسوكه‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌و روخسار‌و توانایه بكات و سوودێكی ئه‌وتۆی لێ ببینێ .
بۆیه ده‌رهێنه‌ر كه رووكه‌شانه كاراكته‌ره‌كانی خۆی به‌رێ ده‌كرد بێ ئه‌وه‌ی لێیان قوڵ بێته‌وه، غه‌درێكی گه‌وره‌ی له‌خۆی و لهكوێستانیش كرد.
سه‌ربه‌ست ئه‌حمه‌د ـ كاراكته‌ره‌كه‌ی وه‌ك نه‌خۆشێك له‌نه‌خۆشخانه‌یه‌كی ده‌روونی، هیچ ئاسه‌وارێكی نه‌خۆشی پێوه دیار نیه، بیست ساڵیشه لهنهخۆشحانهیهكی ئه‌هلیه، بێ ئه‌وه‌ی ده‌رهێنه‌ر هیچ دیمه‌نێكمان له‌نه‌خشی ئه‌و پیاوه فه‌یله‌سوفه نیشان بدا، به‌گشتی ده‌رهێنه‌ر كاراكته‌ره‌كه‌ی كوشت، ئه‌گه‌رچی (سه‌ربه‌ست ئه‌حمه‌د) وه‌ك ئه‌كته‌ر شتێكی تره له‌وه‌ی بینیمان .
مازچین عه‌زیز ـ دایكی ره‌نجه ـ له‌رۆڵی دایك وخه‌مه‌كانی ژیانی ئاڵۆزی كوڕه‌كه‌ی ده‌وه‌شایه‌وه ، به‌ڵام ده‌ركه‌وتنێكی ئه‌وتۆی نه‌بوو زێتر له‌وه‌نده ماف بهكاراكتهرهكهی خۆی بدات.
كهریمۆك غه‌فوور ـ ئه‌و پیاوه ره‌به‌نه هێمنه‌ی ته‌نیایی ته‌نگی پێ هه‌ڵچنی بوو ، خۆی و بووكه‌ڵه مه‌یموونه‌كه‌ی له ژوورێكی ماته‌مدا ژیانیان ده‌برده سه‌ر، له‌لایه‌ك ئه‌شقی بۆ خاتوون و گرێ ی رازی نه‌بوونی فریادی كوڕه گه‌وره‌ی خاتوون به‌هاوسه‌ری بوونی، له‌لا یه‌كی تر جێ به جێ كردنی فرمانه‌كانی هاواری برا گه‌وره‌ی .
كهریمۆك كاراكته‌ره‌كه‌ی لاواز بوو، چونكه پیاوێكی بێ هه‌ڵوێست بوو، وه‌ك پێویست نه‌یتوانی له‌هیچ دیمه‌نێكدا به‌تایبه‌ت له‌گه‌ڵ مه‌یموونه‌كه‌ی باس له‌ئازاره‌كانی خۆی بكات و زێتر كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی به‌خه‌ڵكی بناسێنێ ، به‌ڵام له‌رووی نواندنه‌وه كهریمۆك نواندنێكی هێمن و سروشتی ئه‌نجام دا، كه بینه‌ر له‌خۆی رازی بكات ، چونكه دراما هه‌میشه پێویستی به‌و جۆره نواندنانه هه‌یه كه به‌رجه‌سته‌ی واقیع ده‌كه‌ن و فۆرمێكی سروشتی وه‌رده‌گرن .
میدیا زه‌ندی ـ یان نازه‌نینی خوشكی ئاسۆ ، ئه‌و كیژۆڵه زیره‌ك‌و هوشیارهی هه‌میشه سه‌ركۆنه ده‌كرا له‌سه‌ر راستیه‌كان و ده‌كه‌وته به‌ر زه‌برو زه‌نگی دایكی ، ته‌نیا وه‌ك كچێكی ماڵ نیشان درا ، بێ ئه‌وه‌ی بینه‌ر شتێ له‌جیهانی ناوه‌وه‌ی ئه‌و كاراكته‌ره تێ بگا، هه‌ندێ نموونه‌ی تایبه‌تی ئه‌و بخاته روو، یان گرێیه‌ك بۆ ئه‌و دروست بكات و بینه‌ر زێتر له‌وه‌نده ئاشنا به تایبه‌تمه ندییهكانی نازه‌نین بێت .
له رووی نواندنه‌وه من میدیا له ڕێزی پێشه‌وه‌ی بئهكتهره هه‌ره باشه‌كانی دراماكه ده‌بینم.، مه‌گه‌ر هه‌ر ته‌نها ڕێشان توانیبێتی ڕكابه‌ری له‌گه‌ڵدا بكات له‌نواندن دا.
شنۆ محه‌مه‌د، خاتوون ـ ئه‌و بێوه‌ژنه‌ی رۆڵی بێوه‌ژنێكی ده‌بینی كه كوڕه گه‌وره‌كه‌ی رێگر بوو له‌به‌رده‌م به‌هاوسه‌ر بوونی، من یه‌كه‌م جاره شنۆ له‌كارێكی درامی ده‌بینم ، به‌ڵام توانی وه‌ك پێویست رۆڵی كاراكته‌ره‌كه‌ی خۆی به‌رجه‌ست بكات.
قاسم نوری ـ له‌و درامایه‌دا ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی پێ نه‌درا كه بتوانێت تواناكانی بهدهرخاو زیاتر خۆی ئاشنا بكات به‌بینه‌ر، ئه‌گه‌رنا توانا‌و ئه‌زموونی قاسم له‌هه‌ندێ ئه‌كته‌ری تر زیاتر ده ردهكهوت كه رۆڵی سه‌ره‌كییان پێ درابوو.
ئه‌كته‌ره لاوه‌كییه‌كانی وه‌ك شاخه‌وان مسته‌فا و عه‌لی حامید و عه‌لی عه‌بدولباقی و سه‌ردار زه‌نگه‌نه، ئیدریس رواندوزی ، دلێر دلزار كافرۆشی ، میران سابیر، شادی عوسمان، هه‌ریه‌ك له‌وان به‌گشتی كه‌وتنه به‌ر سێبه‌ر ، ئه‌گه‌رنا ئاماده‌یی زۆرتریان هه‌بوو بۆ به‌خشینی توانای فره‌وانتر .
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.