Erbil 31°C دووشەممە 23 ئەیلوول 18:28

پەیامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە ١١٨مین ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر

بارزانیی نەمر هیچ کاتێک سازشی لە سەر بستێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان نە دەکرد
کوردستان TV
100%

ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک-گەرمیان لە (١١٨) مین ساڵیادی لەدایکبوونی بارزانیی نەمر-دا په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: بارزانیی نەمر هیچ کاتێک سازشی لە سەر بستێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان نە دەکرد.

 

ده‌قی په‌یامه‌كه‌:

ئەمرۆ سەد و هەژدە ساڵ بەسەر ڕۆژێکی پڕ شکۆی گەلەکەماندا تێدەپەرێت ئەویش لەدایکبوونی مرۆڤێکی تایبەت، زۆر تایبەت، باوەڕ بە خوا و بە خۆی و بە گەل و بە خاکی کوردستان، کەسایەتیەکی شۆڕشگێڕ و خاوەن کاریزما و خەباتگێڕێکی بێ هاوتا و مەرد لە دامێنی چیای شیرین لە لانکەی شێران و بەرخودان و فیداکاری لە گوندی بارزانی سەربڵند هاتە ژیانەوە، ئەویش مستەفا بارزانییە.

لەم یادە پڕ شکۆیەدا جوانترین پیرۆزبایی لە خەڵکی سەربەرزی کوردستان و شەھیدە سەربەرزەکان و شەھیدانی ئەنفال و پێشمەرگە قارەمانەکان دەکەین. بارزانیی نەمر لە سەرەتای تەمەنی لە ناو ڕووداوە گەورە و گرینگەکان پەروەردە بوو، زۆر مەردانە و ھەڵۆ ئاسا بە سەر سەختیەکاندا سەرکەوتنی تۆمار دەکرد.

بە درێژایی مێژووی ژیانی لە خەبات و تێکۆشاندا بوو، لە پێناو ڕزگارکردنی گەل و خاکێکی داگیرکراو و پارچەکراو و، لە سێ ساڵیدا لەبەر نیشتمانپەروەریی بنەماڵە سەربەرزەکەیان لەگەڵ دایکی زندان کرا و، لە چوادرە ساڵیدا بە ڕاسپاردەیەکی گرینگەوە چووە کوردستانی باکور و پاش گەڕانەوەی جارێکی دیکە بە ئەرکێکی گرینگی سیاسی و مرۆڤایەتی چووەوە کوردستانی باکور و پاشا ئەدریاتیك و خانەوادەکەی لە مەرگ ڕزگار کرد و گەیاندیانیە کوردستانی ڕۆژئاوا و، لە گەڕانەوەی بارزانیی لاو و سەرکردە و باوەڕ بەخۆ، ڕووبەڕووی چەند پیلان و ڕێگرییەک لە لایەن جەندرمەکانی تورکیای ئەو سەردەمە بووەوە و، بە هۆیانەوە پێنج شەھیدیان دا و توانییان بگەنەوە کوردستان باشوور و ناوچەی بارزان.

لە سۆنگەی ھەستی نیشتمانپەروەری و ھەست بە بەرپرسیارێتی، بە سەرکردەی ھێزێکی پەیت بۆ ھاوکاریی شۆڕشی شێخ مەحمودی حەفید لە سلێمانی نێردراو، لە ڕێگا لە چەندین شوێن لەلایەن ھێزەکانی ڕژیمی پاشایەتیی عێراق بە پاڵپشتیی ئینگلیز ڕێگرییان لێ کرا، بەڵام بارزانی و ھێزەکەی لە چوونەکەیان بەردەوام بوون، بەڵام کاتێک گەیشتنە نزیک سلێمانی شێخی نەمر بەبرینداری دەستگیر کرابوو، ئەوە بوو بارزانی و ھێزەکەی بەو دۆخە دژوار و سەختە توانیان بگەنەوە بارزان.

بارزانی بە هۆی شۆڕشەکانی بارزان تووشی ئاوارەیی بوو و، دواتر لە بەرگریکردن لە کۆماری کوردستان لە مھاباد بەشداریی کرد و، کاتێک بە پیلانی نێودەوڵەتی کۆماری کوردستان شکستی ھێنا، پێشەوا قازی محەمەد ئاڵای کوردستانی بە ئامەنەت بە بارزانی سپارد و گەڕانەوە بۆ بارزان و دووبارە گەڕانەوەی بۆ کوردستانی ڕۆژھەڵات و لەوێوە بەرەو یەکێتی سوڤیێتی جاران.

بارزانی ڕۆڵی گرینگی گێڕا لە سەرکردایەتیکردنی شۆڕشی ئەیلوولی مەزن و گەیشتن بە بەیاننامەی ٢٩-ی حزێران و ناونانی کەرکووك بە دڵی کوردستان و ڕێکەوتننامەی (١١)ی ئاداری مێژوویی و هەڵکیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز، کە هەموویان وێستگەی گرینگن لە مێژژوی ئەم پیاوە مەزنەی کورد و کوردستان. ئەم شۆڕشگێڕە نەتەوەییە بووە سومبولی خەباتی نەتەوەیەکی پارجەپارچەکراو و، لە نائومێدیدا بەوپەڕی هیوا و بە متمانە بەخۆبوون و باوەری بە خودا و گەلەکەی ئاڵای شۆڕش و بەرەنگاربوونەوەی دژی داگیرکەران هەڵدەکرد و، دۆزی ڕەوای گەلەکەمانی بە ههموو جیهان دەیگەیاند و دەیناساند.

بارزانیی نەمر هیچ کاتێک سازشی لە سەر بستێک لە خاکی پیرۆزی کوردستان نە دەکرد.

سڵاو لە یادی ھەڵۆی بەرزەفڕی کوردستان بەرز و پیرۆز بێت ئەم یادە مەزنە لە خەڵکی خۆڕاگر و سەربەرزی کوردستان.

دکتۆر کەمال کەرکووکی سەرۆکی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی کەرکووک -گەرمیان ٢٠٢١/٣/١٤

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.