Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 19:16

خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ حه‌وت مادده‌ له‌ پێشنیازه‌یاساى پاراستنی تۆڕو بنچینه‌کانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ کرا

کوردستان TV
#7
100%

سه‌عات 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه 2021/3/10، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (3)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان به‌ناوى خواو گه‌لی كوردستانه‌وه‌ دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه‌، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌ى خوێنده‌وه‌ كه‌ له‌دوو خاڵ پێكهاتبوو خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌خستنه‌ڕووی بیرۆكه‌ی به‌ڕێز په‌رله‌مانتار (هێڤیدار ئه‌حمه‌د سلمان)، په‌یوه‌ست به‌ (ژینگه‌)، به‌پێی حوكمى خاڵی (2)ى بڕگه‌ی (یه‌كه‌م) له‌مادده‌ى (49)ى په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان-عێرق، خاڵی دووه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كاریش بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م بۆ پێشنیازه‌یاسای (پاراستنی تۆڕو بنچینه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌هه‌رێمی كوردستان-عێراق)، به‌پێی حوكمى مادده‌كانی (87، 88، 89) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان.

به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار، په‌رله‌مانتار (هێڤیدار ئه‌حمه‌د سه‌لمان)، بیرۆكه‌كه‌ی سه‌باره‌ت به‌پرسی ژینگه‌و مه‌ترسییه‌كانی له‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌و جیهان خسته‌ڕوو و تیایدا باسی له‌گۆڕانکارییەكانی کەشوهەواو بەرزبوونەوەی پلەی گەرماو ئاستی ئاوی زه‌ریاكان و مەترسییه‌كانی ئه‌و گۆڕانكارییانه‌ لەسەر عێراق و هه‌رێمی كوردستان و ناوچه‌كه‌و جیهان و بەرهەمهێنانی خوراک و ئاسایشی خۆراك كردو راشیگه‌یاند: "هەرێمی کوردستان ئێستا 70٪ی پێداویستیی خۆراکی خۆی لەدەرەوە دابین دەکات و ئاسایشی خۆراکی ئێمە لەمەترسییەکی گەورەدایە، بەڵێ گۆڕانکاریی زیاتری کەشوهەوا "حەتمییە"و دەبێ خۆمان بۆ ئەم گۆڕانکارییانە ئامادە بکەین".

سه‌باره‌ت به‌‌به‌رزبوونه‌وه‌ى ئاستی ئاوى ده‌‌ریاكانیش رایگه‌یاند: "پێشببینی دەکرێت لە 2050دا 640 ملیۆن کەس ماڵەکانی خۆیان لەدەستبدەن، بەهۆی نقومبوونی خانووەکانیان، ئەویش بەهۆی بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو لەدەریاکان، بگرە شاری تەواو هەن لەئەوروپاو ئاسیا ژێر ئاو دەکەون، ئەمەش وادەکات یەک ملیار کەس لەدنیا کۆچ بکەن".

هه‌ر له‌بیرۆكه‌كه‌یدا باسی لەمه‌ترسییه‌كانی بەرزبوونەوەی پلەكانی گەرماو كاریگه‌ریى له‌سه‌ر دابینکردنی ئاوی خواردنەوە كردو راشیگه‌یاند: "نەتەوەیەکگرتووەکان لە 2020/3/22 لەسەر کەمبوونەوەی ئاو، هەرئێستا هۆشداری دەدەن کە لە 2050، نەبوونی ئاوی خواردنەوە، یاخود کەمبوونەوەی ئاو بەڕێژەی 52٪ی لەدەستدەدەین".

گووتیشی: "ئەو راپۆرتەی نەتەوەیەکگرتووەکان بەشێوەیەکی زۆر مەترسیدار باسی کەمبوونەوەی ئاو دەکات کە "دەرئەنجامەکانی کەمبوونەوەی ئاو زیاتر لەدەوڵەتانی تازەپێگەشتوو و وشکەکان بەدەردەکەون"و دەڵێت "زۆر ترسناکە" بەناو ناوی عێراقی هێناوە کەکاریگەریی لەسەر دیجلە و فرات دروستدەکات، هەندێک شارەزای ناوچەییش پێشبینی دەکەن ساڵی 2040 ڕەنگە هەردوو رووباری دیجلەو فورات وشک ببن".

هه‌روه‌ها چه‌ندین زانیارى و ئامارى سه‌باره‌ت به‌و مه‌ترسییانه‌ى كه‌ كه‌شوهه‌وا كردوویه‌تییه‌ سه‌ر خاكی كشتوكاڵی كه‌پشت بەباران دەبەستێت كه‌ له‌ئێستادا لەنێوچووە، هه‌روه‌ها ئەو خاکەی كه‌ بۆ بەخێوکردنی ئاژەڵ بەکاردەهات و له‌ئێستادا بەهۆی کەمبوونەوەی ئاوو به‌رزبوونه‌وه‌ى پله‌كانی گەرما لەنێوچووە خسته‌ڕوو و راشیگه‌یاند: "راپۆرتی ژینگەی جیهانی لەسەر ناوچەی رۆژئاوای ئاسیا باسی عێراق دەکات و دەڵێت عێراق پێنجەم هەشاشترین دەوڵەتە لەسەر ئاستی جیهان لەکێشەی مەترسییەکانی دابینکردنی ئاوو خۆراک".

له‌كۆتایى بیرۆكه‌كه‌شیدا ئاماژه‌ی به‌وه‌ داوه‌ كه‌ده‌بێ هه‌رێمی كوردستنان چیبكات ‌و ده‌ڵێت: "دەبێ کۆنفڕاسێکی زانستی لەسەر ژینگە، بەپشتیوانیی نەتەوەیەکگرتووەکان و دەوڵەتانی دۆست و زانکۆکانی هەرێمی کوردستان ئەنجامبدرێت، هه‌روه‌ها هەر ئێستا پلان هەبێت بۆ ئاوەدانی دوای 10 ساڵ کە کۆچکردنی هاونیشتیمانیانی عێراق لەباشوورو بەشێکی نێوەڕاست بۆ هەرێمی کوردستان روودەدات"، ده‌شڵێت پێویستە کارگەکانی بەرهەمهێنانی ئاوی دلۆپێندراو زیاد بکەین، هەم وەک سەرچاوەیەکی داهات و هەمیش بۆ دابینکردنی ئاو بۆ نێوەڕاست و باشووری عێراق".

به‌پێی خاڵی دووه‌م و كۆتایى به‌رنامه‌ى كار كه‌بریتی بوو له‌خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م بۆ‌ پێشنیازەیاسای (پاراستنی تۆڕو بنچینه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆ له‌هه‌رێمی كوردستان)، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی شاره‌وانی و گواستنه‌وه‌و گه‌یاندن و گه‌شتوگوزار، راپۆرتی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ند كه‌ له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه‌ راستاندنی بۆ كرابوو خوێندرایه‌وه‌، پاشان سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ى خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌راپۆرته‌كه‌ بكرێته‌ بنه‌ما بۆ گفتوگۆكردن، ئه‌و پێشنیازه‌ش به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكراو له‌لایه‌ن هه‌ردوو لیژنه‌كه‌وه‌ ناوونیشان و حه‌فت مادده‌ى پێشنیازه‌یاساكه‌ به‌و بڕگانه‌ى كه‌هه‌ر مادده‌یه‌ك له‌خۆی گرتبوو، خوێندرایه‌وه‌و له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشه‌وه‌ چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پێشنیاز بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى ئه‌و حه‌فت مادده‌یه‌ خرایه‌ڕوو.

به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ به‌بڕگه‌ی دووه‌م له‌ماده‌ی (48) له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌مانى كوردستان، ئه‌وه‌ى به‌جیا خسته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ كه‌ ئایا به‌رده‌وام بین له‌گفتوگۆكردنی مادده‌كانی دیكه‌ی پێشنیازه‌یاساكه‌، یاخود ته‌واوكردنی مادده‌كانی دیكه‌ دوا بخه‌ین بۆ دانشتنی دوای رۆژی 16/3 كه‌ تایبه‌ت به‌هه‌ڵه‌بجه‌، به‌زۆرینه‌ی ده‌نگ دانیشتنه‌كه‌ دواخراو به‌مجۆره‌ كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

شایانی باسه‌ ئه‌و پێشنیازه‌یاسایه‌ له‌ (28) مادده‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندن پێكهاتووه‌و مه‌به‌ست له‌ده‌رچوواندنیشی پاراستنی پڕۆژه‌و تۆڕه‌كانی ئاوو ئاوه‌ڕۆیه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها دڵنیابوون له‌تواناكانی ئه‌و تۆڕانه‌ له‌ڕووى هونه‌رییه‌وه‌و پارێزگاریكردن له‌ژینگه‌و پێدانی ئاوی خاوێن به‌هاووڵاتییان به‌شێوه‌یه‌كی دادپه‌روه‌رانه‌و پاراستنی ته‌ندروستیى گشتی و پاراستنی ژێرخانی ئابوورى و به‌فیڕۆدانی سامانی گشتى.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.