Erbil 33°C سێشەممە 24 ئەیلوول 16:27

پارێزگای هەولێر: تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ لەپێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان

کوردستان TV
#7
100%

پارێزگای هەولێر له‌ ساڵیادی رزگاركردنی شاری هه‌ولێر و ساڵیادی رێككه‌وتننامه‌ی 11ی ئازاری 1970 په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌.

بەرز و پیرۆزبێت یادی ڕاپەرین و ڕزگارکردنی هەولێر

جەماوەری بەشەرەفی کوردستان
خەڵکی خۆشەویستی شاری هەولێر

به‌ بۆنه‌ی ساڵیادی رێككه‌وتننامه‌ی (11ی ئازاری 1970) و ساڵیادی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی هەولێر، پیرۆزباییه‌كی گه‌رم ئاراستەی سەرجەم كوردستانیان بەگشتیی و جەماوەری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بەتایبەتی ده‌كه‌ین و سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاكی شەهیدانی ڕێگای ڕزگاری کوردستان داده‌نوێنین و سڵاو و حورمەت دەنێرین بۆ خانه‌واده‌ و كه‌سوكاری سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان.
                                                                   
ئەمڕۆ 51 ساڵ بەسەر دەستكەوتێكی گرنگی شۆڕش و بەرهەمی چەندین ساڵ خەبات و خۆڕاگری و قوربانیدانی گەلەکەمان لە پێناو مافە ڕەواكانیدا تێدەپەڕێ کە ئەویش واژووكردنی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازاری ساڵی 1970یە کە وه‌ك به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی مێژوویی گرنگ، سه‌نگ و كاریگه‌ری خۆی هه‌بوو به‌سه‌ر ره‌وتی بزاڤی رزگاریخوازی نه‌ته‌وه‌ییمان به‌گشتیی و مێژووی كورد بەتایبەتی لە نێوان سەركردایەتیی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول و حكوومەتی ئەوسای عێراق، هەروەها یادی (30) ساڵەی ڕاپەڕین و ڕزگارکردنی هەولێرە، کە لەڕۆژێکی وەکو ئەمڕۆدا و بەر لە30 ساڵ و لەیادی پڕشکۆی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار، تەواوی چین و توێژەكانی هەولێر و دەوروبەری بە پشتیوانی هێزی پێشمەرگە قارەمانەکانی كوردستان، هەولێری هەردەم سەربەرز و خۆڕاگر بەپیر و لاو و ئافرەتان بە یەك ئاراستە و یەك دەنگ، دژ بە دڕندەترین رژێم و سوپای داگیركەری كوردستان ڕاپەرین و بەچەند كاتژمێرێكی کەم تەواوی مۆڵگەی سەربازی و ئەمنی و دام و دەزگا داپڵۆسێنەرەکانی بەعسیان پاككردەوە و هەولێری قەڵا و منارە تاجی سەركەوتنی ڕاپەرینی لەسەرنا.
                                           
لەم دوو یادە شكۆدارەدا، کە یادكردنەوەی ڕێككەوتننامەی یازدەی ئازار و ڕاپەرینی جەماوەی شاری هەولێری خۆشەویستە، دووپاتی ده‌كه‌ینه‌وه‌ وەکو پارێزگای هەولێر و سەرجەم یەکە کارگێڕی و ئیدارییەکانی، تەواوی هەوڵەکانمان دەخەینەگەڕ و كۆششی به‌رده‌وام دەکەین لەپێناوی خزمەتکردنی شارەکەمان و هاوڵاتییانی، دڵنیاشیان دەکەینەوە، ئامانجەكانی شۆڕش و ڕاپەرین دەكەین بە هەوێنی كاركردنمان لەپێناو بەدیهێنانی ئاواتەكانی گەلەکەمان و دابینكرنی ژیانێكی شایستە و بەختەوەر بۆیان.    
                                      
وێڕای بەرز و پیرۆز ڕاگرتنی یاد‌ و بۆنە نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییەکانی ئازار، داوای لێبوردن لەهەموو لایەک دەکەین کە بەهۆی ڕێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئەو دوخە هەستیارەی لەئارادایە، بۆئەمساڵ هیچ مەراسیم و ڕێورەسمێکی تایبەت بەمبۆنانەوە ئەنجامنادرێت، بۆیە داواکارین لە لایەنە سیاسیەکان و جەماوەری خۆشەویستی شارەکەمان هاوکارمان بن و پابەندبن بە بڕیار و ڕاسپاردەکانی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر و هەموو جۆرە کۆڕ و کۆبوونەوە و گردبوونەوەیەک قەدەغەیە.  
                   
جارێکی تر بەرز و پیرۆز بێت ساڵیادی یازدەی ئازاری 1970 و ڕاپەڕین و ڕزگاركردنی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان، شاری ئاشتی و ئارامی و خۆشەویستی و پێکەوە ژیان.
     
سڵاو لە شەهیدانی ڕێگای سەرفرازی و خەباتی ئاشتیخوازانەی گەلی كوردستان.                                                                  
بژی کورد .... بژی کوردستان

پارێزگای هەولێر
2021.3.10

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.