بەبۆنەی ساڵیادی ئیسراو میعراجی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پەیامێک بڵاو دەکاتەوە، ئەمەی خوارەوە دەقەکەیەتی:
بەناوی خوای گەورەو میهرەبان
سُبْحَانَ الَّذِي أَسْرَى بِعَبْدِهِ لَيْلًا مِنَ الْمَسْجِدِ الْحَرَامِ إِلَى الْمَسْجِدِ الْأَقْصَى الَّذِي بَارَكْنَا حَوْلَهُ لِنُرِيَهُ مِنْ آيَاتِنَا إِنَّهُ هُوَ السَّمِيعُ الْبَصِيرُ
بە بۆنەی هاتنەوەی ۲۷ی رەجەب ساڵیادی ئیسڕاو میعراجی پێغەمبەر (درودی خوای لێ بێت)، وێڕای دڵخۆشی و ئارامبوونەوەی دەروون بەو یادەو پیرۆزبایی لەموسڵمانان، خوازیارین ئەم یادەوەرییە ببێتە گڕو تینێکی تازە بۆ برەودان بە لایەنی ئیمانی و ئینسانی و دینداری لەکورستان.
وەک دەزانین شەوڕۆیی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێت) رووداوێکی کەم وێنەو موعجیزەیەکی گەورە بووە، کە پێویستی بە رامان و لێ وردبوونەوەو خوێندنەوە هەیە، چونکە بۆ هەر دۆخ و زەمەنێک یادێکی کاریگەرە بۆ زیندوو کردنەوەی ئیمان و وێستگەیەکە بۆ رێبوارانی رێگای خواناسی بۆ گەیشتن بە ناسینی پتری پایەو مەقامی پێغەمبەر(درودی خوای لەسەر بێت).
وانەو پەیامەکانی ئەو گەشتە ئیمانیەی سەروەرمان وێڕای ئەوەی سەلمێنەری دەستەڵاتی خوای باڵادەستە، لەهەمان کات مەدرەسەیەکی گەورەی ئامۆژگاری و پەند وەرگرتن و پەروەردەو هەڵنانی دەروونە، بەتایبەت بۆ رۆژگاری ئێستا کە هەمووان لەپێناو گەشەی ئیمان و بەدەستهێنانی بەختەوەری و نزیکبوونەوە لە پاکی دەروونی و راستکردنەوەی هەڵەو پەڵەو کردارو رەفتاری نادروست، پێویسمان بە میعراجی رۆحە بۆ لای پەروەردگاری جیهان لەرێی پەیڕەوکردنی شەریعەت و سوننەتی پێشەوامان.
بەهیواین ئەم یادە دەرگای رەحمەت و بەخشندەیی خوای گەورە لەهەموو لایەکمان بکاتەوەو ببێتە مایەی خێرو بەرەکەت و نەمانی نەخۆشی و ناخۆشی لەسەر گەل و وڵاتمان.
یەکێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان
۱٠ی۳ی۲٠۲۱
۲٦ی رەجەبی ۱٤٤۲ک
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.