Erbil 14°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 15:39

دیندار زێباری: هەرێمی کوردستان پیشەنگە لە پاراستنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان

کوردستان TV
#7
100%

رۆژی هه‌ینی 5/3/2021 پاپا فرانسیس پاپای فاتیكان بە سەردانێكی مێژوویی بۆ یەكەم جار سەردانی عێراقی كرد.

بڕیار وایە سبەی یه‌كشەممە رێككەوتی 7/3/2021 سەردانی شاری هەولێر بكات، ئەم سەردانەش لە زۆر رووەوە گرنگی خۆی هەیە، چونكە هەر كاتێك كریستیان و پێكهاتەكانی دیكەی عێراق هەستیان بە نا ئارامی كردبێت روویان لە هەرێم کرد و بە باشترین شوێن و پەناگەیان زانی بۆ پاراستنی گیان و ماڵی خۆیان و ئێستاش ژمارەیەکی زۆریان لە کەمپەکانی هەرێمدا دەژین.

لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: لە دوای ئازادكردنی عێراق لە ساڵی ٢٠٠٣دا هەرێمی كوردستان تاكە شوێنە كە تێیدا هەموو پێكهاتە ئایینی و نەتەوەیی و مەزهەبییەكان هەست بە ئاسوودەیی دەكەن و لە هەرێمی كوردستاندا هیچ كەسێك لەسەر جیاوازیی نەتەوەیی ڕووبەڕووی كێشە نەبووەتەوە.

بەپێچەوانەوە حكوومەتی هەرێم بەردەوام پشتگیری لە پێكەوەژیانی ئایینی و نەتەوەیی دەكات بەبێ ڕەچاوكردنی جیاوازیی ئایینی، مەزهەبی و نەتەوەیی، هەروەها دەرگاكانی هەرێمی واڵا كردووە و تا ئێستا بە دەیان هەزار خێزانی كریستیان، ئێزدی، توركمان، شەبەك و عەرەب لە ناوچەكانی باشوور و ناوەڕاستی عێراق بۆ پاراستنی گیانی خۆیان ڕوویان لە  هەرێم كردووە و حكوومەتی هەرێمیش بەپێی توانا هەموو ئاسانكارییەكی بۆ ئەنجام داون‌ و ئێستایش وەكو هەموو هاووڵاتییەكی دیكەی كوردستان ژیانی ڕۆژانەی خۆیان بەبێ هیچ گوشارێك دەبەنە سەر.

د.دیندار زێباری لە بارەی پاراستنی مافی پێكهاتە ئایینییەكان گوتی: لە هەرێم چەند یاسا کاریان پێدەکرێت کە بۆ خزمەتکردنی پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان دەرچوون و نیشانەی پەرۆشیی حکومەتی هەرێمن بە پاراستنی مافی گشت پێکهاتەکان وەک یاسای ژمارە (5)ی ساڵی 2015 کە بە یاسای پاراستنی مافی پێکهاتەکان لە هەرێم ناسراوە و یاسای ژمارە (٦)ی ساڵی ٢٠١٤ کە بە یاسای زمانە رەسمییەکانی هەرێم ناسراوە و تێیدا هاتووە لە هەر شوێنێک کە ژمارەی دانیشتوانی لە پێکهاتەیەک بن، ئەوا زمانی ئەو پێکهاتەیە فەرمی دەبێت لە پاڵ زمانی کوردی لە خوێندن و کاروباری ئیداری. لە ساڵی ٢٠١٧ حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوی وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئیسلامی گۆڕی بۆ وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی، كە هەموو پێکهاتە ئایینیەکانی دیکە نوێنەرایەتییان هەیە لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی وەك: (ئێزدی، كریستیان، جوو، كاكەیی، زەردەشتی، بەهائی، سابیئە مەندائی، هەر لە هەمان ساڵ بەڕێوەبەرایەتی (پێکەوەژیانی نێوان ئایینەکان) لە وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی دامەزراوە بە ئامانجی پتەوکردنی پەیوەندیی نێوان گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان لە چوارچێوەی سیاسەتی یەکسانی کە حکومەتی هەرێمی کوردستان پەیڕەوی دەکات.

لە بارەی بەشداریی سیاسیی پێکهاتە ئایینیەکان لە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زێباری وتی: دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی ساڵی ١٩٩٢و پێکهێنانی پەرلەمانی کوردستان کە لە (١٠٠) کورسی پێکهاتبوو و (٥) کورسی کۆتا بۆ کریستیانەکان، بەڵام لە ساڵی ٢٠٠٥ ژمارەی کورسی کۆتای پێکهاتەکان زیادکرا بۆ (١١) کورسی بەم شێوەیە: ( ٥) کورسی بۆ تورکمان و (٥) کورسی بۆ کلدان، ئاشوری و سریان و (١) کورسیش بۆ پێکهاتەی ئەرمەن، ئەمەش نیشانەی پاراستن و گرنگیدانی هەرێمی کوردستانە بە گشت پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکان کە لە هەرێمی کوردستان دەژین.

لە هەرێم هەوڵدرا زیاتر لە ٤٠ گوند بۆ كریستیانەكان ئاوەدان بكرێتەوە و چەندین مەزاری دێرین نۆژەن بكرێتەوە. ئاوەدانكردنەوەی ئەم گوندانە پێش شاڵاوی ئەم دواییەی تیرۆریستانی داعش بۆ سەر موسڵ و دەشتی نەینەوا، بووە هۆكاری ئەوەی بەشێكی زۆر لە كریستیانەكان روو لە هەندەران نەكەن.

زێباری تیشکی خستە سەر ئەو خزمەتگوزاریانەی لە رووی پەروەردە و خوێندنەوە پێشکەش بە پێکهاتەکان دەکرێت بەتایبەت کریستیانەکان و لەم رووەوە وتی: له‌ هه‌رێمى كوردستان دەیان قوتابخانه‌ به‌ زمانى سریانی هەیە به‌تایبه‌تى له‌و شوێنانه‌ى كه‌ رێژەی کریستیانی زۆره‌ وه‌ك (هه‌ولێر/ عەنكاوه‌، شه‌قڵاوه‌، كۆیه‌، دیانا، هاودیان و هه‌رمۆته‌ له‌كۆیه‌،هەروەها به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تى گشتى تایبه‌ت به‌ خوێندنى سریانى له‌ وه‌زاره‌تى په‌روه‌رده‌ هه‌یه‌. لە بارەی خوێندنی باڵاشەوە زانکۆی کاسۆلیکی دامەزراوە کە تێیدا قوتابییەکان فەلسەفەی لاهوت دەخوێنن و راستەوخۆ بەستراوەتەوە بە زانکۆی ئۆربانی لە رۆما، لەلایەکی دیکە لە ساڵی ٢٠٠٦ەوە پەیمانگای شەمعون صەفا گواستراوەتە هەولێر و ئێستاش بەردەوامە.

لە كۆتایی لێدوانەكەیدا لەم بارەوە د.دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکومەتی هەرێمی کوردستان وتی: ڕەشنووسی دەستووری هەرێمی كوردستان هەنگاوی گرینگی هەڵگرتووە و پێكهاتەكانی دیكەی وەك كەمایەتی وێنا نەكردووە.‌ لە ماددەی (٥)ی ئەم ڕەشنووسەدا هاتووە كە: گەلی هەرێمی كوردستان پێك هاتووە لە كورد، توركمان، عەرەب، كلدان، سریان، ئاشووری، ئەرمەن و هاووڵاتییانی دیكەی هەرێمی كوردستان. بە هەمان شێوە لە ماددەی (٢٠)، بڕگەی (٢)ی ئەم ڕەشنووسەدا هاتووە كە، هەموو چەشنە جیاكارییەك لە بناغەی نژاد، ڕەنگ، ڕەگەز، زمان، پێگەی كۆمەڵایەتی، وڵاتنامە، بنەچە، ئایین، بیروباوەڕ، هزر، تەمەن، باری ئابووری، كۆمەڵایەتی، سیاسی، یان كەمئەندامی قەدەغە كردووە. لە لایەكی دیكەوە لە ماددەی (١٢٤)دا هاتووە كە ناكرێ ئەحكامی ئایینێكی دیاریكراو بەسەر پەیڕەوانی ئایینێكی دیكەدا بسەپێنرێت و پەیڕەوانی ئایینەكانی دیكەی نامووسڵمان، وەك كریستیان و ئێزدی بۆیان هەیە ئەنجومەنی ڕۆحانیی تایبەت بە خۆیان دابمەزرێنن، لەم ڕوانگەیەوە حكوومەتی هەرێم بە بەردەوامی هەڵی داوە بۆ پتەوكردنی گیانی تەبایی و پێكەوەژیانی نێوان گشت ئەو پێكهاتە ئایینی و مەزهەبی و نەتەوەییانەی لە هەرێمی كوردستاندا ژیان بەسەر دەبەن.

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.