سەرلەبەیانی ئەمڕۆ شەمە 2021.3.6، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، لەدیوانی پارێزگا، لەگەڵ سەرجەم فەرمانگە و بەڕێوەبەرایەتی شارەوانییەکان کۆبۆوە.
لەکۆبوونەوەکەدا کە هەریەک لە قائیمقامی ناوەند و سەرۆکی شارەوانیی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان و بەڕێوەبەرانی شارەوانییەکانی سەر بەسەرۆکایەتی شارەوانیی هەولێر ئامادەی بوون، پارێزگاری هەولێر، بەمەبەستی خزمەتکردنی زیاتر و گەیاندنی خزمەتگوزاری پێویست بۆ هاوڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر باسی لەپەرەپێدانی زیاتری هەماهەنگیی و هاوکاری نێوان وەزارەتی شارەوانی و پارێزگای هەولێر کردەوە، هەروەها تەئکیدی لەسەر ڕێگە نەدان بە ئەنجامدانی سەرپێچی و زێدەڕۆیی و پاراستنی ناوچە سەوزاییەكان کردەوە، لەمبارەیەشەوە پارێزگاری هەولێر، وێڕای ئەوەی پاڵپشتى تەواوی خۆی بۆ شارەوانییەکان راگهیاند، داوای کرد میکانزمێکی دروست بۆ ئەوکارە بگیرێتەبەر.
لەتەوەرێکی تری کۆبوونەوەکەدا، لەپێناو ئاسانكاری و زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان لەڕاییکردنی مامەڵەکانییان، پارێزگاری هەولێر باسی لە ڕۆتین و کەمکردنەوەی ڕۆتین کرد و جەختی لەوەکردەوە کە پێویستە هەوڵەکانتان بخەنەگەڕ بۆ ئەوەی لە فەرمانگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ڕۆتین کە بۆتە گرفت لەبەردەم ڕاییکردنی مامەڵە و کاروباری هاوڵاتییان کەمبکرێتەوە، بۆ ئەو مەبەستەش بڕیاریدا بەپێکهێنانی دوو لێژنەی تایبەت بۆ بەدواداچوون و چارەسەرکردنی کەمکردنەوەی ڕۆتین و ڕێگە نەدان بە ئەنجامدانی سەرپێچی و لادانی زێدەڕۆییەکان.
هەروەها لەکۆبوونەوەکەدا، تیشک خرایە سەر چەند پرسێکی دیکەی پەیوەست بە شارەوانییەکانی هەولێر و گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدان و خاوێنکردنەوەی شەقام و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان و ڕێکخستنەوەیان و چاکردنەوەی پردەکانی پەڕینەوەی پیادەی کرا.
پارێزگاری ههولێر: پێویسته بهکهمترین کاتدا مامهڵهی هاوڵاتییان رایبکرێت
100%
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.