Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 21:02

له‌ رۆژێکی وه‌کو ئه‌مڕۆدا حکوومه‌تی عێراق و ئێران رێککه‌وتننامه‌ی جه‌زایریان له‌دژی کورد واژۆ کرد

به‌ یه‌كێك له‌ گه‌له‌كۆمه‌ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان له‌ دژی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان ده‌ژمێردرێت
کوردستان TV
100%

له‌ 6/3/1975 به‌ مه‌به‌ستی گه‌مارۆدانی شۆڕشی ئه‌یلوولی مه‌زن و كۆتایی هێنان به‌ خه‌باتی رزگاریخوازی كورد له‌ كوردستانی عێراقدا، رژێمی به‌عسی له‌ناوچوو له‌گه‌ڵ حكوومه‌تی ئێرانی سه‌رده‌می شا به‌ سه‌رپه‌رشتی حكوومه‌تی جه‌زاییر رێككه‌وتننامه‌یه‌كیان ئیمزا كرد، كه‌ دواتر به‌ رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زاییر ناسرا، كه‌ گه‌مارۆدانی شۆڕشی كوردستان و سست كردنی بزاڤه‌ رزگاریخوازه‌كه‌ی له‌ خاڵه‌ هه‌ره‌ سه‌ره‌كییه‌كانی بوو، به‌ گوێره‌ی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌، رژێمی به‌عس ده‌ستی له‌ نیوه‌ی شه‌تولعه‌ره‌ب هه‌ڵگرت بۆ ئێران، له‌ به‌رانبه‌ردا تاران هاریكاری ته‌واوی رژێمی به‌عس بكات له‌ ده‌وره‌دان و گه‌مارۆدانی شۆڕشی كوردستان به‌سه‌ركردایه‌تی مسته‌فا بارزانی نه‌مر، هه‌ر وه‌كو له‌ ده‌قی رێككه‌وتننامه‌كه‌دا دووپات له‌ گرتنبه‌ری رێوشوێنی ئه‌منی كراوه‌ته‌وه‌، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌، رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زاییر به‌ یه‌كێك له‌ گه‌له‌كۆمه‌ ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تییه‌كان ده‌ژمێردرێت له‌ دژی بزاڤی رزگاریخوازی كوردستان، كه‌ به‌ هۆیه‌وه‌ شۆرشی ئه‌یلوول ناچار بوو، بۆ ماوه‌ی كه‌متر له‌ ساڵێك نووچ بدات ، شۆڕشی ئه‌یلوول هه‌رچه‌نده‌ له‌ ساته‌وه‌ختێكدا به‌رپا كراو درێژه‌ی پێدرا كه‌ سیاسه‌تی جیهانی له‌ لایه‌ن دوو جه‌مسه‌ری دژ به‌یه‌كه‌وه‌ به‌ڕێوه‌ده‌برا، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا شۆڕشی ئه‌یلول به‌سه‌ركردایه‌تی بارزانی نه‌مر توانی كورد بكاته‌ یه‌كێك له‌و لایه‌نانه‌ی له‌سه‌ر ئاستی ئیقلیمی و نێوده‌وڵه‌تیدا كاریگه‌ری هه‌بێت، بارزانی هیچ كاتێك ئاماده‌ نه‌بوو له‌ پێناو سه‌ركه‌وتنی كاتی و وه‌رگرتنی مافه‌ ره‌واكانی گه‌لی كوردستان به‌نیوه‌چڵ و له‌سه‌ر دۆزی ره‌وای كوردستان سازش بكات، واته‌ ئاماده‌نه‌بوو ده‌ست له‌ كه‌ركوك و شنگال و خانه‌قین هه‌ڵبگرێت، یان هیچ كاتێك ئاماده‌ نه‌بوووه‌ گه‌لی كوردستان دووچاری قه‌تلوعام بوون و فه‌وتان و له‌ناوچوون بكاته‌وه‌، له‌ به‌ر هۆكارێكی تایبه‌تی كه‌ په‌یوه‌ندی به‌ كه‌سایه‌تی خۆیه‌وه‌ هه‌بووبێت وه‌كو سه‌ركرده‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كی به‌شخوراو، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نسكۆی 1975 زۆر درێژه‌ی نه‌كێشا زۆری نه‌برد له‌سه‌ر هه‌مان ئه‌و رێبازه‌ی بارزانی نه‌مر دایڕشتبوو شۆڕش به‌رپا كرایه‌وه‌ و قۆناغێكی نوێ له‌ شۆڕشی ئه‌یلوول درێژه‌ی پێدرا، كه‌ دواتر به‌ قۆناغی شۆڕشی گوڵانی پێشكه‌وتنخواز ناوبرا، جێی باسه‌ هینری كیسنجه‌ری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وكاتی ئه‌مریكا داڕێژه‌ر و جێبه‌جێكاری ئه‌و سیاسه‌ته‌ بووه‌، كه‌ رێككه‌وتننامه‌ی جه‌زاییری خسته‌وه‌ ، ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ی یه‌كێك بوو، له‌و رووداوانه‌ی جیهان كه‌ تێیدا وڵاتانی ئیقلیمی و هه‌ندێك له‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهانیش له‌سه‌ر دژایه‌تی كردنی مافه‌كانی كورد و شۆڕشی ئه‌یلول یه‌كبوون، به‌ڵام گه‌لی كوردستان له‌ پاشی 1975 ه‌وه‌ و له‌ سێبه‌ری پرانسیپه‌كانی رێبازی  بارزانی نه‌مردا شۆرشی گوڵان و بزاوته‌كانی تریشی به‌رپا كرده‌وه‌.

 

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.