Erbil 13°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 10:21

نێچیرڤان بارزانى: یادى ڕاپه‌ڕین بکه‌ینەهه‌وێنى ته‌بایى و پێکه‌وه‌یى و یه‌کڕیزى و نه‌هێشتنى کێشه‌ و ناکۆکییه‌کان

کوردستان TV
#7
100%

نێچیرڤان بارزانى سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌ یادى ڕاپه‌ڕین په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌ رایگه‌یاند: چۆن له‌ ڕاپه‌ڕیندا ته‌واوى كوردستانییان له‌ به‌ره‌یه‌كى یه‌كگرتوودا پێكه‌وه‌ ڕاپه‌ڕین و سه‌ركه‌وتین، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌توانین ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كان ببینه‌وه‌.

ده‌قی په‌یامی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان:
 
له‌ یادى سى ساڵه‌ى ڕاپه‌ڕینى ئازارى گه‌لى كوردستاندا، دروود بۆ شه‌هیدانى ئازادیى كوردستان، سه‌رى ڕێز و نه‌وازش له‌به‌رده‌م گیانى پیرۆزیاندا داده‌نوێنین، به‌ حورمه‌ت و شكۆوه‌ یادیان ده‌كه‌ینه‌وه‌.

سڵاو له‌ گه‌لى خۆڕاگرى كوردستان كه‌ به‌ هه‌موو پێكهاته‌كانییه‌وه‌ وه‌ك ئه‌مڕۆ به‌رله‌ سى ساڵ له‌ ڕانیه‌ى خۆشه‌ویستى ده‌روازه‌ى ڕاپه‌ڕینه‌وه‌، له‌ خرۆشانێكى جه‌ماوه‌ریى گه‌وره‌دا به‌رامبه‌ر به‌ سته‌م و دكتاتۆرى ڕاپه‌ڕین و له‌گه‌ڵ پێشمه‌ر‌گه‌ قاره‌مانه‌كانى كوردستان، یه‌ك به‌ یه‌ك گوند و شارۆچكه‌ و شاره‌كانى نیشتمانیان ئازاد كرد.

ئه‌مڕۆ له‌ كاتێكدا یادى ئه‌و ڕۆژه‌ پیرۆزانه‌ و قاره‌مانه‌كانى ده‌كه‌ینه‌وه‌، كوردستان له‌ هه‌موو كاتێك زیاتر پێویستى به‌ ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى و یه‌كڕیزیى هه‌موو لایه‌ن و پێكهاته‌كانى هه‌یه‌ تاكو بتوانێت په‌یام و ئامانجه‌ پیرۆزه‌كانى ڕاپه‌ڕین و به‌رهه‌مى خوێنى شه‌هیدان بپارێزێت و به‌ره‌و ئاینده‌یه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێت.

وه‌ك چۆن له‌ ڕاپه‌ڕیندا ته‌واوى كوردستانییان به‌ هه‌موو پێكهاته‌ نه‌ته‌وه‌یى و ئاینییه‌كان و هه‌موو ئاراسته‌ و هێز و لایه‌نه‌ سیاسییه‌ جیاكانه‌وه‌، له‌ به‌ره‌یه‌كى یه‌كگرتوودا پێكه‌وه‌ ڕاپه‌ڕین و سه‌ركه‌وتین، ئێستاش به‌ هه‌مان شێوه‌ هه‌موومان پێكه‌وه‌ ده‌توانین ڕووبه‌ڕووى سه‌ختى و ته‌حه‌دییه‌كان ببینه‌وه‌ و مافه‌ ده‌ستوورییه‌كانمان به‌ده‌ست بهێنین و بپارێزین.

له‌م یاده‌ پیرۆزه‌دا داوا له‌ هه‌موو هێز و لایه‌ن و پێكهاته‌كانى كوردستان ده‌كه‌م، یادى ڕاپه‌ڕین بكه‌ینه هه‌وێنى ته‌بایى و پێكه‌وه‌یى و یه‌كڕیزى و نه‌هێشتنى كێشه‌ و ناكۆكییه‌كان تا گیانى كاروانى شه‌هیدانى كوردستان شاد بكه‌ین و هه‌موومان پێكه‌وه‌ به‌ره‌و داهاتوویه‌كى باشتر هه‌نگاو بنێین، پێكه‌وه‌ بۆ كوردستانێكى ئارام، ئاوه‌دان و سه‌قامگیر تێبكۆشین كه‌ بۆ هه‌میشه‌ به‌ لانكه‌ى ئازادى، لێبورده‌یى، پێكه‌وه‌ژیان و یه‌كترقبووڵكردن بمێنێته‌وه‌.

نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
5ى ئازارى 2021

مسعود بارزانی

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.