سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین پهیامێكی بڵاوكردهوه رایگهیاند: ئامانجی ڕاپەڕین گەڕاندنەوەی خاك و ماف بوو بۆ گەلی كوردستان كە ماوەیەكی زۆر بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن و زۆرداری لە خەڵكی كوردستان زەوت كرابوو.
دهقی پهیامی سهرۆك بارزانی:
بە ناو خودای بەخشندە و میهرەبان
بە بۆنەی سییەمین ساڵڕۆژی ڕاپەڕینە مەزنەكەی گەلی كوردستانەوە پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم چینوتوێژ و هاووڵاتیانی كوردستان دەكەم.
ڕاپەڕین، ڕەتكردنەوەی ستەم و داگیركاری بوو و، لە هەمانكاتیشدا هەنگاوێكی مەزنی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی كورد بوو بۆ دەستپێكی قۆناغێكی گرنگ لە خەباتی گەلەكەمان.
ئامانجی ڕاپەڕین گەڕاندنەوەی خاك و ماف بوو بۆ گەلی كوردستان كە ماوەیەكی زۆر بوو بە زەبری ئاگر و ئاسن و زۆرداری لە خەڵكی كوردستان زەوت كرابوو.
ڕاپەڕین بۆ ئەوە بوو گەلی كوردستان بتوانێ لەسەر خاكی خۆی و لە چوارچێوەی پڕۆسەیەكی دیموكراتی و دامەزراندنی دامودەزگەی شەرعی، ئازادانە مافەكانی خۆی پیادە بكات.
لەو یادە پیرۆزەدا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بۆ تاهەتایە بەرز و بەرقەرار بمێننەوە و، بە هیچ شێوەیەك نابێ ئامانج و دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین بە لاڕێدا ببرێن و لە بابەتی لاوەكی و سنوورداری تردا بچووك بكرێنەوە.
گەلی كوردستان خەباتی كرد و خوێنی دا و ڕاپەڕی بۆ ئەوەی بە سەربەرزی بژیێت و، هەر كەس و لایەنێكیش بیەوێت لە بەها و ئامانجەكانی ڕاپەڕین كەم بكاتەوە لە ڕاستیدا ناپاكی لە خوێنی شەهیدان و دەیان ساڵ خەبات و قوربانیدانی گەلی كوردستان دەكات.
لە بەرانبەریشدا بە سەدان هەزار ڕۆڵەی کوردستان ئامادەن بەرگری لە ئامانج و بەها بەرزەکانی ڕاپەڕین بکەن.
مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.