Erbil 12°C دووشەممە 23 کانونی یەکەم 18:58

په‌یامی لقی 11ی پارتی به‌بۆنه‌ی 30ـه‌مین ساڵیادی ڕاپه‌ڕین

راپەڕین وەچەرخانێکی مێژوویی گرنگە لە بزافی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا
کوردستان TV
100%

لقی 11ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ 30مین ساڵیادی ڕاپه‌ڕین، په‌یامێكی پیرۆزبایی بڵاوكرده‌وه‌ و ڕایگه‌یاند: بەرهەمی ڕاپەڕین، بریتییە لە پەرلەمان و حکومەتی کوردستان و، بووژانەوە و سەرپێکەوتنی کوردستان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، هەروەها ناساندن و بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی رەوای گەلەکەمان و، کۆتاییهێنان بە زوڵم و ستەمی داگیرکەران لە باشووری کوردستان دا.

ده‌قی په‌یامه‌كه‌: 

 

٭ جەماوەری بەشەرەفی کوردستان بە گشتی وجەماوەری سنووری دەڤەری ڕاپەڕین بەتایبەتی.

٭خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان.

٭ پێشمەرگە ئازا و گیان لەسەر دەستەکانی کوردستان.

لە یادی (30) ساڵەی ڕاپەڕینە جەماوەری و شکۆدارەکەی (٥)ی ئازاری۱۹۹۱ ، گەرم و گەشترین پیرۆزبایی ئاڕاستەی خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان، پێشمەرگە قارەمانەکان، ڕێکخستنەکانی ناو شار و تەواوی جەماوەری گەلەکەمان و، خەڵکی شۆڕشگێڕ و کوردپەروەری شاری ڕانیەی دەروازەی راپەڕین و دەڤەرەکەمان بە گشتی دەکەین.

ئەو ڕاپەڕینەی لە لایەن بەرەی کوردستانییەوە بەرنامەی بۆ داڕێژرا و، سەرەتا لە شاری ڕانیە بڵێسەی دا و دواتر هەموو کوردستانی گرتەوە بە کەرکوکی دڵی کوردستانیشەوە، ڕاستییەکی حاشا هەڵنەگرە کە ئەندازیار و سەرپەرشتیاری راپەڕین جەنابی (سەرۆک بارزانی)بوو کە ئەوکات سەرۆکی بەرەی کوردستانی بوو.

بە شانازییەوە پێشمەرگە و فەرماندەکانی پارتی و، ڕێکخستنە نهێنییەکانمان لەناو شارەکان و جەماوەری دڵسۆزی پارتیمان لە هەموو شوێنەکان سەر مەشق و سەر قافڵەی راپەڕین بوون.

راپەڕین وەچەرخانێکی مێژوویی گرنگە لە بزافی ڕزگاریخوازی گەلەکەماندا.

بەرهەمی ڕاپەڕین، بریتییە لە پەرلەمان و حکومەتی کوردستان و، بووژانەوە و سەرپێکەوتنی کوردستان لە هەموو بوارەکانی ژیاندا، هەروەها ناساندن و بەنێودەوڵەتیکردنی پرسی رەوای گەلەکەمان و، کۆتاییهێنان بە زوڵم و ستەمی داگیرکەران لە باشووری کوردستان دا.

لەم یادە پڕشکۆیەدا بە پێویستی دەزانین بڵێین سنوورەکەمان کە هەمیشە لانەی شۆڕش و بەرخودان بووە و، مەڵبەندی سەرهەڵدانی ڕاپەڕین بووە ، وەک پێویست ئاوڕی لێنەدراوەتەوە و گرنگیی پێنەدراوە ، رووی دەممان لە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستانە کە ئاوڕێکی جددیتر لەو دەڤەرە بدرێتەوە لە رووی ئاوەدانکردنەوە و خزمەتگوزاری و ڕەخساندنی هەلی کار بۆ دەرچووانی زانکۆ و پەیمانگاکان و لاوان بە گشتی، بەتایبەت کە دەڤەرەکەمان هەڵکەوتەیەکی جیۆگرفیی گرنگی هەیە، لەیەک کاتدا هەم دەشتێکی بەپیت و ، هەم ئاو و ، هەم چیای هەیە، دەشێ بکرێتە ناوچەیەکی گەشتیاری و کشتوکاڵیی پڕ بەرهەم.

- سڵاو لە جەماوەری دەروازەی ڕاپەڕین، شاری رانیەی قارەمان .

- سڵاو لە جەماوەری پشدەر و بیتوێن و ناودەشت و مەرگە و خۆشناوەتی و سنوورەکەمان بە گشتی.

- سڵاو لە پێشمەرگە قارەمان و گیان لەسەردەستەکانی کوردستان.

- سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانی کوردستان بەگشتی و شەهیدانی راپەڕین بەتایبەتی و سەرقافڵەی شەهیدان (بارزانیی نەمر و کاکە ئیدریسی هەمیشە زیندوو)

- سڵاو لە (سەرۆک بارزانی) ئەندازیار و سەرپەرشتیاری ڕاپەڕین.

بەرز و پیرۆزبێت یادی ڕاپەڕین.

پارتی دیموڪراتی ڪوردستان

لقـــــی۱۱

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.