جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ڕایگەیاند: چاكسازی پرۆسەیەكی گشتگیر و هەمەلایەنەیە و پێویستی بە هەماهەنگی و هاوكاریی هەموو لایەكە.
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران ئەمڕۆ (2 ئازارى 2021) لە ھەولێر پێشوازی كرد لە میخال سڤۆبۆدا، كونسوڵی گشتی كۆماری چیك لە هەرێمی كوردستان و لە كۆبوونەوەیەكدا گفتوگۆیان كرد لەبارەی بەهێزكردنی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و چۆنییەتی كەڵك وەرگرتن لە ئەزموونی چاكسازییەكانی وڵاتی چیك.
جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، هەنگاوەكانی چاكسازی حكومەتی هەرێمی خستەڕوو و ئاماژەی بەوەكرد چاكسازی پرۆسەیەكی گشتگیر و بەردەوامە، پێویستی بەهەماهەنگی گشتی هەیە لەگەڵ ئەزموونی وڵاتان كە یەكێك لەوانە كۆماری چیكە. لە بەشێكیتری دیدارەكەدا دوا پێشهاتەكانی گفتوگۆی نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدراڵی عێراق تاوتوێ كرا لەبارەی پرسە هەڵپەسێردراوەكان بەتایبەت پرسی پڕۆژە یاسای بودجەی 2021 و لەم بارەیەشەوە قوباد تاڵەبانی جەختیكردەوە حكومەتی هەرێم پابەند دەبێت بە یاسا بەركارەكان و دەستور لە دۆسیەكانی نەوت و خەرجی و داهاتەكان.
كونسوڵی چیك ئامادەیی وڵاتەكەی دەربری بۆ هاوكاریكردنی حكومەتی ھەرێم لە دۆسیەی چاكسازییەكان و چۆنییەتی جێبەجێكردنی ھەنگاوەكانی ئەم پڕۆسەیە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.