مەكتەبی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كۆچی دوایی سەركردە و تێكۆشەر د.رۆژ نوری شاوەیس پهیامێكی سوپاسنامه بڵاوكردهوه.
كۆچی دوایی سەركردە و تێكۆشەری ماندوونەناس(د.رۆژ نوری شاوەیس) لە رۆژی دووشەمە، رێکەوتی (١٥ـی شوباتی ٢٠٢١)، خەسارەتێكی گەورە بوو بۆ گەلەكەمان و پارتی دیموكراتی كوردستان. (د.رۆژ)سیاسەتوان و كەسایەتیەكی رۆشنبیر و چالاك و دیپلۆماتكارێكی ناسراو بوو، هەروەها خاوەن مێژوو و خەباتێكی نەپساوەی پڕ شانازی و بەرخودان و كۆڵنەدان بوو، بۆیە لەدەستدانی ئەو سەركردەیە زیانێكی گەورەیە بۆ هەموو لایەكمان.
لەم كۆستە خەمناكەدا سوپاسگوزاری هاووڵاتیان و رۆڵە بە ئەمەكەكانی گەلەكەمانین كە خۆیان بە خاوەن پرسە زانی و هاوخەمی خۆیان دڵسۆزانە دەربڕی، رێزو سوپاسی زۆرمان ئاڕاستەی سەرجەم كەسایەتی و سەركردە و سکرتێر و سەرۆكی حزب و لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و عیراق و جیهان دەكەین، سوپاسی كونسوڵ و نوێنەرایەتی و كونسوڵگەریەكانی هەرێم و باڵوێز و ئۆفیس و ناوەند و رێكخراوە نێودەوڵەتی و جیهانیەكان لە هەرێمی کوردستان و عێراق دەكەین، سوپاسی نوێنەرایەتی سەرجەم پێكهاتە نەتەوەیی وئایینی و ئایینزاکان و بەرپرسانی حزبی و حكومی و یەكێتی و رێكخراو و كۆمەڵە و سەندیكاكان و کەناڵەكانی راگەیاندن دەكەین، سوپاسگوزارین بۆ تێكڕای ئەو ئازیز و بەڕێزانەی كە لە نزیكەوە بەشدار بوون لە رێورەسمی بەخاك سپاردن و پرسەی خوالێخۆشبوو (د.رۆژ نوری شاوەیس) یاخود لە رێی بروسکە و نامە و پەیوەندیكردنەوە لە ناوەوەی هەرێم و دەرەوەیدا پرسە و سەرەخۆشی خۆیان بە جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی و مەكتەبی سیاسی و ئۆرگان و رێكخستنەكانی پارتیمان راگەیاندووە.
هاوخەمی و دڵنەوایی و بەشداریبوونتان خەم و پەژارەی ئەو كۆستە گەورەی لەسەر خانەوادەی خوالێخۆشبوو و ئێمە سووك و كەم كردەوە و، هەڵوێستی جوامێرانە و بایەخدان بە ئەم رووداوە دڵتەزێنە دووبارە مایەی سوپاس و پێزانینی زۆرمانە.
لە یەزدانی مەزن خوازیارین هەموو لایەك لە دەرد و بەڵا و ناخۆشی بەدوور بگری و بە رەحمەت و بەزەیی خۆی لە كۆچكردوانی هەموو لایەك خۆش بێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٢٧ـی شوباتی ٢٠٢١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.