سەرۆکی حکومەت لە چاوپێکەوتنێکدا لە گەڵ کەناڵی فرانس 24: ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی هێرشەکەی هەولێر بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێ
مهسرور بارزانی سهرۆكی حكوومهتی ههرێنمی كوردستان رایگهیاند: گومانی تێدا نییه هێرشه موشهكیهكهی سهر ههولێر كردهوهیهكی تیرۆریستی بوو و زانیاریمان دهست كهوتووه كه چ لایهنێك له پشت هێرشهكهوه بووه .
مسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند هێرشە موشەکیەکەی سەر هەولێر، هێرشێکی تیرۆریستی بوو. ئاماژەی بۆ ئەوەش کرد کە لێکۆڵینەوەکان قۆناخی باشیان بڕیوە و ئاماژەی تەواو هەن کە کێ لە پشت هێرشەکە بووە.
لە دیمانەیەکدا لەگەڵ کەناڵی تەلەڤزیۆنی فرانس24 ، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بۆ ئەوەکرد کە چەندین گرووپ بەرپرسیاریەتی خۆیان لە ئەنجامدانی هێرشەکەی هەولێر ڕاگەیاندوە، بەڵام ئەوان هەرگیز لەسەر بنەمای ئەو ڕاگەیاندراوانە بڕیار نادەن، بەڵکو لێکۆڵینەوەکان دەیسەلمێنن کێ ئەنجامدەری هێرشەکەیە و لەگەڵ تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان ئەنجامەکەی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا دەکرێن. دووپاتیشی کردەوە، پشتیوانی لە هەر هەولێک دەکەین کە ئامانجی ڕێگریکردن بێت لە تێکدانی سەقامگیریی عێراق و بەتایبەت هەرێمی کوردستان. هیواخوازیش بوو کە حکومەتی عێراق بتوانێت یاسا بەسەر هەمووان جێبەجێ بکات، ئەوەش لە وەڵامی پرسیارێکدا بوو لە بارەی میلیشا و گرووپە چەکدارەکان لە عێراق.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاماژەی بە بەردەوامی هەڕەشەی داعش کرد لە ناوچەکە، دووپاتیکردەوە کە داعش خۆی ڕێکخستووەتەوە بە سوود وەرگرتن لەو بۆشاییە ئەمنییەی لە ناوچە دابڕێندراوەکان دروست بووە لە نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق. ڕاشیگەیاند کە چەندین پێشنیاریان داوەتە حکومەتی فیدراڵی بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییە، لەوانەش بڵاوەپێکردنی هێزێکی هاوبەشی شەرعی و یاسایی لە ناوچەکە. لەمبارەیەوە ئاماژەی بەوەدا کە داعش توانیویەتی چەکداری زیاتر بهێنێتە ڕیزەکانی، چەند هێرشێکیشی لە دژی سوپای عێراق و خەلکی سڤیل ئەنجام داوە.
مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند کە داعش هێشتا کێشەیەکی سەرەکییە، داواشی لە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی کرد چاودێری وردی بارودۆخەکە بکەن لەبارەی کردەوەکانی داعش.
سەرۆکی حکومەت ڕوونیکردەوە کە ”کێشەی پەکەکە کێشەیەکی ناوخۆیی تورکیایە و چەندین ساڵە هەیە و کێشەکە هێنراوەتە ناوچەکەی ئێمە. پێمانوایە هیچکات شەڕ ئەم کێشەیە چارەسەر ناکات. بەداخەوە پەکەکە سوودی لە نیازپاکی هەرێمی کوردستان وەرگرتووە و بیانووی داوەتە دەست تورکیا بۆئەوەی بۆردوومانی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان بکات. پەکەکە چەندین گوند و ناوچەی چیای هەرێمی کوردستانی داگیرکردووە و بەهۆی پەکەکەوە نەماتوانیوە 800 گوندمان ئاوەدان بکەینەوە. هیوادارین دۆخەکە ئاڵۆزتر نەبێت و پەکەکە تێبگات بوونی ئەوان لەو ناوچەیە خزمەتی هیچ لایەک ناکات. بەدڵنیاییەوە پاڵپشتی لە ناسەقامگیری هیچ یەکێک لە وڵاتانی دراوسێشمان ناکەین و هیوادارین چارەسەرێک بۆ کێشەکە بدۆزریتەوە و ئەو کێشەیە لەکۆڵ ناوچەکەمان بێتەوە."
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەردانەکەی پاپای فاتیکانی بۆ هەرێمی کوردستان بە مێژووی لە قەڵەم داو گوتی، ئەو سەردانە تەنیا ڕێزگرتن نییە لە کریستییانەکان، بەڵکو بە ڕێزگرتن و ستایشکردنی پێکەوەژیانی ئاشتییانەی هەرێمی کوردستانی دەزانین.
مەسرور بارزانی هیواخواز بوو کە سەردانی قەداسەتی پاپا فرەنسیس، ببێتە هۆکارێک بۆ زیاتربوونی پشتیوانیی نێودەوڵەتی لەو ئاوارە و پەنابەرانەی لە هەرێمی کوردستان میوانداری کراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.