Erbil 8°C سێشەممە 26 تشرینی دووەم 02:51

لیژنەی باڵای بەرەنگاربوونەوەی کۆرۆنا چەند بڕیارێکی نوێی دەرکرد

کوردستان TV
100%

لیژنه‌ی باڵای به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی كۆرۆنا رۆژی بیست و دووی شوبات كۆبوه‌وه‌ و دوای تاوتوێكردنی ره‌وشی ته‌ندرووستی هه‌رێم، "له‌ پێناو پاراستنی ئاسایشی ته‌ندرووستی هه‌رێمی كوردستان" ژماره‌یه‌ك بڕیاری ده‌ركرد.

یه‌كه‌م: پرۆسه‌ی خوێندن له‌ قوتابخانه‌كان به‌رده‌وام ده‌بێت به‌م رێكارانه‌ی ئێستا و به‌ رێنمایی توندی ته‌ندرووستی.

دووه‌م: پرۆسه‌ی خوێندن له‌ زانكۆ و په‌یمانگه‌كانی سه‌ر به‌ وه‌زاره‌تی خوێندنی باڵا و توێژینه‌وه‌ی زانستی به‌رده‌وام ده‌بێت به‌م رێكارانه‌ی ئێستا و رێنمایی توندی ته‌ندرووستی.

سێیه‌م: بۆنه‌ و یاده‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌كان به‌رز راده‌گیرێت به‌ بێ ئه‌وه‌ی هیچ گردبوونه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بدرێت و داوا له‌ هه‌موو لایه‌نه‌ سیاسییه‌كان و رێكخراوه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ی مه‌ده‌نی ده‌كه‌ین زیاتر هاوكارمان بن.

چواره‌م: ژووری ئۆپراسیۆنه‌كانی پارێزگا، ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان كۆبوونه‌وه‌ ده‌كه‌ن به‌ مه‌به‌ستی زیاتر توندكردنی رێكاره‌كانی ته‌ندرووستی به‌ تایبه‌تی به‌ستنی ماسك، رێگه‌ نه‌دان به‌ گردبوونه‌وه‌ و كۆبوونه‌وه‌ و جێبه‌جێكردنی سزای نه‌به‌ستنی ماسك به‌ پێی به‌یانی ژماره‌ په‌نجاو دووی ساڵی دووهه‌زار و بیست .

پێنجه‌م: هه‌موو چالاكییه‌ وه‌رزشییه‌كان به‌ بێ ئاماده‌بوونی هانده‌ران له‌ یاریگاكان ئه‌نجام ده‌درێت.

شه‌شه‌م: سنوورداركردنی هاتنی گه‌شتیاران له‌ پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق بۆ هه‌رێمی كوردستان، جگه‌ له‌ ئاژانس و رێكخراوه‌كانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان و رێكخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كان، هاوپه‌یمانان، دیپلۆماتكاران، شانده‌ فه‌رمییه‌كان و ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی پزیشك ده‌كه‌ن به‌ پێی رێنماییه‌ ته‌ندرووستییه‌كان.

حه‌وته‌م: قه‌ده‌غه‌كردنی داوه‌ت، شایی، چوونه‌ سه‌ر قه‌بران، دانانی پرسه‌ به‌رده‌وام ده‌بێت و بنكه‌ی پۆلیس، موختاری گه‌ڕه‌ك به‌رپرسیارن و هه‌ر كه‌سێك پابه‌ند نه‌بێت به‌ بڕی دوو ملیۆن دینار پێبژاردنی پێ ده‌كرێت.

هه‌شته‌م: ئه‌نجامدانی نوێژكردن له‌ مزگه‌وته‌كان و كه‌نیسه‌كان و په‌رستگاكان، به‌پێی رێنمایی توندی ته‌ندروستی ده‌بێت و به‌پێی ئه‌و رێنماییانه‌ی كه‌ پێشتر وه‌زاره‌تی ئه‌وقاف و كاروباری ئایینی رایگه‌یاندووه‌.

نۆیه‌م: هه‌ر كاتێك بارودۆخه‌كه‌ له‌ڕووی ته‌ندروستییه‌وه‌ ئاڵۆز بوو، وه‌زیری ناوخۆ له‌گه‌ڵ وه‌زیرانی ته‌ندروستی، خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كان و سه‌رپه‌رشتیارانی ئیداره‌ سه‌ربه‌خۆكان بڕیاری پێویست ده‌ده‌ن.

ده‌یه‌م: فه‌رمانگه‌ حكومییه‌كان به‌رده‌وام ده‌بن له‌ جێبه‌جێكردنی رێكاره‌كانی خۆپارێزی و له‌لایه‌ن وه‌زیری په‌یوه‌ندیداره‌وه‌ چاودێری جێبه‌جێكردنی ئه‌و رێكارانه‌ ده‌كرێت، به‌پێی مادده‌ی حه‌فته‌م له‌ به‌یانی ژماره‌ په‌نجاو ساڵی دووهه‌زار و بیست.

یازده‌یه‌م: ته‌نها وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی به‌رپرسیاره‌ له‌ بڵاوكردنه‌وه‌ی داتاكانی كۆرۆنا.

دوازده‌یه‌م: سوپاسی هاووڵاتیانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ین، كه‌ به‌گیانێكی به‌رزی پڕ به‌رپرسیاره‌تی له‌ سه‌ره‌تای بڵاوبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ هاوكار و پشتیوانی حكومه‌تی هه‌رێم بوون له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی ئه‌م په‌تایه‌ و داوایان لێ ده‌كه‌ین، به‌رده‌وام بن له‌ هاوكاری و پشتیوانی حكومه‌ت.

سیانزده‌هه‌م: ئه‌م به‌یانه‌ له‌ رۆژی ده‌رچوونییه‌وه‌ جێبه‌جێ ده‌كرێت و له‌ رۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستان بڵاوده‌كرێته‌وه‌. 

12

 

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.