لە راگەیەندراوێكدا، دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستاندا بڵاوی كردهوه: كە لەسەر داوای دەستەكەیان، بڕیار دراوە بە پێكهێنانی دادگایەكی تاوان بۆ دادگاییكردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانەكانی گەندەڵی بەناوی (دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و تایبەتیش دەبێت بە بینینی كەیسەكانی گەندەڵی.
دەقی راگەیەندراوەكەیان:
پێكهێنانی دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
لەسەر داوای دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان و بە نووسراوی ژمارە (1/135) لە 1/12/2020، ئەنجوومەنی دادوەری، بە فەرمانی ژمارە 1/1/117 لە 18/2/2021، بڕیاریان دا بە پێكهێنانی دادگایەكی تاوان بۆ دادگاییكردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانەكانی گەندەڵی بە ناوی (دادگای تاوانەكانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان و تایبەتمەند دەبێت بە بینینی كەیسەكانی گەندەڵی.
ئێمە لە دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان، دەستخۆشی لە ئەنجوومەنی دادوەری دەكەین و پێمان وایە ئەو هەنگاوە كاریگەرییەكی زۆر باشی دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردن و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خێراكردنی یەكلاكردنەوەی كەیسەكان لە دادگا.
دەستەی دەستپاكیی هەرێمی كوردستان
22ی شوباتی 2021
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.