ئەمڕۆ یەکشەممە 2021/2/21 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان، بەشدارى لە ڕێوڕەسمێکدا کرد کە بۆ یادى شەهیدانى عێراق و (18) ساڵەى شەهیدبوونى خوالێخۆشبوو ئایەتوڵلا محەمەد باقر ئەلحەکیم، بە ئامادەبوونى بەڕێز عەمار ئەلحەکیم، سەرۆکى ڕەوشى حیکمەى نیشتمانیى عێراقى لە هەولێر بەڕێوەچوو.
لە ڕێوڕەسمەکەدا نێچیرڤان بارزانى، وتارێکى پێشکەش کرد، ئەمە دەقەکەیەتى:
بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان
برای خۆشەویستم سەید عەممار ئهلحەكیم
میوانە بەڕێزەكان..
بەخێرهاتنتان دەكەم بۆ هەرێمی كوردستان و شاری هەولێر. بە شانازییەوە ئەمڕۆ یادكردنەوەی شەهیدانی عێراق و كوردستان ئێمەی لێرەدا پێكەوە كۆكردووەتەوە، لە سەرووی هەمووشیانەوە یادی (18)هەمین ساڵەی شەهیدی میحراب، ئایەتوڵڵا ئەلعوزما محهمهد باقر ئهلحەكیم.
سەری ڕێز و نهوازش بۆ هەموو شەهیدانی كوردستان و عێراق دادەنەوێنین، سڵاو دەنێرین بۆ بنەماڵەی سەربەرزی شەهیدانی عێراق و كوردستان. شەهیدان و بنەماڵەكانیان هەمیشە جێگەی ڕێز و پێزانينن.
بەڕێزان..
زۆر ئاساییيە ئەمڕۆ بۆنەیەكی بنەماڵەیەکى خەباتگێڕ و ئایینيی ئال ئهلحەكیم لێرەدا هەموومان پێكەوە كۆبكاتەوە، چونكە گەورەكانی ئەو بنەماڵەیە هەمیشە هەوڵیانداوە هەموو مەزهەبەكان لە یەكەوە نزیك بكەنەوە و هاوبەشی و هاوخەباتی لەنێوان گەلی عێراق و گەلی كوردستان دروست بكەن. زۆریش گرنگە لەو ڕۆژەدا دەست بە بەهێزكردنەوەی پەیوەندییەكانمان بكەینەوە، چونكە هەمیشە ئەوە ویست و كاری شەهیدی میحراب بووە.
ئەمڕۆش عێراقییەکان بە شیعە و کورد و سوننە و ههموو پێکهاتەکانی دیکەوە، لە هەموو کاتێك زیاتر داوای هاوبەشی و پێکەوەکارکردن لە لایەنە سیاسییەکان دەکەن لەپێناو هێنانهدى ئارامی و ئاوەدانی لە عێراقدا، هەر بۆیەش ڕێبازی شەهیدی میحراب و سەرکردە مێژووییەکانمان هەروا بووە.
شەهیدی میحراب و موجاهیدی گەورەی عێراق سەید محەمەد باقر ئهلحەكیم، یەكێك بوو لە دامەزرێنەرانی بزووتنەوەی مقاوەمەی ئیسلامی دژی ڕژێمە دیكتاتۆرییەكانی عێراق. یەكێك بوو لە زاناكانی عێراق لە بواری شەریعەت و فەلسەفە و سیاسەت و ئابووریدا، لەبەر ئەوەش ڕوانگەیەكی زۆر ڕوونی هەبوو بۆ چارەسەرکردنی كێشهكان و ئایندەی عێراق.
هەر لەبەر ئەوەش باوەڕی بە لێكنزیكبوونەوەی مەزهەبەكان هەبوو لە عێراق و بە كردەوە كاری بۆ ئهو ئامانجه دەكرد، هەروەها باوەڕی بەوە هەبوو كە دەبێ ڕێبازی ڕاستەقینەی باوكی خۆی بەرنەدات كە ئەویش بریتیبوو لە خەباتكردن بۆ نەهێشتنی دیكتاتۆری و هاوخەباتی لەگەڵ خهڵكى كوردستاندا. ڕۆڵی شەهید ئایەتوڵڵا ئەلعوزما محەمەد باقر ئهلحەكیم، لە كۆنگرەی پشتیوانیكردنی گەلی عێراق لە ساڵی 1986 لە تاران، بریتیبوو لە پشتیوانیكردنێكی ڕاستەقینە لە مافەكانی گەلی كوردستان.
ئەوكات سەبارەت بە بڕیارەكانی كۆنگرە، لەنێوان خوالێخۆشبوو ئیدریس بارزانی و شەهیدی میحرابدا، لێكگەیشتن و ههماههنگییەكی زۆر هەبوو، ئەو ههماهەنگییە دواتریش هەر بەردەوام بوو. ڕاستگۆیيی ئایەتوڵڵا ئەلعوزما محەمەد باقر ئهلحەكیم لە پشتیوانیکردنی مافەکانی گەلی کوردستان لە هەموو بارودۆخێکدا لەلایەن سەرکردایەتيی كوردستان و گهلی كوردستانهوه زۆر جێگەی ڕێز و پێزانین بووە.
هەر ئەوەش زەمینەیەکی بەهێزی دروست کرد کە سەرۆك مەسعوود بارزانی و ئایەتوڵڵا محمد باقر ئهلحەكیم کۆبوونەوەی زۆر و بەردەوام بکەن بۆ دانانی بنەماکانی سیستەمی داهاتووی عێراق لەسەر بنەمای هاوبەشی و فیدرالی، بۆيه ساڵی ٢٠٠٢ لە کۆنگرەی لەندەن، بەپێی ئەو بنەمایانە بۆ ئایندەی عێراق، بڕیار لەسەر سیستەمێک درا کە بریتیبوو لە عێراقی دیموکراسی و فیدرالی، عێراقێك هەموو پێکهاتەکان هاوبهش بن لە بەڕێوەبردنیدا.
هەر لێرەدا دەبێ ڕۆڵی تێكۆشەری گەورەی عێراق خواڵیخۆشبوو سەید عەبدولعەزیز ئهلحەكیم بە بیر بهێنینەوە كە لە هەموو كۆنگرەكانی ئۆپۆزسیۆنی عێراقی و لە کاتی ئەنجومەنی حوکمدا و بەدرێژایيی ژیانی خۆی، پشتیوانێكی بەوەفای مافەكانی گەلی كوردستان بوو.
بێگومان ئەمڕۆش هەر ئەوە لە برای خۆشەویستمان سەید عەممار ئهلحەكیم و هەموو برایانمان لە بنەماڵەی ئالى ئهلحەكیم و بەیتی شیعی چاوەڕوان دەكەین، چونكە هاوبەشی و هاوخەباتیمان، بنچینەیەكی مێژوویيی پتەوی هەیە. پەیوەنديی نێوان بنەماڵەی بارزان و شۆڕشی كوردستان، لەگەڵ بنەماڵەی ئهلحەكیم و بەیتی شیعی و بزووتنەوە سیاسییەكەیدا، پەیوەندییەكه، لەسەر باوەڕ بە داوا ڕەواكانی هەردوولا، دامەزراوە.
لە ئەنجامی پەیوەنديی خواڵیخۆشبوو مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ ئایهتوڵڵا ئیمام سەید موحسین ئهلحەكیمدا، خۆشەویستییەكی زۆر لەنێوان گەلی كوردستان و لایەنگران و شوێنكەوتووانی ئەهلى بەیتدا دروستبوو. ئەوەبوو لە ئەنجامی نامە بەردەوامەكانی بارزانيی نەمر و ڕوونكردنەوەی بارودۆخی گەلی كوردستان و ڕەوایيی شۆڕشی كوردستان بۆ بەڕێزیان، ئیمام سەید موحسین ئهلحەكیم ساڵی 1965 لە كاتی شۆڕشی ئەیلوولدا فەتوای دەركرد بە حەرامكردنی شەڕی پێشمەرگە و كورد.
هەروەها شەهیدی گەورەی عێراق ئایەتوڵڵا محەممەد باقر ئهلسەدر، ساڵى 1974 هەمان فەتوای حەرامكردنی شەڕی كوردی دووبارە كردەوە. بە هەمان شێوە ئایەتوڵڵا ئەلعوزما سەید عەلی سیستانی لە كاتی نووسینەوەی دەستووردا بە هیچ شێوەیەك دژایەتيی فیدرالی نەكرد، بەڵكو پشتیوانی لەو داڕشتنە كرد كە لەبارەی مافەكانی گەلی كوردستانەوە لە دەستووری عێراقدا نووسرا بوون.
ئەو هەڵوێستە مێژووییيانە، متمانە و خۆشەویستییەكی گەورەی لە هەموو بوارەكان لەنێوان كورد و شیعەدا دروست كرد، هەروەها هاوخەباتییەكی ڕاستەقینەی لەنێوان هەردوولادا دروست كرد كە ئەنجامەكەی ڕووخاندنی ڕژێمی دیكتاتۆری بوو لە عێراق، ئەوەش گەورەترین دەستكەوت بوو بۆ گەلی عێراق و بۆ كوردستان. ئەو هاوخەباتییە جارێكی دیكە لە شەڕی داعشدا دووبارە بووەوە و ئەنجامەكەی پێكهوهكاركردنی ههردوولامان و ههموو لایهكمان له عێراق تێكشكاندنی داعش بوو.
بەڵام دوای شەڕی داعش بارودۆخێكی نەخوازراو دروست بووە، واقعی پەیوەندییەكانی نێوانمان بە دڵی ئێمە نییە، گومانمان نييه كە بە دڵی زۆر لە برایانمان لە لایەنەكانی شیعەش نییە، بەتایبەتی ئەوانەی لە ڕۆژگاری سەختی هاوخەباتيدا لە دژی ڕژێمی پێشوو ژیاون، یاخود ئەوانەی ئاگاداری ئەو ڕۆژگارەن. خوێنی ئێمە لە شەڕی دیكتاتۆریەت و داعش، لەپێناو یەك ئامانجدا، تێكەڵی یەكتر بوو.
ئەمڕۆش لە یادی ڕێزگرتن لە شەهیدەكانماندا، دەبێ بە بەهێزكردنەوەی لێكگەیشتن و پێکەوەکارکردنی نێوانمان، وەفاداری بنوێنین بۆ مێژووی برایەتی و هاوخەباتيی نێوانمان و هاوبەشییەکەمان دروست بکەینەوە.
ئێمە ئامادەین، لەو باوەڕەدام دڵسۆزیی سەید عەممار ئهلحەكیم بۆ پەیوەنديی مێژوویی و هاوخەباتیمان، هەروەها دڵسۆزيی سەركردەكانی دیكەی شیعە بۆ ئەو ڕابردووە، زەمینەیەكی زۆر باشە بۆ بەهێزكردنەوەی ئەو پەیوەندییانه. بێگومان دەبێت ئەو هاوبەشییە بە بەشداريی برا سوننەکانیشمان بێت، چونکە هەموو هاوبەشییەکی نێوانمان بەبێ بەشداریی عەرەبی سوننە، ناتەواو دەبێت.
ئامادەبووانی بەڕێز..
ئێمە دەبێ جارێكی دیكە ڕاشكاوانە پێكەوە دابنیشین و گفتوگۆ بكەین. بنچینەی گفتوگۆکانشمان دەبێ ئەوە بێت كه كێشەی هیچ نەتەوە و پێكهاتەیەكی عێراق، نابێتە مایەی سەركەوتن بۆ پێكهاتەیەكی دیكە لە عێراقدا، بەڵكو لێكەوتەی خراپی دەبێت بۆ هەموو پێكهاتەكانی ئهم وڵاتە. بە هەمان شێوە پێشكەوتنی هەر ناوچە و پارێزگایەكی عێراق، دەبێتە مایەی خێر و پێشكەوتن بۆ هەموو عێراقییەكان.
كێشەی سەرەكيی عێراق لە سەرەتای دروستبوونييهوه، نەبوونی شەراكەت و هاوبەشی بووە لەنێوان هەموو پێكهاتەكانی عێراق لە بەڕێوەبردنی وڵاتدا، لەبەر ئەوەش عێراق لە سەرەتای دامەزراندنییەوە بەبێ كێشە نەبووە. هەردوو پێكهاتەی عەرەبیی عێراقيش لە سوننە و شیعە، دەزانن هیچ یەكێكیان بە تەنیا و هەردووكیشیان بەبێ كورد ناتوانن هاوسەنگی دروست بكەن، لەبەر ئەوەش هاوبەشيی هەموو پێكهاتەكان لە بەڕێوەبردنی عێراقدا تاكە ڕێگەیە بۆ بەڕێوەبردنی سەركەوتووانەی ئهم وڵاته، هەر ئەوەش تاكە ڕێگەیە بۆ حوكمێكی مەدەنيی خزمەتگوزار كە هاووڵاتیانی عێراق دڵخۆش بكات.
نابێ هیچ پێكهاتەیەكی عێراقى چاوەڕێی لەناوچوونی پێكهاتەیەكی دیكە بكات، چونكە ئەوە چاوەڕوانییەكی بێهوودەیە. له ڕابردوودا ئەو چاوەڕوانییە بەدی نەهاتووە، لە داهاتووشدا بەدی نایهت. ئەو ناكۆكییەی ئێستا دروست بووە، بە هیچ شێوەیەك لە چاوەڕوانيی دامەزرێنەرە گەورەكانی بزووتنەوەی ئازادی و سیاسيی ئێمەدا نەبووە، ئێستاش بە هیچ شێوەیەك لە بەرژەوەنديی گەلی عێراقدا نییە.
سەقامگیری و پێشكەوتن و ئاوەدانيی هەرێمی كوردستان، دەبێ مایەی دڵخۆشی بێت بۆ هەموو لایەنە سیاسییەكانی عێراق، چونكە ئێمە بەشێكین لە عێراق. ئەو پێشكەوتنەی هەرێمی كوردستان، پێشكەوتنی بەشێكی عێراقە و بۆ هەموو عێراقییەكانە. هەروەك چۆن پێشكەوتن و ئاوەدانيی نەجەف و كەربەلا و بەسرە و ئەنبار و تكریت و مووسڵ، پێشكەوتنە بۆ هەرێمی كوردستان.
خەڵكی كوردستان ئاواتیان ئەوەیە هەموو عێراق سەقامگیر و پێشكەوتوو بێت، چونكە ئەوە دەبێتە مایەی خۆشگوزەرانی بۆ هەموومان، دەبێتە هۆی زۆربوونی هەلی كار و پێشكەوتنی ئابووری و پێشكەوتنی زانستی لە هەموو عێراقدا.
خوای گەورە سامانێكی زۆری سەرزەوی و ژێرزەوی بە عێراق بەخشیوە، تواناكانی خەڵكی عێراق لە هەموو جیهاندا شایەتيیان بۆ دەدرێت، بەڵام بەداخەوە هەمیشە ناكۆكيی سیاسی و ڕەچاونەكردنی هاوبەشییەكی یەكسان بۆ هەموو پێكهاتەكانی ئهم وڵاته لە بڕیار و بەڕێوەبردنی دەوڵەتدا، وایكردووە گەلی عێراق لە ناخۆشی و كەم خزمەتگوزاریدا بژیت.
دوای ئەو هەموو مێژووە درێژە لە كێشەكانی عێراق، دوای ناڕەزاییەكانی خەڵك، پێویستە ئەمڕۆ بەرلە سبەی دەست بە گفتوگۆیەكی جددی بكەین، بۆ بەڕێوەبردنێكی ژیرانەی عێراق بە بەشداريی هەموو پێكهاتەكان. نابێ چاوەڕوانی ململانێ و هەڵمەتەكانی هەڵبژاردن بكەین، چونكە گەلی عێراق گەلێكی هوشیارە و هیچ یاری و هەڵمەتێكی هەڵبژاردن ناتوانێت وای لێبكات، كه چاوی واقیعی عێراق نەبینێت.
ئەوەی ڕۆژێك زووتر دەست بە چاككردنی ڕێڕەوی سیاسيی حوكم و بڕیاری سیاسی و ئیداريی عێراق بكات، گەلی عێراق به دڵنیاییهوه پشتیوانی لێدەكات. ئەوەی ڕۆژێك زووتر هەنگاو بنێت بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراق، گەلی عێراق بە دڵنیاییەوە زیاتر پشتیوانی لێدەكات.
ئێمە ئەمڕۆ ئامادەین بۆ ئەوەی دەست بە گفتوگۆیەكی جدديی ڕاشکاوانە بكەین بۆ ڕاستكردنەوەی پرۆسەی سیاسی و بەڕێوەبردنی عێراق، لێرەشەوە لەو یادە پیرۆزەدا ئەو بانگەوازە ئاراستەی هەموو عێراقییەكان دەكەین كە دەستپێبكەین. سەركەوتنی ئێمە بە هاوبەشی و پێكەوە دەبێت، بە وەلاوەنان و پەراوێزخستن لە ڕابردوودا عێراق وێران كرا، بێگومان ئهگهر ئهوه بێت ڕێبازی داهاتووشمان، عێراق ناتوانێت سهقامگیر بێت.
هێرشی داعش و بەهێزبوونی و داگیركردن و وێرانكردنی بەشێكی عێراق لەلایەن داعشەوە، بەهۆی نەمانی هاوبەشی و تەوافوق بوو لە عێراق. سەرۆك مەسعوود بارزانی چەندین جار هاواری كرد و هوشداری دا كە تاكڕەوی و تێكدانی تەوافوق، عێراق بەرەو وێرانبوون دەبات! لە ئەنجامدا ئێستا دەبینین بەشێكی عێراق بەهۆی هێرشەكانی داعشەوە وێران بوو، پێشمهرگه و سوپای عێراق و حەشدی شەعبی، هەزاران شەهیدیان دا بۆ ڕاگرتن و تێكشكاندنی داعش.
ئێستاش بۆ ئەوەی زەمینەی توندڕەوی لە عێراقدا نەمێنێت، بۆ ئەوەی عێراق تووشی داگیركاريی وەك داعش نەبێتەوە، بۆ ئەوەی بتوانین وەڵامی داواكانی خەڵك بدەینەوە، دەبێ بگەڕێینەوە بۆ دەستووری عێراق و دەبێ هەموو ناوچەكان مافی بەڕێوەبردنی خۆیان هەبێت، دەبێ تەوافوق و هاوبەشی لە بەڕێوەبردنی عێراقدا دروست بكەین.
بە هیوای عێراقێکی پێشکەوتوو، به هیوای عێراقێك كه بتوانێت پێشكهوتن به دهست بهێنێت و خزمهتگوزاری بۆ گهلهكهی دابین بكات. دووبارە سڵاو دەنێرین بۆ گیانی پاكی شەهیدی میحراب ئایەتوڵڵا ئەلعوزما محەمەد باقر ئهلحەكیم و هەموو شەهیدانی عێراق و كوردستان و ههموو لایهكتان به خێر بێن.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.