Erbil 10°C یەکشەممە 22 کانونی یەکەم 21:21

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراق زه‌نگی مه‌ترسی بڵاوبوونه‌وه‌ی په‌تای کۆرۆنای لێدا

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ی عێراق رایگه‌یاند، عێراق چووه‌ته‌ قۆناغی مه‌ترسیدار له‌ په‌تای كۆرۆنا.

ریاز عه‌بدولئه‌میر حه‌لفی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ی عێراق، له‌ لیدوانێكدا بۆ ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵی عێراق رایگه‌یاند: "عێراق چووه‌ قۆناغی مه‌ترسیدار له‌ په‌تای كۆرۆنا".

ریاز عه‌بدولئه‌میر راشیگه‌یاند: "وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی چه‌ندینجار جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ دۆخی عێراق جیاواز نییه‌ له‌و وڵاتانه‌ی كه‌ ڤایرۆسه‌كه‌ به‌شێوه‌یه‌كی به‌ربڵاو تیایدا ته‌شه‌نه‌ی سه‌ندووه‌".

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ی عێراق گوتیشی: "پابه‌ندنه‌بوونی هاووڵاتییان بووه‌ هۆی به‌رزبوونه‌وه‌ی ژماره‌ی تووشبووان و گیانله‌ده‌ستدان به‌ ڤایرۆسه‌كه‌".

ریاز عه‌بدولئه‌میر حه‌لفی داوای له‌ هاووڵاتییان كرد پابه‌ندی رێنماییه‌كانی ته‌ندروستیی بن و گوتی: "پابه‌ندبوون به‌ رێنماییه‌كانی خۆپارێزی و به‌ستنی ماسك تاكه‌ چاره‌سه‌ری كاریگه‌ره‌ بۆ رێگه‌گرتن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ی زیاتری ڤایرۆسه‌كه‌".

ریاز عه‌بدولئه‌میر حه‌لفی ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد كه‌ جۆری نوێی ڤایرۆسی كۆرۆنا هیچ جیاوازییه‌كی له‌گه‌ڵ جۆره‌كه‌ی پێشوودا نییه‌، و پێویست به‌ جیاكردنه‌وه‌ی تووشبووان به‌ جۆری گۆڕاوای ڤایرۆسه‌كه‌ له‌گه‌ڵ تووشبووان به‌ جۆره‌ كۆنه‌كه‌ی ڤایرۆسه‌كه‌ ناكات و روونیكرده‌وه‌ كه‌ هه‌ردوو حاڵه‌ته‌كه‌ی تووشبوون به‌پێی هه‌مان پرۆتۆكۆل و رێككاره‌كانی ته‌ندروستیی مامه‌ڵه‌یان له‌گه‌ڵدا ده‌كرێت و پشكنینه‌كانیش له‌هه‌مان تاقیگه‌كاندا ده‌كرێن.

به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ته‌ندروستیی كۆمه‌ڵ له‌ وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی و ژینگه‌ی عێراق، ریاز عه‌بدولئه‌میر حه‌لفی راشیگه‌یاند كه‌ سه‌رجه‌م پێدوایستییه‌ ته‌ندروستیی و خۆپارێزییه‌كانیان له‌به‌رده‌ستدا هه‌یه‌.

عێراق

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.