سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان له‌باره‌ی بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه رایگه‌یاند: لای خۆمانەوە چاودێریی ئەو پرسە دەکەین، دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.
ڕاگه‌یه‌نراوێك له سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانه‌وه
ڕۆژی سێشه‌ممه 2021/2/16 بڕیاری دادگا بۆ سزادانی چەند ڕاگیراوێک نیگه‌رانى دروست کردووە، بەڵام ئەوە دوا بڕیار نییە. بەپێی یاسا، مافى سزادراوانه تانە لە بڕیاره‌كە بده‌ن، دادگای پێداچوونەوەش ئەرکیەتی بە پشتبەستن و ڕێزگرتن لە یاسا و مافەکانی مرۆڤ و مافی یاسایی‌ی سکاڵالێکراو و سکاڵاکار، بە کەیسه‌كه‌دا بچێتەوە تا هەمووان هەست بکەن وەک یەک مافیان پارێزراوە.
لای خۆمانەوە چاودێریی ئەو پرسە دەکەین، جەخت لە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە سەربەخۆییی بڕیاری دادگا و لە پرەنسیپەکانی مافی مرۆڤ دەکەینەوە. دەبێت یاسا سەروەر بێت و هیچ لایەن و کەسێک مافی دەستوەردانیان لە کاروباری دادگادا نییە.
گەلی كوردستان هه‌رگیز پاشەکشە لە ئازادی ناكات، ڕێگەش نادرێت ئازادى بۆ لەباربردنی خودی ئازادی، خراپ بەکار بهێنرێت. پاراستن و چەسپاندن و پەرەپێدانی ئازادی و دیموکراسی، بریتییه له سەروەریی یاسا و سەربەخۆییی دادگا، سەربەخۆییی دادگاش لە چۆنیەتیی کاری دادگا و دادوەرانەوە دەبینرێت. دادگا و دادوەرانى به‌ڕێز دەبێت شکۆی سەربەخۆییى خۆیان لەپێناو سه‌روه‌ریى یاسادا بپارێزن، تا شکۆی مرۆڤ و شکۆی وڵات لە سایەی شکۆی یاسادا پارێزراو بێت.
داوا لە هه‌موو لایەك دەکەم لەگەڵ ماف و ئازادییان لە ڕەخنەگرتن و له دروستکردنی فشاری مەدەنیانە بەرانبەر هەر بڕیارێک، كارێكى وا نه‌كه‌ن بێمتمانەیی بە دادگا و یاسا و هەرچی دامودەزگایە دروست بکرێت، چونکە بێمتمانەیی بە سه‌روه‌ریى یاسا، وا ده‌كات ئیتر کەس لە سەر و ژیان و کەرامەت و ماڵ و سامان و داهاتووی خۆى، دڵنیا نه‌بێت. با ڕەخنە و کارەکانمان بۆ باشترکردن و سەروەرکردنی یاسا بێت، بۆ ڕووخاندنی متمانەی خەڵک نەبێت بە یاسا و دادگا و دامەزراوە فەرمییەکان.
نێچیرڤان بارزانى
سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان
2021/2/18
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.