جێگرى سەرۆکى پارتى دیموکراتى کوردستان بۆ یادى دامەزراندنى یەکێتیى قوتابیانى کوردستان پهیامێكی پیرۆزبایی بڵاوكردهوه رایگهیاند: گرنگە هەنگاوەکانى یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خێراتر و بەهێزتر بن هاوشانی پێشکەوتنی خێرا.
(٦٨)ەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان، لە بەڕێزان سکرتێر و ئەندامانی سکرتاریەت و هەڤاڵانی لیژنەی ڕاپەڕاندن و تێکڕای ئەندامانی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و قوتابیانی ئازیزی کوردستان پیرۆز دەکەم. هیواى بەردەوامى و سەرکەوتنیان بۆ دەخوازم.
یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خاوەنی مێژوویەکی پڕ لە سەروەرییە، وێڕای بەخشینی چەندین شەهیدی قارەمان بە گەل و نیشتمان، لانکەی پێگەیاندنی چەندین سەرکردە و تێکۆشەری دیاری گەلەکەمانە کە ڕۆڵی گرنگیان لە بزاڤی ڕزگاریخوازیماندا بینیوە.
یەکێتیی قوتابیانی کوردستان ئەرکی گرنگی نیشتمانی و پیشەیی لە ئەستۆیە، بەتایبەتیش لە پێگەیاندنی تاکی هۆشیار و کەسایەتیی سەنگینی پشتبەخۆبەستوو و کادیری دڵسۆز و کارمەندی لێهاتوو، هەروەها لە هاندان و پشتیوانیکردنی بەهرە و لێهاتوویی و توانای داهێنان لەنێو قوتابیانی کوردستاندا و دەکرێت ڕۆڵى هەبێت لە داڕشتن و گەشەپێدانی سیستمی خوێندن و پەروەردە و پێشکەوتنی کایەی زانستیدا.
گرنگە هەنگاوەکانى یەکێتیی قوتابیانی کوردستان خێراتر و بەهێزتر بن هاوشانی پێشکەوتنی خێرا و گەورەی سەردەم لە بواری زانست و خوێندن و پەروەردەدا و ڕۆڵی هەبێت لە بەهێزکردنی بنەماکانی لێبوردەیی و گیانی ئاشتیخوازانە و مرۆڤدۆستیدا، هاندەر بێت بۆ یەکڕیزى و تەبایى لەنێو لایەنە سیاسییەکان و پێکهاتەکانى کوردستاندا.
سڵاو لە گیانی پاکی شەهیدانى یەکێتیی قوتابیانی کوردستان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.
نێچیرڤان بارزانى
جێگرى سهرۆكى پارتى دیموكراتى كوردستان
١٨/٢/٢٠٢١
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.