Erbil 18°C ھەینی 27 کانونی یەکەم 11:31

قوباد تاڵه‌بانی: پارێزگای سلێمانی نه‌وتی پێویستی نییه‌ و ته‌نیا 11%ـی نه‌وتی هه‌رێمی کوردستان پێکده‌هێنێ

مانگانه‌ بۆ بودجه‌ی به‌كاربردن و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێویستی به‌ 400 ملیۆن دۆلاره‌
کوردستان TV
100%

جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت، سنووری پارێزگای سلێمانی نه‌وتی پێویستی نییه‌ و ته‌نیا 11%ـی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان پێك ده‌هێنێ و بۆ بوودجه‌ی به‌كاربردن و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانیشی مانگانه‌ پێویستی به‌ 400 ملیۆن دۆلاره‌.

قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، له‌ وه‌ڵامی هه‌وڵێك بۆ مامه‌ڵه‌ی راسته‌وخۆی به‌غدا له‌گه‌ڵ پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان به‌ رۆژنامه‌ی سه‌باحی راگه‌یاند: هه‌ندێك كه‌س له‌ هه‌ندێ پارێزگا ئه‌م پرسه‌یان ورووژاندووه‌، پرسیاره‌كه‌ی من ئه‌وه‌یه‌ ئایا حكومه‌تی ناوه‌ندیی ئاماده‌یه‌ پاره‌ بۆ یه‌ك پارێزگای هه‌رێمی كوردستان به‌شێوه‌ی راسته‌وخۆ بنێرێت.

هه‌روه‌ها جێگری سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌میانه‌ی گفتوگۆكه‌دا له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌كه‌ گوتی:  بۆ نموونه‌ پارێزگای سلێمانی به‌ بودجه‌ی به‌كاربردن و مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی پێویستی به‌ 400 ملیۆن دۆلاره‌، پرسیاره‌كه‌ ئه‌وه‌یه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندیی ئاماده‌یه‌ ئه‌و كاره‌ بكات، له‌كاتێكدا سنووره‌كه‌ نه‌وتی پێویستیشی نییه‌ و ته‌نیا 11%ـی نه‌وتی هه‌رێمی كوردستان له‌و سنووره‌یه‌، بۆیه‌ دیسان ئه‌و پرسیاره‌ ده‌كه‌مه‌وه‌ حكومه‌تی ناوه‌ندیی ئاماده‌یه‌ به‌و شێوه‌یه‌ راسته‌وخۆ پاره‌ بۆ سلێمانی بنێرێ.

قوباد تاڵه‌بانی گوتیشی:  ئێمه‌ نه‌وتمان بۆ ماوه‌ی 50 ساڵ نه‌فرۆشتووه‌، رێككه‌وتنی 50 ساڵه‌ له‌گه‌ڵ توركیا ته‌نیا بۆ هه‌نارده‌كردنی نه‌وته‌ له‌ رێگه‌ی بۆری نه‌وتی توركیا بۆ به‌نده‌ری جه‌یهان.

هه‌روها جێگری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان جه‌ختی كرده‌وه‌ كه‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یه‌ و هه‌موو پابه‌ندبوونه‌كانی خۆی جێبه‌جێ بكات، وه‌ك ناردنی 250 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ و ته‌نانه‌ت داهاتی نانه‌وتی له‌ ده‌روازه‌كانی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.