نێچیرڤان بارزانی رایگهیاند: چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، کلیلی ئارامی و سەقامگیریی ئێستا و داهاتووی عێراقە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە ١\٢\٢٠٢١ لە هەولێر بەڕێز نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەڕێز ستیڤن هیکی، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان، ڕۆڵی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی کوردستان، یارمەتیدانی بەریتانیا بۆ بەهێزکردنی دامەزراوەکان و پرۆسەی چاکسازی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دوایین هەنگاوەکانی گفتوگۆی هەولێر – بەغدا، پرسی بودجە و پشکی هەرێمی کوردستان، دۆخی ناوخۆی هەرێم، ڕێککەوتنی شەنگال، مەترسییەکانی تیرۆر و سەرهەڵدانەوەی داعش، هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق و پێشبینیی نەخشەی سیاسیی دوای هەڵبژاردنەکان، تاوتوێ کران.
نێچیرڤان بارزانی جەختی لە ئامادەیی و خواستی هەرێمی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی یەکجارەکیی تەواوی کێشەکان لەگەڵ بەغدا لەسەر بنەمای دەستوور و گرنگیی جێگیربوونی سیستمی فیدراڵی کردەوە و ئاماژەی بەوە دا کە چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ، کلیلی ئارامی و سەقامگیریی ئێستا و داهاتووی عێراقە.
لە کۆبوونەوەکەدا کە بەڕێز جەیمس سۆرنتن کونسولی گشتیی بەریتانیا لە هەولێر ئامادەی بوو، هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر گرنگیی جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شەنگال و گەیشتنی هەولێر و بەغدا بە ڕێککەوتن و چارەسەرکردنی کێشەکانیان.
هەروەها بەڕێز باڵیۆزی بەریتانیا ئامادەیی وڵاتەکەی بۆ بەردەوامیی هاوبەشی و پشتگیری لە عێراق و هەرێمی کوردستان، دووپات کردەوە.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.