فەرماندەیی پۆلیسی موسڵ رایگەیاند کە ھێزە ئەمنییەکان گۆڕێکی دیکەی بەکۆمەڵیان لە رۆژئاوای پارێزگای موسڵ دۆزیوەتەوە کە رووفاتی 400 کەسی لەخۆگرتووە و سەرجەمیان لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون.
لەمبارەیەوە ئەفسەر لە فەرماندەیی پۆلیسی نەینەوا، موقەدەم عەلی ئەعرەجی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاشکرایکردووە کە ھێزە ئەمنییەکان گۆڕێکی دیکەی کۆمەڵیان لە گوندی حەمیدات سەربە قەزای تەلەعفەر رۆژئاوای پارێزگای موسڵ دۆزیوەتەوە و رایگهیاند: گۆرە بە کۆمەڵەکە رووفاتی 400 کەس لە کارمەندان و دەستگیراوەکانی گرتووخانەی بادوش رۆژئاوای پارێزگای نەینەوای لەخۆگرتووە کە سەرجەمیان لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014دا، لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون.
موقەدەم عەلی ئەعرەجی باسی لەوەشکرد کە سەرجەم رووفاتەکانی نێو گۆڕە بەکۆمەڵەکە لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانەوە رادەستی بەشی پزیشکی دادوەریی مووسڵ کراون.
راشیگەیاند کە ئەمە دووەم گۆڕی بەکۆمەڵە کە لە میانی یەک مانگدا لە ناوچەکە بدۆزرێتەوە.
ئەمەیش لە کاتێکدا نووسینگەی مافەکانی مرۆڤ سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق تا ئێستا دۆزینەوەی 202 گۆڕی بە کۆمەڵی لە پارێزگاکانی نەینەوا، کەرکووک، سەڵاحەددین و ئەنبار بە بەڵگەکردووە کە سەرجەم رووفاتەکانی نێو ئەو گۆڕە بە کۆمەڵانە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە کوژراون.
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.