Erbil 9°C چوارشەممە 01 کانوونی دووەم 20:16

وه‌زاره‌تی شه‌هیدان لەحه‌ڤده‌هه‌مین ساڵیادی کرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌که‌ی یه‌کی شوباتدا ڕاگه‌یێندراوێکی بڵاوکرده‌وه‌

کوردستان TV
100%

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان، له حه‌ڤده‌هه‌مین ساڵیادی كرده‌وه‌ تیرۆریستیه‌كه‌ی یه‌كی شوباتدا، ڕاگه‌یاندراوێكی بڵاو كرده‌وه‌ و دووپات كراوه‌ته‌وه‌، خوێنى شەهیدان و قوربانییەکانی كاره‌ساته‌كه‌، بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کوردستان.

له‌ ڕاگه‌یاندراوی وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوانی حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستاندا، ئاماژه‌ به‌وه‌ كراوه‌، حه‌ڤده‌ ساڵ لەمەوبەر و لەڕۆژى یه‌كی شوباتى ساڵى 2004دا، تیرۆریستانى دوژمنى ئارامى و پێکەوە ژیان لە دوو کردەوەى خۆکوژیدا، كه‌ هەردوو لقى 2ى پارتى دیموکراتى کوردستان و مەڵبەندى 3ى یەکێتى نیشتیمانى کوردستان لە شارى هەولێرى پایتەختى هەرێمى کوردستان كرد به‌ ئامانج، 103 بەرپرسى حکوومى و سەرکردە و کادیر و پێشمەرگە و ئەندامانى هەردوو حزب و هاوڵاتییانیان شەهید کرد و ژمارەیەکى تریش بریندار بوون.

سه‌رنج خراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ش، كه‌ گەر چى تیرۆریستان بەو کارەیان ئامانجیان تێکدانى ئاشتى و گیانى لێبوردەیى و خۆشیەکانى جەژن بوو، بەڵام "خوێنى شەهیدان و قوربانییەکان بوونە هەوێنى زیاتر بەهێزکردنى گیانى پێکەوەژیان و تەبایى و یەکێتى ڕیزەکانى گەلى کوردستان، نەک هەرهێندە، بەڵکوو ئیرادەى بەرگرى و قارەمانێتى هێزی پێشمه‌رگه‌ لە کوردستان پاش چەند ساڵێک داستانى مەزنى لە ڕووبەڕووبونەوەى گەورەترین ڕێکخراوى تیرۆریستى تۆمارکرد و لە برى جیهان شەڕى تیرۆریستانى داعشى کرد، بە جۆرێک کە مرۆڤایەتى بە شانازییەوە ئاماژەى پێ دەکات.

وه‌زاره‌تی كاروباری شه‌هیدان، ئاماژه‌ به‌وه‌ش ده‌كا ، ئەمساڵیش کە یادى شەهیدانى ئەوکارەساتە دەکەینەوە لەگەڵ ناردنى دروود بۆ گیانى شەهیدانى کوردستان، گەل و حکوومەتى هەرێمى کوردستان شانازى بە ئاسایش و ئارامى کوردستان و خۆڕاگرى لە ئاست هەموو کارەسات و قەیرانەکان دەکات.

له‌ ڕاگه‌یاندراوه‌كه‌دا، ئاشكراش كراوه‌، گه‌رچى بەهۆى بارودۆخى تەندروستى و بە ئامانجى پاراستنى تەندروستیى کەسوکارى شەهیدەکان، ڕێوڕه‌سمی تایبەت بەو یادە رێک ناخرێت، بەڵام "بیرەوەریی شەهیدان بەرز و زیندوو ڕادەگرین و وەک هەمیشە خزمەتگوزارى کەسوکارى سەربەرزیان و تۆمارى سەروەرییەکانیانین".

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.