Erbil 9°C چوارشەممە 01 کانوونی دووەم 20:45

سه‌رۆکى هه‌رێمى کوردستان پێشوازى له‌ باڵۆزى نۆروێژ ده‌کات

کوردستان TV
100%

نێچيرڤان بارزانى له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا له‌گه‌ڵ خاتوو تۆن ئالێرس باڵيۆزى نۆروێژ له‌ عێراق، جه‌ختى له‌ پێويستيى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ هه‌رێمى كوردستان به‌ به‌رده‌واميى هاوكاريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى كرده‌وه‌ و سوپاسى يارمه‌تيى مرۆيى و هاوكارييه‌كانى نۆروێژى بۆ ئاواره‌ و په‌نابه‌ران كرد، باڵيۆزى نۆروێژيش پابه‌نديى وڵاته‌كه‌ى به‌ به‌رده‌واميى يارمه‌تيدانى مرۆيى بۆ عێراق و هه‌رێمى كوردستان دووپات كرده‌وه‌ و هه‌ردوولا هاوڕا بوون كه‌ بۆ تێكشكاندنى يه‌كجاره‌كيى داعش، عێراق و هه‌رێمى كوردستان هێشتا پێويستييان به‌ پشتگيريى كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى هه‌يه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌يه‌كدا كه‌ پاشنيوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ يه‌كشه‌ممه 2021/1/31‌ له‌ هه‌ولێر به‌ڕێوه‌ چوو، دۆخى ئاواره‌ و په‌نابه‌ران له‌ كه‌مپه‌كانى هه‌رێمى كوردستان، هه‌نگاوه‌كانى گفتوگۆى هه‌ولێر ـ به‌غدا بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانيان، ڕێككه‌وتنى حكوومه‌تى فيدرالى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان بۆ ئاساييكردنه‌وه‌ى دۆخى شه‌نگال، دۆخى ناوچه‌كانى مادده‌ى سه‌د و چلى ده‌ستوور، پرسى بودجه‌ى گشتيى عێراق و پشكى هه‌رێمى كوردستان، هه‌ڵبژاردنه‌كانى داهاتووى عێراق، كرده‌وه‌ تيرۆرستييه‌كانى ئه‌م دواييه‌‌ له‌ عێراق، سه‌رهه‌ڵدانه‌وه‌ى داعش و هۆكاره‌كانى، پێشهات و په‌ره‌سه‌ندنه‌كانى ناوچه‌كه‌ به‌گشتى تاوتوێ كران.

نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ ئاماده‌يى و خواستى هه‌رێمى كوردستان بۆ چاره‌سه‌ركردنى ته‌واوى كێشه‌كان له‌گه‌ڵ حكوومه‌تى فيدراڵى عێراق له‌سه‌ر بنه‌ماى ده‌ستوور و گرنگيى جێبه‌جێكردنى سيستمى فيدراڵى كرده‌وه كه‌ زامنى ئارامى و سه‌قامگيرى و پێكه‌وه‌ژيانى پێكهاته‌كانى عێراق ده‌بێت، هه‌روه‌ها له‌مباره‌يه‌وه‌ ڕۆڵى يارمه‌تيده‌رى نه‌ته‌وه‌ يه‌كگرتووه‌كان و كۆمه‌ڵگه‌ى نێوده‌وڵه‌تى به‌ گرنگ له‌ قه‌ڵه‌م دا.

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.