دواى ئەوەى پێگەی"Webometrics" كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی ئاستی زانكۆكان لە جیهاندا، تیایدا هەریەک لە زانکۆى (سلێمانی) و (سەڵاحەدین) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پێگەى بەرزتریان تۆمارکردوە، بۆ ئەم دەسکەوتەش، وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، لە پەیامێکدا دەستخۆشى لە ستافى زانکۆ و تەواوى مامۆستاو فەرمانبەر و قوتابیانى هەردوو زانکۆ کرد.
دەقى پەیامهكه
"بەڕێزان سەرۆک زانکۆکانى (سلێمانى) و (سەڵاحەدین) بەڕێزان ئەندامانى ئەنجومەنى زانکۆ بەڕێزان مامۆستاو فەرمانبەرو قوتابیانی خۆشەویست جێگەی دەستخۆشی و دڵخۆشیمانە بەپێى ئەنجامى نوێترین زانیاری پێگەی" Webometrics"ی ئیسپانی كە تایبەتە بە هەڵسەنگاندنی ئاستی زانكۆكان لە جیهانداو بەپێی ئەو ڕیزبەندییە نوێیەی كە لەساڵی 2021 دا بڵاویكردوەتەوە، زانكۆی (سلێمانی) و زانکۆى (سەڵاحەدین) لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان، پێگەى بەرزتریان لەنەخشەى ڕیزبەندى زانکۆکانى جیهاندا دەستەبەرکردەوەو لە پلەکانی پێشەوەدان، بەو بۆنەیەوە پر بەدڵ پیرۆزبایی لە ئێوەو سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەران و خوێندکاران و قوتابیانى ئازیزی زانکۆکانی سەڵاحەدین و سلێمانی دەکەم.
ئەم ئەنجامە ئەو ڕاستیە تەئکید دەکاتەوە کە سەرباری قەیران و کێشەو گرفتەکان، ستراتیژو روئیای وەزارەت و زانکۆکانمان بەر مەبنای نەخشە ڕێگەیەکی واقعی و زانستی ھەنگاو دەنێن، بۆ بەرزکردنەوەی تواناکانی وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەى زانستى و دامەزراوە ئەکادیمییەکانی بۆ سەر نەخشەی ئەکادیمیای ناوچەکەو جیھان.
لە کۆتایدا جارێکی تر پیرۆزبایی گەرم لە خۆمان و زانکۆی (سلێمانی) و (سەڵاحەدین) و کۆمەڵگەی ئەکادیمی کوردستان دەکەم. هەمیشەو شادو سەرکەتو بن."
د. ئارام محمد قادر وەزیرى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى
کۆمێنت (0)
تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.