Erbil 27°C ھەینی 20 ئەیلوول 07:33

فەرماندەیەکی پێشمەرگە باس لە یەکەم ساتی بەرگری کردن لە شاری ھەولێر دەکات

کوردستان TV
#7
100%

عقید سەید شکور گەورەدێی باس لە یەکەم ساتی بەرگری کردن لە شاری ھەولێر دەکات ده‌ڵێت: ئەو شەوە داعش ھەوڵی دا بە ئاراستەی شاری ھەولێر ھەنگاو بنێ، بەڵام دوای وەستاندنیان لەلایەن بەشێک لە ھێزە خۆڕاگرەکەی پێشمەرگە، پاشەکشەیان کرد، ئێمە لەو شەوە و چەندین شەو و ڕۆژیش دوای ئەوە ھیچ جۆرە فڕۆکەیەکمان نەدیت.


عقید سەید شکور گەورەدێی ده‌ڵێت: سەرەتای ھاتنی تیرۆریستانی داعش بۆ عێراق و شکستی گەورەی سوپای عێراق و دەستکەوتنی ئەو چەکە زۆر و پێشکەوتووە، سەرەتایەکی قورس بوو بۆ ھێزی پێشمەرگە تا لە ھونەری شەڕ لەگەڵ ئەم گرووپە نوێیە ڕابێت، پێشتر ئێمە چەندین جۆر شەڕی دیکە بەرۆکی گرتبووین بەڵام ئەمە جەنگە جیاواز بوو.

لەگەڵ ھاتنی داعش بۆ شاری موسڵ و کۆنتڕۆڵکردنی، ئێمە کە ئەو کاتە سوپای چواری زێرەڤانی و سوپای پێنجی چەند ھێزێکی دیکە جێگیر بووین، پێشبینی ئەم شەڕەش کرابوو.

داعش ئەو کاتە لە بەھێزیدا بوو چەندین جار بە ھەموو ڕێگەکان ھەوڵی گرتنی سەنگەرەکانیان لە (گۆگجەلی) و (علی ڕەش) کە دوو محوەری قورس بوون بە ئاراستەی شاری موسڵ تاقیکردەوە، ھاوکات ھەوڵیان دەدا ھەریەکە لە (حەمدانیە و بەرتللە) کە برامه سیحیەكان وشەبەک وكاكەیەكان لێ  نیشتەجێ بوون دەدا.

بەڵام سەرجەمی ئەو ھێرشانە لەلایەن پێشمەرگە قارەمانەکانەوە شکست پێ دەھێندرا، لە یەکێک لە شەڕانەدا برای بەڕێزم کاک (حسێن یەزدانپەنا) کە فەرماندەی ھێزێکی تێکۆشەری پارتی ئازادیی کوردستانی دەکرد، پێکەوە لەگەڵ ھێزەکانی سوپای چواری زێرەڤانی توانیمان دوو ھێرشی بەرنامە بۆ داڕێژڕاویان تێکبشێکنین کە ئەو کاتە نە فڕۆکە ھەبوو نە ھیچ جۆرە ھاوکارییەکیش ھەبوو، بە چەکی سادە و سانا، چەندان کوژراو
زەرەر و زیانیان ھەبوو کە بە شەڕەکانی (گۆگجەلی و علی ڕەش) ناسرا بوون.

عقید سەید شکور گەورەدێی گوتیشی: لە میحوەری خازر، کە یەکێک بوو لە فراوانترین میحوەرەکان و خاڵی بەھێزی داعش بوو بۆ نزیکبوونەوە لە ھەولێر، بە شاھێدی ئەو چەند ھەڤاڵەی پێکەوە بووین لە شەوی مەترسی لەسەر ھەولێر لە پێشی پێشەوە بووین کە ئەو کاتە سەنگەر ساز نەکرابوو، داعش لە بەھێزیدا بوو ترس لە دڵی خەڵکدا بوو ھەر زوو لەسەر فەرمان و ڕێنمایی سەرۆک مەسعود بارزانی کاک دکتۆر ڕۆژ نوری شاوەیس ھاتە میحوەرەکە، ھاوکات ھێزەکانی لەشکری تایبەت و گوڵان و ھێزی سەربەخۆ و ھتد..

بووینە ھاوکاری سەرەکی ڕاگرتنی داعش بە ئاراستەی ھەولێر، ئەو شەوە داعش ھەوڵی دا بە ئاراستەی شاری ھەولێر ھەنگاو بنێ، بەڵام دوای وەستاندنیان لەلایەن بەشێک لە ھێزە خۆڕاگرەکەی پێشمەرگە پاشەکشەیان کرد ئێمە لەو شەوە و چەندین شەو و ڕۆژیش دوای ئەوە ھیچ جۆرە فڕۆکەیەکمان نەدیت، ئەوەی ھەبوو پێشمەرگە بە ھێز و توانای خۆی داعشی ڕاگرت.

ھەروەھا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە جەنابی سەرۆک بارزانی ئەو شەوە خۆی سەرپەرشتیاری سەرەکی و ئاگاداری ھەموو ڕووداوەکان بوو کە لەو میحوەرە و میحوەرەکانی دیکە ڕوویاندا.

سەبارەت بە میحوەرەکانی دیکەش برایانم لە پێشمەرگە و فەرماندە سەربازییەکان لە ھەموو سەنگەرەکان وجوودیان ھەبوو، ئەوانیش بە ھێز و بازووی خۆیان داعشیان لە ھەولێر دوورخستەوە.

ئەوەی دەمێنیتەوە نەیارانی کورد، ڕێگەی جۆراو جۆر تاقیدەکەنەوە بۆ کەم کردنەوەی بەھا گرنگ و نەتەوەییەکانمان بەڵام کاتێک شاھێدی حەقیقی ڕووداوەکان ماون و ڕۆڵ و قوربانیدانیان دیارە، شەرمەزاری و سەرشۆڕی بۆ ئەوانە دەمێنتەوە کە دەیانەوێ ڕۆڵی پێشمەرگە کەم بکەنەوە.

كوردستان TV

کوردستان

کۆمێنت (0)

تا ئێستا هیچ کۆمێنتێک نەکراوە.

وەڵام بدەوە وەک میوان

دەتەوێت ئاگانامەکان وەربگریت؟
بمێنەوە لەگەڵ نوێترین هەواڵ و ڕووداوەکانمان.